فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆماری ئیسلامی لەسەر دووڕێیانی دانوستان یان شەڕدا
یەکشەممە ۲۶-۱۲-۱۴۰۳   |  16-03-2025

لە درێژەی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتە ژێئۆپۆلێتیکییەکانیدا، فشارەکانی ئەمریکا و دەسەڵاتە ئورووپاییەکان لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بۆ ڕاکێشانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مێزی دانوستان و تەسلیم کردنی، زیادی کردووە. بۆ نموونە دەوڵەتانی بریتانیا، ئاڵمان و فەڕانسە بەپێی ڕاپۆرتی ڕافائێل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی کە تێیدا باسی چوونەسەری ئاستی ئۆرانیۆنی پیتێندراوی ٦٠ لەسەدی و هاوکاری نەکردنی کۆماری ئیسلامی کراوە، بانگەوازیان بۆ بەڕێوەبرنی کۆبوونەوەی بەپەلەی شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوەی یەکگرتووەکان کرد. ئەم کۆبوونەوەیە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەممە بەشێوەی غەیرە عەلەنی بەڕێوەچوو. دەوڵەتە ئورووپاییەکان لە کۆبوونەوەی شۆرای حوکامیشدا، هەڕەشەیان لە کۆماری ئیسلامی کرد کە مێکانیزمی ماشە چالاک دەکەن و هەموو سزاکان دەگەڕێننەوە. هێنانەگۆڕی ئەم مەسەلەیە لە کۆبوونەوەی غەیرە عەلەنیی شۆرای ئەمنیەتدا هەنگاوێکە بەرەو چالاک کردنی ئەم مێکانیزمە.

هەر لەم پەیوەندەدا ترامپیش لە درێژەی داسەپاندنی ئەوپەڕی فشار بەسەر کۆماری ئیسلامی بە ناردنی نامەیەک بۆ خامنەیی لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەممەدا، ئەوی خستە بەرامبەر دوو بژاردەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا یان هێرشی نیزامی. ترامپ هەروەها هۆشداری دا کە ئەگەر تاران گفتوگۆ نەکات، واشینگتۆن بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەبێ کارێک بکات. ئەم نامەیە کە قەرار بوو لە ڕێگەی ڕووسیەوە بدرێ بە کۆماری ئیسلامی، دوای یەک هەفتە لەلایەن ڕاوێژکاری دیپلۆماتیکی سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە تاران ڕادەستی عەباس عێراقچی کرا تا بەدەستی خامنەیی بگەیەنێت.

وڵامی سەرباڵا و بێ پشتیوانەی خامنەی بە دەوڵەتانی ئورووپایی و ئەمریکا، تەنانەت بۆ مەبەستی ناوخۆییش، مەترسیی پەرەسەندنی گەمارۆکان و تەنانەت ئەگەری هێرشی نیزامیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆسەر ئێران بردووەتە سەرێ. بەتایبەت ئەوەیکە نەتانیاهۆی شەڕخواز و تاوانکار ساڵەهایە هەوڵ دەدات ئەمریکا بۆ هێرشی هاوبەش بۆسەر ئێران ڕازی بکات. عەلی خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی مانگی ڕەشەممە لە وڵام بە نامەکەی ترامپدا وتی: “ئەوەیکە سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەڵێ ئێمە ئامادەین لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکەین و داوای گفتوگۆ دەکات، بۆ فریودانی بیروڕای گشتیی جیهانە تا نیشانی بدات کە کەسێکی ئاشتیخوازە. بەڵام گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا گەمارۆکان لانابات. گفتوگۆ و دانوستان فشارەکان زیاتر دەکات”. خامنەیی هەفتەی ڕابردووش لە قسەوباسێکی گاڵتەجاڕانەدا بە مەبەستی ڕووحییەدان بە هێزەکانی ئیدعای کرد: “ئێمە لەچاو ساڵی ڕابردوو هەر ئەمڕۆ، بەهێزترین. پێکهێنانی شەڕ یەک لایەنە نییە و کۆماری ئیسلامش دەتوانێ زەربەی بەرامبەر لێبدات و حەتمەن ئەو کارەش دەکات. ئەگەر کەسێک هەوڵێکی ئاوا بدات حەتمەن وڵامی دەدەینەوە”. خامنەیی لە هەمان کاتدا کە لە پشتی پەردەوە لەڕێگەی دەوڵەت و وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمەوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا چرای سەوزی نیشان داوە، بەمجۆرە قسانە دەیهەوێ بەرپرسایەتیی سازشی ناشەرافەتمەندانە لەگەڵ ئەمریکا وەئەستۆ نەگرێت و خۆی لێ بدزێتەوە.

ئەم قسانەی خامنەیی لە کاتێکدایە کە  ڕۆژی دواتری عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی “ئێران”، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا لە پەیوەند لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی ڕەت نەکردەوە و بە کارێکی ڕێگەپێدراو وەسفی کرد. ئەو وتی: “بۆ گفتوگۆی ئەتۆمی بەرنامەمان داڕشتووە. ئەگەر گەمارۆکان لابردرێن ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکاش گفتوگۆ دەکەین”. ناوبراو سەبارەت بە گفتوگۆ لەگەڵ سێ دەسەڵاتی ئورووپاییش وتی: “کاناڵی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانیش بەرقەرارە و لەگەڵ گرۆسی و ئاژانسی ئەتۆمیش هاوکاریمان هەیە”. هەورەها وتیشی کە لەگەڵ ڕووسیە و چینیش خەریکین وتووێژ دەکەین و ئیدەیەکی نوێ بۆ چالارەسەرکردنی ئەم پرسە هاتووەتە گۆڕێ. عەباس عێراقچی لە کاتێکدا باس لە درێژەی وتووێژ لەگەڵ ڕووسیە سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی دەکات کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەممە سێرگێی لاورۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیە ئاشکرای کرد کە ئەمریکا بەدوای ڕێکەوتنێکی تازە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە چەندین مەرجی سیاسییەوەیە. ناوبراو وتی کە “ئەم بابەتە جێگای نیگەرانییە چونکە مەسەلەکە تەنیا بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی نییە. بۆ نموونە لەسەر بەرنامەی بەرگریی مووشەکی و توانایی نێونەتەوەیی ئێرانیش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی لەم پەیوەندییەدا دەبێ بەڵێن بدات و بەڵێنەکانیشی لە هەموو بوارەکاندا بۆ ئەوان بسەلمندرێت. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە کۆماری ئیسلامی نابێ لە عێراق، لۆبنان، سووریە یان هەر شوێنێکی تر لە گرووپەکانی دیکە پشتیوانی بکات”. هەر بەم هۆکارەش بووە کە ڕووسیە لە گەیاندنی نامەکەی ترامپ بۆ کۆماری ئیسلامی پاشگەز بووەتەوە و نامەکەی لە ڕێگەیەکی ترەوە ناردووە.

هەستیاربوون و مەترسیی هێرشی نیزامیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوەیکە چینیش دەست بەکار بێت. لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی هەینی ٢٤ی مانگی ڕەشەممە کۆبوونەوەیەک لە ئاستی جێگرانی وەزیری دەرەوەدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە لە پێکەن بەڕێوەچوو. چین بە بێ ڕاگەیاندنی وردەکاریی کۆبوونەوەکە هیوای خواست کە ئەم کۆبوونەوە سێ لایەنەیە بتوانێ ڕێگاچارەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئەتۆمی و لابردنی نیگەرانییە هاوبەشەکان پەیدا بکات. هەوڵەکانی ڕووسیە و چین نیشانەی ئەوەیە کە ئەم دەوڵەتانە نیگەرانن سێناریۆیەکی هاوبەش هاوشێوەی ئەوەیکە لە سووریە ڕوویدا بەڕێوەبچێت و کۆماری ئیسلامی، وەک حکوومەتێکی لایەنگری خۆیان، لەدەست بدەن.  

لەئێستادا کە سیاسەتی پڕ هەزینەی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی و میحوەری موقاومەتەکەی تووشی شکست بووە، ئەمریکا و دەسەڵاتە ئورووپاییەکان دەیانهەوێ بە شەڕی ئابووری و لە ئەگەری پێویستدا بە هێرشی نیزامی کۆماری ئیسلامی ناچار بە تەسلیمبوون بکەن. وەزیری خەزێنەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە واشینگتۆن دەیهەوێ بە ئیفلیجکردنی بەشی سەنعەتی نەوت و توانای بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆن لەڕێگەی داسەپاندنی زۆرترین فشارەوە، ئابووری کۆماری ئیسلامی تێکڕووخێنێت. بێگومان هەروەک چۆن هەتا ئێستا دووکەڵی داسەپاندنی گەرۆمارۆکان چووەتە چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە و ژیان و گوزەرانییانی سەختتر کردووە، ئەمجارەش ئاکامی پەرەسەندنی گەمارۆکان و هێرشی نیزامی بۆسەر کۆماری ئیسلامی، بەر لە هەمووان جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەگرێتەوە. خامنەیی و باندە مافیاکانی حکوومەتی ئیسلامی زیاتر لە چوار دەیەیە بە بەرنامە و ستراتێژی دژەئینسانیی خۆیان ژیان و گوزەرانی خەڵکی بەشمەینەتیان بەرەوڕووی هەژاری و برسیەتی و شەڕ و نائەمنی کردووەتەوە. جەماوەرێ کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران دەتوانن بە خەباتی یەکگرتوو و ڕێکخراوی خۆیان بارگە و بنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تێکەوەپێچن.