فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆماری ئیسلامی؛ تەقەلا بۆ «سازشێکی ئابڕوومەندانە» لەژێر گوشاری هەڕەشە جەنگییەکانی ئەمریکادا
سێشەممە ۱۴-۱۱-۱۴۰۴   |  03-02-2026

بەدوای کوشتار و کۆمەڵکوژیی سامناکی هەزاران کەس لە ناڕازییان بە دەستی دەزگای سەرکوت و کوشتاری ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا، که بە تاوانی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی هەژاری، برسیەتی، هەڵاوسان، گرانی و جیاکاری و نایەکسانی ڕژابوونە سەر شەقامەکان، عەلی خامنەیی ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندان جارێکی دیکە بێ‌شەرمانە مۆری پەسەندی لەم جەنایەتە دژە مرۆییانە دا و بەرگریی لێکرد. ناوبراو ئەمجارەش بە کۆمەڵێک قسەی پووچ و بێ‌بنەما، ڕاپەڕینی نوێی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی بە “نیمچە کودەتا” دژی کۆماری ئیسلامی ناوبرد و وەک هەمیشە بە هەوڵی دەزگا سیخوڕییەکانی “مۆساد” و “سی ئای ئەی”ی وەسفی کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ناڕەزایەتییەکان سەرکوت کراون. هەڵبەت ئەم چەواشەکارییەی خامنەیی سەبارەت بە کوشتاری هەزاران هاووڵاتی، بە پچڕاندنی ئینتەرنێت لەلایەن ڕژیمەوە بەر لە دەستپێکردنی کوشتارەکە و وەرگرتنی پارەی گولـلە لە بنەماڵەی گیانبەختکردووان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئازیزانیان، دەرکەوت و ئاشکرا بوو.

مەبەستی خامنەیی لەم وتارە کە بە بیانووی “دەهەی فەجر” پێشکەشی کرد، لە هەمان کاتدا کە دەربڕی ترس و نیگەرانییە لە بەردەوامیی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک دژی دەسەڵاتی ئیسلامی، هاوکات هۆشدارێکیش بوو بە ئەمریکا سەبارەت بە هێرشی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی. ئەم هۆشدارە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی ئەمریکا دە کەشتیی جەنگیی لە ئاوەکانی دەریای عومان و نزیک سنوورە ئاوییەکانی ئێران جێگیر کردووە و درێژە بە هەڕەشەکانی دەدات. ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندان، ترامپ ئاشکرای کرد کە: “کۆماری ئیسلامی لە حاڵی گفتوگۆی جیددی دایە لەگەڵمان”. ناوبراو هەڕەشەی کرد کە “دەبینین ئایا دەتوانین بگەینە ڕێککەوتن یاخود نا؟ لە ئەگەری پێچەوانەدا دەبینین کە چی ڕوو دەدات”. هۆشدار و هەڕەشەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ترامپ سەبارەت بە پێویستیی هاتنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مێزی دانوستان و تەسلیمبوون بەو مەرجانەی کە ئەو دیاری کردوون، خامنەیی و کاربەدەستانی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ناچار بە ڕۆیشتن بۆ سەر مێزی دانوستان کردووە.

عەلی خامنەیی کە ئەمجارە هەڕەشەی هێرشی سەربازیی ترامپی بە جیددی وەرگرتووە، لە وەڵامی ئەودا بە پارێزەوە و لە جیاتی ئەڵقابی سووکایەتی‌پێکەری پێشوو، ترامپی بە “ئەم ئاغایە” ناو برد و وتی: “ئەم ئاغایە بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە کەشتیی جەنگیمان هێناوە و چی و چی. نابێ نەتەوەی ئێران لەم شتانە بترسێنن. لە ڕابردووشدا ئەمریکا بەردەوام لە قسەکانیاندا هەڕەشەیان دەکرد کە هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن. ئەمە واتە شەڕ. ئەمریکا دەبێ بزانێت ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئێران، شەڕەکە دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی”. واتە ئەگەر ئەمریکا هێرشمان بکاتە سەر، ئێمەش هێرشی مووشەکی دەکەینە سەر وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت لە ناوچەی کەنداو.

هەڵبەت خامنەیی دەزانێت کە لە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکادا، کارێکی ئەوتۆی لەدەست نایەت. چونکە ئێستا کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین پێگەی خۆیدایە و ناتوانێت خۆی لە دانوستانی زیللەت‌بار لەگەڵ ئەمریکا بدزێتەوە. چونکە، یەکەم: قەیرانی ئابووریی ڕژیم زیاتر لە جاران پەرەی سەندووە و گەیشتووەتە مایەپووچیی تەواو. دووەم: هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاوەمەت”ی لێک هەڵوەشاوەتەوە و نەک تەنیا لە لوبنان و سووریا، بەڵکوو لە عێراقیشدا لە دۆخێکی گەلێک لاوازتردان. تا ئەو ڕادەیەی ئەگەر کۆماری ئیسلامی جاران لە عێراقدا خاوەنی ئەو دەسەڵاتە بوو کە سەرۆک وەزیرانی دیاری دەکرد و دەیتوانی کەسێکی گەندەڵی وەک “نووری مالیکی” سەرەڕای دۆڕاندن لە هەڵبژاردنە کز و لاوازەکاندا لەسەر کورسیی دەسەڵات دابنێت، ئێستا کاندیدبوونی هەمان کەس بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، تەنیا بە پەیامێکی ترامپ تووشی کێشەی جیددی بووەتەوە. سێیەم ئەوەی کە حەوتووی ڕابردوو ئەنجومەنی یەکێتیی ئەورووپا بە تێکڕای دەنگ، سپای پاسدارانی ڕژیمی خستە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی خۆیەوە کە لێکەوتە و دەرهاویشتە سیاسی و ئابوورییە نەرێنییەکانی بۆ ڕژیم گەلێک زۆر دەبن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئێستا کۆماری ئیسلامی ناچار بووە پێش کۆتایی هاتنی ئەو وادەیەی کە ترامپ بۆی دیاری کردبوو، بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا. ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران، سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی، گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە خەستیی بەرز بۆ دەرەوە و بڕینی دەستی ڕژیم لە پشتیوانیی گرووپە تیرۆریستییەکانی “میحوەری موقاوەمەت”، لە ڕیزی ئەو مەرجانەدان کە ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن دایناون. لە دۆخێکی ئاوادا کاربەدەستانی ڕژیم کەوتوونەتە پەلەقاژە تا بە پەنابردن بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، هەلومەرجێک بڕەخسێنن کە بە قەولی خۆیان دانوستانێکی “ئابڕوومەندانە”یان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت.

لەم پەیوەندییەدا میسر ڕایگەیاند کە شەوی شەممە عەبدولفەتاح سیسی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە پزیشکیانەوە پێ گەیشتووە. لەم پەیوەندییەدا پزیشکیان بە سیسیی وتووە کە کۆماری ئیسلامی بە هیچ جۆرێک بەدوای شەڕدا نییە و داوای لێکردووە تا ڕێگری بکات لە پەرەسەندنی قەیران و شەڕ لە لایەن ئەمریکاوە لە ناوچەکەدا. عەباس عێراقچی‌ش کە بە مەبەستی پەنابردن بۆ ئەردۆغان بۆ نێوەندگیری ڕەوانەی تورکیا کرا، ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندان وتی: “کۆماری ئیسلامی ئامادەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆیە لەگەڵ ئەمریکا”؛ عەلی لاریجانی‌ش کە هەر بەم مەبەستە ڕەوانەی ڕووسیا کرا، لە تۆڕی “ئێکس”ی خۆیدا نووسیویەتی بە پێچەوانەی ئەو کەشە جەنگییەی دروست کراوە، دانوستانەکانی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لە حاڵی بەرەوپێشچووندایە؛ وەزیری دەرەوەی قەتەریش لە سەردانێکی چەند کاتژمێریدا بۆ تاران، پەیامی هەڕەشەئامێزی ترامپی گەیاندە دەست کۆماری ئیسلامی.

لە لایەکی دیکەوە و بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندان قالیباف لە مەجلیسی شورای ڕژیمدا لە شانۆیەکی گاڵتەجاڕانەدا بە لەبەرکردنی جلی سەربازی لەگەڵ نوێنەرانی دیکە، وێڕای دانی دروشمی “مەرگ بۆ ئەمریکا – مەرگ بۆ ئیسرائیل”، ئەرتەشی ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپای خستە لیستی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامییەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، مەترسیی شەڕی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هەروا باڵی بەسەر خەڵکی ستەملێکراوی ئێراندا کێشاوە. ڕوون و ئاشکرایە بە هەڵگیرسانی هەر جۆرە شەڕێک لە پلەی یەکەمدا کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش زیانیان پێ دەگات و دەکەونە تەنگژەی زیاترەوە؛ بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنە کرێکارییەکانیش لەژێر کاریگەریی شەڕدا تووشی ڕوکوود و وەستان دەبن. ئەم شەڕە، شەڕی کرێکاران و خەڵکی ئێران نییە و دەبێ لە بەرامبەریدا ڕاوەستین، ناڕەزایەتیی دەرببڕین و لە هەمان کاتدا بە گوڕوتێندان بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی چڕتر بکەینەوە. تەنیا بە پەلەکردن و پەرەپێدانی هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دەتوانرێت خەڵکی ئێران و ناوچەکە لە شەڕی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە ڕزگار بکرێن، هەوڵی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژوا و ڕاستڕەوەکان بۆ ئاڵتەرناتیڤ‌سازی لە سەرووی خەڵکەوە پووچەڵ بکرێتەوە و لە بەرامبەر نەزمی ناوچەیی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئاسۆیەکی ڕوون لە بەردەم کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکرێتەوە.