ڕۆژنامەی تایمز کە لە لەندەن بڵاودەبێتەوە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە “کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن پۆندی بەخشیوە بە حەماس”.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەم ڕۆژنامەیەدا کە لە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بڵاوبووەتەوە، پشت بەو نامە و بەڵگەنامانە بەستراوە کە کەوتوونەتە دەست دەوڵەتی ئیسرائیل.
لە یەکێک لەو نامانەدا، لیستی پارەدان لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠٢٠ بۆ ئەبو ئیبڕاهیم کە بە “یەحیا سەنوار” ناسراوە، خراوەتەڕوو. لە نامەیەکی دیکەدا “مەروان عیسا” یەکێک لە فەرماندەکانی گرووپی حەماس کە لەم دواییانەدا کوژرا و نامەکەی بە ناوی “ئەبولبرا” واژۆ کردووە، وەرگرتنی لانیکەم ٢٢٢ ملیۆن پۆندی لەلایەن کۆماری ئیسلامی، پشتڕاست کردووەتەوە.
لەو بەڵگەنامانەدا ئاماژە بە ناوی “محەممەدڕەزا زاهیدی”، فەرماندەی باڵای هێزی قودسی سپای پاسداران کراوە کە لە هێرش بۆ سەر باڵەخانەی کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامی لە دەمیشق کوژرا. لەم بەڵگەنامانەدا وەک کەسێک باسی لێکراوە کە لە یارمەتیدانی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین ڕۆڵی هەبووە.