فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆماری ئیسلامی، یاریکردن بە کارتی داخستنی گەرووی هورمزەوە
سێشەممە ۲۵-۰۱-۱۴۰۵   |  14-04-2026

دانوستانەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ئیسلام‌ئابادی پایتەختی پاکستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خاکەلێوە تووشی شکست هات و بێ‌ئاکام کۆتایی پێ هات. ئەم دانوستانانە لەپاش ئاگربەستێکی لەرزۆک لە ململانێ و شەڕێکی چل ڕۆژەی نێوان دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوو، کە ئێوارەی سێشەممە ١٨ی خاکەلێوە، هاوڕێ لەگەڵ هەڕەشەکانی ترامپ، بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگەیەندرا. دانوستانەکانی ئیسلام‌ئاباد بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر چالاکییە ناوکییەکانی ڕژێمی ئیسلامی، دیاریکردنی چارەنووسی زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی ٦٠ لەسەد، کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و مەودای مووشەکەکان، دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی دیکە، پشتیوانینەکردن لە گرووپەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاوەمەت”، گەرووی هورمز و پرسە جێناکۆکەکانی دیکەی هەردوو لا ئەنجام درا.

لە درێژەی ئەو شەڕە ٤٠ ڕۆژەیەدا، کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی هاویشتنی مووشەکەوە بەرەو کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕین، بەکردەوە بووە هۆی داخستنی ئەم گەرووە و ڕاگرتنی هاتووچۆ تیایدا. بەستنی ئەم شاڕەگەی ژیان لە ناوچەی کەنداو، لە سەردەمێکدا کە سەرمایەداریی جیهانی باڵی بەسەر هەموو شوێنێکدا کێشاوە، بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی وزە و بەرزبوونەوەی بێ‌وێنەی نرخەکان لە سەرتاسەری جیهاندا. بەدوای شکستی دانوستانەکانی ئیسلام‌ئاباددا، ترامپ هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی کرد کە: “ئەگەر داواکارییەکانی ئەمریکا قبووڵ نەکرێت، ئێران دەخاتە ژێر گەمارۆی دەریاییەوە”.

شکستی دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا لە ئیسلام‌ئاباد، شتێکی پێشبینیکراو بوو. چونکە هەردوو لایەنی سەرەکیی ئەم جەنگە خۆیان بە براوەی شەڕەکە دەزانن. لەبەر ئەوەی ڕەوت و هاوسەنگیی هێز لە گۆڕەپانی شەڕەکەدا، لەگەڵ خواست و نێوەڕۆکی دەقی ١٥ خاڵیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، کە لە ڕاستیدا دەقێک بوو بۆ تەسلیمبوونی بێ‌چەندوچوونی کۆماری ئیسلامی، یەکی نەدەگرتەوە. لەم شەڕە چل ڕۆژەیەدا، ترامپ نەگەیشتە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی. ئەم شەڕە کە بڕیار بوو زلهێزیی ئەمریکا بە جیهان نیشان بدات، بەکردەوە لاوازی و سنوورداربوونی هێزی ئەمریکای دەرخست و سەرلێشێواویی ئەمریکای لە گۆڕەپانی ستراتیژیدا خستە ڕوو. سەرباری ئەمانەش، ترامپ دان بەم شکست و ناکامییە سیاسییەدا نانێت و خۆی بە براوەی شەڕ دەزانێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا نەیتوانی لەم شەڕەدا دەوڵەتانی ئورووپایی و ئەندامانی دیکەی ناتۆ لەگەڵ خۆی هاوڕا بکات. سەرەڕای ئەوەش، لە ئاستی جیهانی و بەتایبەتی لە ناوخۆی ئەمریکاشدا، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتیی ڕای گشتی و بزووتنەوەی دژەجەنگ بووەتەوە و لە هەموو لایەکەوە خراوەتە ژێر گوشارەوە. بێگومان لە ئەگەری درێژە و پەرەسەندنی شەڕدا، بزووتنەوەی دژەجەنگ لە ئەمریکا دەتوانێت درز بخاتە نێو بزووتنەوەی ماگا (مەزنایەتی بۆ ئەمریکا بگەڕێنینەوە) و دەوڵەتی ترامپ بخاتە پێگەیەکی لاوازترەوە.

لە لایەکی دیکەوە، دەقە دە خاڵییەکەی کۆماری ئیسلامی و مەرجەکانی بۆ دانوستان، هیچ گونجان و هاوسەنگییەکی لەگەڵ پێگە یەکجار قەیراناوییەکەی، ئەو زەبرە قورسانەی کە ڕژێم لەم شەڕەدا بەری کەوتووە، ئابوورییە لەلێواری‌داڕمانەکەی، تووڕەیی و بێزاریی جەماوەر، سنوورداربوونی توانای سەربازییەکەی و هتد… نییە. لە هەلومەرجی ئێستادا، هەرچەندە ڕژێمی ئیسلامی بە بەکارهێنانی کارتی داخستنی گەرووی هورمز و لەئاکامدا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز، کاریگەریی خستووەتە سەر بازاڕ و ئابووریی جیهان و دەوڵەتی ترامپیشی خستووەتە ژێر گوشارەوە، بەڵام هێشتا لە پێگەیەکدا نییە کە بتوانێت مەرجەکانی خۆی سەبارەت بە درێژەدان بە بەرنامە ناوکییەکەی، هێشتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی سەرووی ٦٠ لەسەد، بەردەوامیدان بە بەرنامە مووشەکییەکان، کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز لەژێر سیاسەتی نوێدا، ئازادکردنی تەواوەتیی سەروەتە دەستبەسەرداگیراوەکان، چارەسەرکردنی قەیرانی شەڕ لە لوبنان و هتد… بەسەر لایەنی بەرامبەردا بسەپێنێت.

لە هەلومەرجێکی لەم چەشنەدا، یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە بە نێوەندگیریی دەوڵەتانی پاکستان، تورکیا و میسر، ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە کە ئێستا هەفتەیەکی تێپەڕیوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی خولێکی دیکە لە دانوستانەکان درێژ بکرێتەوە و دۆخی “نە شەڕ نە ئاشتی” بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت. بێگومان هەلومەرجێکی واش بە زیانی کۆماری ئیسلامی تەواو دەبێت و سەرەڕای فیز و لافلێدانی فەرماندەکانی سوپای پاسداران، ڕژێم لەژێر گوشاری لێکەوتەکانی ئابوورییەکی یەکجار قەیراناوی و لەلێواری‌داڕمان و توندتربوونەوەی گەمارۆکاندا دەبێت. دیارە ترامپیش سەرەڕای ئەوەی بە تۆنێکی زۆر هەڕەشەئامێزەوە ڕایگەیاندبوو کە لە ئەگەری نەکردنەوەی گەرووی هورمزدا شەڕەکە دەخاتە قۆناغی کۆتاییەوە؛ تەواوی پردە ستراتیژییەکان و وێستگەکانی کارەبا وێران دەکات و بە گوتەی خۆی “ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی بەردین”، بەڵام نایەوێت شەڕەکە بەم شێوەیەی ئێستا درێژە پێ بدات. دەوڵەتی ترامپ لە ئەگەرێکدا کە نەتوانێت ئەندامانی دیکەی ناتۆ پەلکێشی ئەم شەڕە بکات، هەوڵ دەدات لەڕێگەی گەمارۆی دەریایی ئێران و ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت و بارکردنی کەشتییەکانەوە، گوشاری ئابووریی سەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی چڕتر بکاتەوە و ناچاری بکات بە کردنەوەی گەرووی هورمز. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەڵگیرسانەوە و فراوانبوونی شەڕەکە هێشتا مەترسییەکی جددی و ئەگەرێکی ڕاستەقینەیە.

ڕوون و ئاشکرایە لەم بارودۆخەدا لێکەوتەکانی گەمارۆکان، باری بژێوی و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەتی کۆمەڵگا زیاتر لە جاران بەرەو هەڵدێری هەژاری و برسیەتی ڕادەکێشێت. بۆیە کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕ و کەشوهەوای جەنگی، دەرفەتێکی لەبارتر بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەڕەخسێنێت، تاوەکوو بە تێپەڕاندنی ماندوویەتی و شەکەتیی سەردەمی شەڕ، خەبات و تێکۆشانی خۆیان دەست پێ بکەنەوە و بە وەرگرتنی دەرس و ئەزموون لە ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی هەشت ساڵی ڕابردوو، ڕێکخراوتر، هۆشیارانەتر و بە بەرنامەترەوە بێنە مەیدانی خەباتەوە.