فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆماری ئیسلامی زیندانیان دەکاتە قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی خۆی
چوارشەممە ۱۳-۱۲-۱۴۰۴   |  04-03-2026

لە ئاکامی ئەو شەڕەی کە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە هەڵگیرساوە، تا ئێستا زۆرێک لە ناوەندە سەربازی، ئەمنی و حکوومەتییەکانی ڕژیمی ئیسلامی تێکشکێنراون. لەبەر ئەوەی حکوومەتی ئیسلامی بەشێکی زۆر لە دامودەزگا حکوومەتییەکانی لە نێو شار و گوندەکاندا جێگیر کردووە، لە ئاکامدا ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە زیان و قوربانییەکی زۆریشی بە خەڵکی ئاسایی لە شارەکانی ئێران گەیاندووە و سەدان کەس گیانیان لەدەست داوە. هەندێک لە ناوچە نیشتەجێبووەکانی تاران و شارە گەورەکانی دیکە بەهۆی ئەم شەڕەوە وێران بوون و زۆرێک لە خەڵک ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە. لەم نێوەدا هەواڵی نیگەرانکەر سەبارەت بە دۆخ و چارەنووسی دەیان و سەدان هەزار زیندانی لە بەندیخانەی شارەکانی ئێران بڵاو دەبێتەوە.

لە دۆخێکی وەهادا، ڕژیمی جنایەتکاری ئیسلامی کە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر زۆرێک لە دامەزراوە دەوڵەتی و حکوومەتییەکاندا لەدەست داوە، توانای بەڕێوەبردن و ڕاگەیشتن بە کاروباری زیندانەکانیشی نەماوە و تەنانەت لە دابینکردنی خۆراک و پێداویستییە ڕۆژانەکانی دیکەشیان بێتوانایە. لە لایەکی دیکەوە، هەواڵەکان باس لە هەوڵی جنایەتکارانەی ڕژیم دەکەن بۆ گواستنەوەی زیندانیان بۆ شوێنە هەستیارە حکوومەتییەکان و بەکارهێنانیان وەک “قەڵغانی مرۆیی”. لەوانە بەڕێوەبەرایەتیی زیندانە گەورەکانی وەک “ئێڤین” و زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) کە پادگانی “فەشافوویە”ش لە نزیکیەتی، تووشی قەیران بوون. بیستنی دەنگی تەقینەوە یەک لەدوای یەکەکان لە نزیکەوە، دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی زیندانیانی لە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر زیندانەکان چەند هێندە کردووە.

لە شارەکانی کوردستانیش بنکە و ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕژیم لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج. بەدوای بۆردومانی هەندێک لە ناوەندە سەربازی و ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی سنە، مەریوان، مەهاباد، بانە، سەردەشت، ئیلام، کرماشان و شارەکانی دیکەی کوردستان، نیگەرانییەکی زۆر سەبارەت بە چارەنووسی ئەو زیندانیانە دروست بووە کە لە گرتووخانەکانی نێو ئەم ناوەندانە یان لە دەوروبەریان ڕاگیراون. لە کاتێکدا میدیاکانی سەر بە دەسەڵات باس لە بۆردومانی “ئامانجە سەربازییەکان” دەکەن، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بەو ڕاستییە ناکەن کە لە ژێر یان لە تەنیشت زۆرێک لەم بینایانەدا، زیندان و گرتووخانەگەلێک بوونیان هەیە کە دەیان و سەدان مرۆڤی بێ‌دفاع، زیندانیانی سیاسی و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان تێیدا بە دیل گیراون. حکوومەتی ئیسلامی بە بەندکردن و ڕاگرتنی ئەم مرۆڤانە لە زیندانەکان یان گواستنەوەیان بۆ ناوەندە ئینتزامی و ئیدارییەکان و بەکارهێنانیان وەک قەڵغانی مرۆیی، یاری بە گیانیان دەکات.

ئەم شەڕە، شەڕی جەماوەر نییە. ئەم شەڕە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە کۆنەپەرستەکان و جەمسەرە سەرمایەدارییەکانە کە ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی تێچووی گیانی و ماڵییەکەی بەسەر ژیان و بژێویی چینی کرێکار، خەڵکی زەحمەتکێش، منداڵان، ژنان و زیندانیانی بێ‌دفاعدا سەپاندووە. زیندانیان و دەستبەسەرکراوان کە بەشێک لە قوربانیانی ڕاستەوخۆی ئەم شەڕە ئیرتیجاعی و جنایەتکارانەیەن، ئێستا لەبەردەم مەترسییەکی چەند هێندەدان. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بردنەپێشی ستراتیژیی مانەوەی خۆی، لە ڕێگەی پێداگری لەسەر درێژەدان بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکان؛ لە ڕێگەی ڕێکخستن و پڕچەککردنی هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاوەمەت”، زەمینەی هەڵگیرسانی شەڕێکی وەها جنایەتکارانەی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل خۆش کردووە. کۆماری ئیسلامی بۆ پێشخستنی ئەم ستراتیژییە سەدان ملیارد دۆلار تێچووی بەسەر سفرەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێراندا سەپاندووە و ژیان و بژێویی ٧٠ لە سەدی خەڵکی بۆ ژێر هێڵی هەژاری دابەزاندووە. ئەم ڕژیمە جنایەتکارە بۆ سەرکوتکردنی هەر چەشنە دەنگێکی ناڕەزایەتی لە ناوخۆدا، بیساتی لەسێدارەدان و تیرۆر، زیندان و ئەشکەنجەی بەرپا کردووە.

حکوومەتی ئیسلامی تەنیا لە ئاخێزی بەفرانباری ئەمساڵدا کە بە “ئاخێزی برسییەکان” ناوی دەرکرد، هەزاران کەسی کوشت و دەیان هەزار کەسی دەستگیر و زیندانی کرد، کە لە هەلومەرجی جەنگیی ئێستادا نە دەتوانێت ئەمنییەتیان دابین بکات و نە توانای دابینکردنی خواردن و خۆراک و پێداویستییەکانی دیکەیانی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی ئیسلامی بەرپرسە لە پاراستنی گیانیان و هەر چەشنە زیانێک بەم زیندانیانە، چ بە هۆی بۆردومان و چ بە هۆی بێ‌تەدبیری یان گواستنەوەیان بۆ شوێنەکانی دیکە وەک قەڵغانی مرۆیی و بە مەبەستی پاراستنی دامودەزگاکانی ڕژیم، وەک تاوانێکی ئاشکرا دژ بە مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێت. لە بارودۆخی ئێستادا، ئەم کردەوەیە دەتوانێت کارەساتێکی قەرەبوونەکراوەی بۆ زیندانیان لێ بکەوێتەوە.

هەڵوێستی حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان و ڕەوتە شۆڤێنیستە سەڵتەنەت‌خوازەکان و موجاهیدین، کە خۆیان لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی پەیوەست بە مەترسیی گیانیی زیندانیان و کوشتاری خەڵکی مەدەنی دەدزنەوە و لە جیاتی ئەوە تەرکیز دەخەنە سەر ئەو ئیدیعایەی کە گوایە کاری کۆماری ئیسلامی تەواوە و ڕژیم لە حاڵی مەرگ و ڕووخاندایە، بە هەڵوێستێکی نابەرپرسانە و بێ‌تەفاوەتی لەئاست سەلامەت و ئەمنییەتی زیندانیان دادەنرێت.

سەرباری هەموو ئەمانە، ئێستا کە گیانی زیندانیان کەوتووەتە بەر هەڕەشەی جیدی، خواستی ئازادیی دەستبەجێ و بێ‌مەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، پێویستی و ئەرکێکی مرۆیی و سیاسیی بەپەلەیە. ئێمە هاوکات لەگەڵ مەحکوومکردنی ئەم جەنگە کۆنەپەرستانەیە، جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەینەوە کە ڕێگای ڕزگاریی جەماوەر، نەک لە بازنەی جەنگ، بەڵکوو لە ڕێڕەوی هەوڵدان بۆ ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار، تێکۆشان بۆ پێکهاتنی ڕێبەرییەکی شۆڕشگێڕی سەرتاسەری، پەرەپێدانی شۆراکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و خەباتی ڕێکخراو بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی تێدەپەڕێت. دفاع لە ئازادیی زیندانیانی سیاسی، بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەباتی ئێمە دژی شەڕ و دژی ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی.

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv