
ڕۆژی شەممە ٢٣ی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤ گفتوگۆی نێوان نوێنەرانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوە دەچێت. سەرەڕای جەختکردنەوەی بەردەوامی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ناڕاستەوخۆ بوونی گفتوگۆکان، کۆبوونەوەی نوێنەرانی ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئەوجۆرەی “بەدی ئەلبوسەیدی” وەزیری دەرەوەی عومان لە وڵام بە پرسیاری هەواڵنێران ڕوونی کردەوە، گفتوگۆکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ دەبێت و ناوبراو خۆی وەک نێوبژیکەر لەم گفتوگۆیانەدا بەشدار دەبێت. بەڵام سەرەڕای ئەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەرکدار کراون کە لەسەر ناڕاستەوخۆ بوونی دانوستان جەخت بکەنەوە و تەنانەت لە بڵاوکردنەوەی وێنەی ناو ساڵۆنی گفتوگۆ و لە نیشاندانی وێنەی ڕووبەڕووبوونەوەی عێراقچی لەگەڵ ئێستیو ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا لە کۆبوونەوەکە، خۆببوێرن.
بڕیاری ترامپ بۆ مەجبوور کردنی خامنەیی بە ئەنجامدانی وەها گفتوگۆیەک لە ١٧ی ڕەشەممەدا ئاشکرا بوو. ئەو وتی، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی نووسیوە و ئەوی خستووەتە بەرامبەر دوو بژاردەی “بۆمبارانی نیزامی” یان “هاتنە سەر مێزی دانوستان”وە. لەو نامە هەڕەشەئامێزەدا، کە دوای پێنج ڕۆژ بە هۆی ڕەتکردنەوەی ڕووسیا لە گەیاندنی، لە لایەن “ئەنوەر قرقاش” ڕاوێژکاری دیپلۆماسی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە گەیشتە کۆماری ئیسلامی، ترامپ بە سووکایەتییەوە بەلانی زۆرەوە دوو مانگی مۆڵەت بە خامنەیی دا تا یەکێک لەم ڕێگایانە هەڵبژێرێت. بێجگەلە ئاماژەکانی ترامپ بە ناوەرۆکی ئەم دانوستانە، خامنەیی خۆشی لە ١٨ی ڕەشەممەدا دانی بەوە دانا کە: “دانوستان تەنها بە پرسی ئەتۆمی سنووردار نابێت، بەڵکوو ئەمە بۆ زاڵبوون بەسەر کۆماری ئیسلامی و بۆ داسەپاندنی خواستەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە. سەبارەت بە ئیمکاناتی بەرگری و توانا نێونەتەوەییەکانی ئێرانە. فڵان کار مەکەن، فڵان کەس مەبینن، مەودای مووشەکتان نابێ لەوەندە زیاتر بێت و هیتر”. لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا باقیی سەران و ڕێبەرانی ڕژیمی ئیسلامی بەتایبەت فەرماندەکانی سپای پاسداران بە هەڵیت و پڵیت و هەڕەشەی بێبنەما لەدژی ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕایانگەیاندووە کە ئامادەی شەڕ لەگەڵ ئەمریکان. بەدوای قسەکانی خامنەییدا ترامپ ئەمجارە هۆشداری بە کۆماری ئیسلامی دا کە “هەرچی زووتر” دەبێ وڵام بدەنەوە ئەگەرنا بۆمباران دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە ناردنی کشتیی جەنگی و بۆمب هاوێژی مۆدێرن و بەهێزی ئەمریکا بۆ ناوچەی کەنداو و ئۆقیانووسی هێند، نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا خەریکە خۆی بۆ داگیرساندنی شەڕێکی جنایەتکارانەی بەرینی دیکە لە ناوچەکە ئامادە دەکات. پەرەپێدانی سزای زیاتر دژبە ژمارەیەکی دیکە لە کۆمپانی و کەسایەتی و ناوەندەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لەم ماوەیەدا و بانگکردنی نەتانیاهۆی شەڕخواز بۆ کۆشکی سپی لە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی مانگی خاکەلێوە و سپاردنی هیدایەتی شەڕی ئەمریکا لەدژی کۆماری ئیسلامی بە ناوبراو، چەند نموونەیەکی دیکە لەو هەوڵانەن کە ئەمریکا بۆ تەسلیمکردنی بێ شەرت و مەرجی کۆماری ئیسلامی لە گفتوگۆکاندا ئەنجامی داوە. لە هەلومەرجێکی لەو جۆرەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە لە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکادا، مۆسکۆ هیچ ئەرکێکی نییە کە هاوکاری کۆماری ئیسلامی بکات.
ئەم کردەوانە لە لایەن ئەمریکاوە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی بە دەستی بەتاڵ هاتۆتە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و هاوسەنگی هێز لە نێوان لایەنەکانی ئەم دانوستانانەدا بەتەواو مانا بە زیانی کۆماری ئیسلامییە. کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دێتە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کە چیتر “میحوەری موقاومەت” و ڕێگای هیلالی شیعە بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ حیزبوڵڵا، جیهادی ئیسلامی، حەماس و هیتر بوونی نییە، تا سات و سەودایان پێکەوە بکات و لەم ڕێگەوە ئیمتیاز بەدەست بێنێت. دەوڵەتی بەشار ئەسەد هاوپەیمانی ستراتێژیکی کۆماری ئیسلامی لە سووریا و دەسەڵاتی حیزبوڵڵا لە لۆبنان هەڵوەشانەوە، لە ناوەوەی عێراق حیزب و لایەنە شیعەکانی سەربە ڕژیم تووشی ناکۆکی و تەفرەقە بوون، لەگەڵ دەستپێکی تێکەڵبوونی حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەرتەشی عێراق مەوجوودییەتی ئەم ڕێکخراوە کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە. ئەنساروڵڵای یەمەن و حوسییەکانیش لە ژێر زەربە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا ناچارن پێداچوونەوە بەسەر ستراتێژی مانەوەیاندا بکەن. وە لە هەموو ئەوانەش گرینگتر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوەوەی ئێرانیشدا لەگەڵ داڕمانی ئابووری و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتن و ئیعترازاتی کرێکاری و جەماوەری بەرەوڕووە. ئەگەرچی هەموو بەستێنەکانی تەسلیمبوونی کۆماری ئیسلامی ئامادەن، بەڵام نابێ مەترسی داگیرسانی شەڕ لەبەرچاو نەگرین. هەم کۆماری ئیسلامی و هەم دەوڵەتی ئەمریکا و ئیسرائیل پۆتانسیەلی ماجەراجوویی نیزامییان هەیە.
لە وەها بارودۆخێکدا تەنیا کارتێک کە کۆماری ئیسلامی دەتوانێ لەسەر مێزی دانوستان هەیبێت بەرنامەی ئەتۆمی و ڕێژەی بەرزی ئۆرانیۆمی پیتێندراوە. کە بووەتە مەترسییەک بۆ داگیرسانی شەڕ. بەپێی ڕاپۆرتی نهێنیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، کۆماری ئیسلامی هەتا ٨ی فێوریەی ئەمساڵ ٢٧٥ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ٦٠% لە ئیختیاردا بووە کە لەچاو مانگی نوامبری ٢٠٢٤، ٩٢ کیلۆ زیادی کردووە. هەروەها ئەم ڕاپۆرتە لەسەر ئەوە تەئکید دەکات کە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ سانتریفیوژە پێشکەوتووەکانی زیاد بکات. ئەم کردەوانە لەگەڵ ئیدعای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی واتە ئاشتیخوازانە بوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان یەک ناگرێتەوە و هەتا ئێستا هیچ پاساوێکیشیان بۆ نەهێناوەتوە.
کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا وەها هەزینەیەکی یەکجار زۆر لە بژێوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەکاتە خەرجی پڕۆژە ئەتۆمییەکانی، کە عەلی خامنەیی ئاکامی ئەم هەوڵانە واتە گەمارۆکان بە دەرفەت دەزانێت. بەڵام سەرۆکی پێشووی بانکی مەرکەزیی ڕژیم لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دانی بەوە دانا کە تێچووی گەمارۆکان بۆ وڵات هەتا ئێستا ساڵانە لانیکەم ٥٠ ملیارد دۆلار بووە. لە کاتێکدایە کە گەمارۆکان بۆ مافیای دەسەڵات بووەتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی لەم ڕێگەوە ساڵانە سەدان ملیارد دۆلار بەدەست بێنن، دووکەڵی ئەم گەمارۆیانە ئەساسەن چووەتە ناو چاوی کرێکاران و بەشمەینەتانی کۆمەڵگاوە. پێداگریی کۆماری ئیسلامی لەسەر درێژەی بەرنامەی ئەتۆمی دەتوانێ بیانوویەک بێت بۆ داگیرسانی شەڕ کە کرێکاران و خەڵکی ئێران و ناوچەکە بەر لە هەمووان دەکاتە قوربانی. ئەمجارە پێناچێت کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا بێت کە وەک ڕابردوو بتوانێ بە فریو و فێڵ، بە وەدواخستنی وڵامدانەوە بە بەڵێنەکان یان بە دانی ئیمتیازاتێک، لە چنگ ئەمریکا دەربازی بێت. کۆماری ئیسلامی بێجگەلە تەسلیمبوونی بێ شەرت و مەرج ڕێگایەکی تری لە پێش نییە. بەڵام ئەم تەسلیبوونە کۆماری ئیسلامی لە ڕووخان نزیکتر دەکاتەوە.
تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەمریکا بە مانای شکستی ستراتێژی ئەتۆمی بۆ زەمانەت کردنی مانەوەی ئەم ڕژیمە دەبێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە زیاتر لە چوار دەیەیە لە ڕوانگەیەکی کۆنەپەرستانەوە دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا و مەرگ بۆ ئیسرائیلی کردووەتە بەشێک لە پێناسەی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی خۆی، وە بە سەرمایەگوزاریی بەرین لە پڕۆژەی ئەتۆمی، شکڵدان بە هێزەکانی “میحوەری موقاومەت” و بە دەستوەردانی نیزامی لە ناوەندەکانی قەیرانی ناوچەکە، بووەتە فاکتۆرێکی گرینگ لە گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەنباری چەکی ئەمریکا، بە تەسلیمبوونی لە بەرامبەر ئەمریکادا، کۆتایی بەم قۆناغە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆنەپەرستانە دەهێنێت. بە تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەمریکا، بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لە کۆمەڵگا ئاراستەیەکی هێرشبەرانەتر دەگرنە بەر. خۆبەدەستەوەدانی کۆماری ئیسلامی و شکستی بەرەنگاربوونەوەی دژەئەمریکایی بە ناوەرۆکی کۆنەپەرستانە، خەبات و تێکۆشانی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و ناوچەکە لەدژی ڕژیمە کۆنەپەرستە سەرمایەدارییەکان و لەدژی دەسەڵاتی ئیمپریالیستی ئەمریکا دەخاتە قۆناغێکی نوێوە. خەبات دژبە ئیمپریالیسمی ئەمریکا لە خەبات دژبە کۆماری ئیسلامی و سەرمایەداری جیا نییە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn