فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆماری ئیسلامی لەهەوڵی بردنەسەرەوەی توانایی ناوەکی خۆیدایە
شەممە ۱۱-۰۱-۱۴۰۳   |  30-03-2024

بەرپرسی گشتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی ڕۆژی هەینی ١٠ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵی پەرەدان بە توانا ناوەکیەکانی خۆیەتی.
ڕافائێل گرووسی لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی پی بی ئێس بە ئاماژەدان بەوەی کە بەرنامەی ناوەکی ڕژیم زۆر قووڵە و بواری جیاوازی هەیە، جەختی کردووەتەوە کە ڕژیمی ئیسلامی دەیهەوێت پیتاندن تا ئاستەکانی سەرەوە، ئەنجام بدات.
گرووسی زیادی کردووە کە چاوەدێرانی ئاژانس دەبێت ئازادیی تەواویان هەبێت تاکوو پشکنینەکانیان ئەنجام بدەن بەڵام لە ئێستادا بە ڕێژەی پێویست ئەو ئازادییە نییە و داوایان لە کاربەدەستانی ڕژیم کردووە تاکوو پێداچوونەوەیەک بە پڕۆسەی چاوەدێرییەکان بکەن.
بەرپرسی گشتیی ئاژانسی وزەی ناوەکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە گرینگی دیپلۆماسی ڕایگەیاند: ئێستا تەنیا ڕووکارێکی بەتاڵ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە بەرجام ماوەتەوە و هیچ یەک لە لایەنەکان ئەرکەکانی خۆیان بەڕێوە نابەن و هیچ دیپلۆماسی و وتووێژێک لە ئارادا نییە.
لەم پێوەندییەدا ئەمریکا ١٧ی ڕەشەمە سەبارەت بە هاوکاری نەکردنی ڕژیم لەگەڵ ئاژانسی وزەی ناوەکی هۆشداری دا کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەست لە پێشگرتنەکانی بە ئاژانس هەڵنەگرێت، ئەمریکا لە ڕێگەی شۆرای حوکامەوە ڕێوشوێنی دیکە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕژیم دەگرێتە بەر.