
دوای وتەکانی عەلی خامنەیی لە ڕۆژی یەکشەممە دووی مانگی خەرمانان کە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: “کێشەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژاوا چارەسەر ناکرێت”، دوایین کۆبوونەوە سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و سێ دەوڵەتی ئورووپایی ئەندامی بەرجام لە ڕۆژی سێشەممە چواری مانگی خەرمانانی ١٤٠٤ لە ژنێڤ بە بێ هیچ ئاکامێک کۆتایی هات. لە وەها بارودۆخێکدا سێ دەوڵەتی تروئیکای بەرجام (ئاڵمان، فەڕانسە و بریتانیا)، دوای چەند مانگ هۆشداردان بە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە مەسەلەی ئەتۆمی، ڕۆژی پێنجشەممە شەشی مانگی خەرمانان لەڕێگەی نامەیەکەوە بۆ شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کەڵک وەرگرتن لە ئیختیارتی بەرجامیی خۆیان، بەڕەسمی پڕۆسەی ٣٠ ڕۆژەی “چالاک کردنی مێکانیسمی ماشە”یان دەستپێکرد و خوازیاری گەڕاندنەوەی هەموو گەمارۆ هەڵوەشاوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی بوون. ئەم دەوڵەتانە لە نامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە لە هەموو ئامرازێک لەوانە مێکانیسمی ماشە بۆ ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی کەڵک وەردەگرن. ئەمریکا وێڕای ستایشی ئەم هەنگاوەی ئورووپا، ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریی لەگەڵ ئەوان لەم پەیوەندییەدا ڕاگەیاند. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سێ دەوڵەتە ڕێگای سازان لەگەڵ کۆماری ئیسلامییان هێشتووەتەوە و ڕایانگەیاندووە لە ماوی سی ڕۆژی داهاتووشدا پابەند بە ڕێگاچارەی دیپلۆماتیک دەبن.
ئەم سێ دەوڵەتە هەتا ڕێکەوتی دەی مانگی خەرمانان کاتیان بە کۆماری ئیسلامی داوە تا هاوکاریی تەواوی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکاتەوە. پێویستە بوترێ کە ئیعتباری ڕێککەوتنی بەرجام لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵدا کۆتایی دێت. لەم ڕووەوە ئەم دەوڵەتانە هەوڵ دەدەن لە ئەگەری قبووڵ نەکرانی مەرجەکانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەر لەو کاتە دیاریکراوە مێکانیسمی ماشە چالاک بکەن. لەم پەیوەندییەدا تەنانەت ڕووسیە و چینیش لە شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کارێکیان بۆ کۆماری ئیسلامی لەدەست نایە.
بەلەبەرچاوگرتنی شکستی “ستراتێژی شەڕی پێشگیرانە”ی ڕژیم و ڕەوتی لێکبڵاوبوونی هێزەکانی “میحوەری موقاومەت” لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو و ئیفلاسی ئابووری و قەیرانی ئاو، بەرق، سووتەمەنی، ژینگە و باقیی قەیرانە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، لەئێستادا کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە پێگەیەکی یەکجار لاواز و دژوارەوە. وەها بارودۆخێک بووەتە هۆی ئەوەیکە خواستی ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ئورووپایی لایەنی بەرجام، لە گفتوگۆ سەبارەت بە مەسەلەی ئەتۆمی تێپەڕێت و بواری مووشەکی، دەستتێوەردانی ناوچەیی و پاشماوەکانی میحوەری موقاومەتی ڕژیمیش بێننە سەر مێزی گفتوگۆ. لە ئاوا هەلومەرجێکدا حکوومەتی ئیسلامی مەجبوور دەبێت لەم بوارانەشدا “نەرمشی قارەمانانە” بگرێتە بەر.
لەم دواییەدا دەوڵەتانی ئاڵمان، فەڕانسە و بریتانیا بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش، وێڕای ئاماژە بە پابەندنەبوونی ئاشکرا و بەئانقەستی کۆماری ئیسلامی بە بڕگەکانی ڕێککەوتنی بەرجام و ئاماژە بە بوونی ناوەندی ئەتۆمی لە دەرەوەی بازنەی چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕایانگەیاندووە کە هیچ پاساوێکی غەیرەنیزامی بۆ بەرهەمهێنان و ڕاگرتنی ئەم قەبارەیە لە ئۆرانیۆمی پێتێندراوی ٦٠% بوونی نییە. دەوڵەتانی ئورووپایی پێدەچێت لەوە گەیشتبێتن کە هەڵسووکەوتی موعامەلەگەرانە و نەرمکێشی کردنیان لەگەڵ ڕژیم کاریگەر نەبووە. لەم ڕووەوە، مێکانیسمی ماشەیان گرتووەتەوە بەر تا کۆماری ئیسلامی ناچار بە تەسلیم و سازش بکەن. ترامپیش دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات بە ئامانجی پێشخستنی سیاسەتی زۆرینەی فشار دژبە کۆماری ئیسلامی، لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی خۆی کرد دەوڵەتانی تروئیکا بۆ چالاک کردنی مێکانیسمی ماشە لەدژی کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر فشارەوە.
بێگومان چالاک کردنی مێکانیسمی ماشە ئاسەواری ئابووریی زیانباری بۆ کۆماری ئیسلامی بەدواوە دەبێت و دەبێتە هۆی پەراوێزخرانی زیاتری لە بواری دیپلۆماتیکەوە. تا ئاستێک کە کۆماری ئیسلامی مەشموولی بڕگەی ٧ی مەنشووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و وەک دەوڵەتێک کە هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی جیهان دەکات، دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی هێرشی نیزامی بۆسەر ئێران ئاواڵەتر دەکات. بەپێچەوانەی هەڕەشەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، کە باسیان لەوە دەکرد “وڵامی سەخت” بە دەوڵەتانی ئورووپایی دەدەنەوە، چەند سەعات دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، فەزای سیاسی و ئابووری لە ناوخۆی ئێراندا شڵەژا و نرخی دۆلار ڕێکۆردی بێوێنەی ١٠١ هەزار تمەنی لێدا. بێگومان لەگەڵ چالاک بوونی مێکانیسمی ماشە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات دووبارە بلۆکە دەکرێت و هەرجۆرە موعامەلەیەکی دەوڵەتەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی قەدەغە دەکرێت.
گەمارۆ ئابوورییەکان هەتا ئێستاش ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشیان زیاتر خستووەتە ژێر فشارەوە و بوونەتە هۆی پەرەسەندنی بێکاری، گرانی و بەتاڵبوونی زیاتری سفرەکانیان. بەڵام کردەوەی ئەم دواییەی ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ڕۆژاوا جیا لە پەرەپێدانی قەیران و ئیسفلاسی ئابووری، بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی بۆشایی و ناکۆکی لە ناو بەرپرسان و باڵەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا. بەڵام بێگومان، ئەوەیکە ڕێبەریی سپای پاسداران و خامنەیی و مەقاماتی دیکەی ڕژیمی تۆقاندووە، پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی زیاتری کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگایە بەخاتری ئەو بارودۆخە فەلاکەتبارەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەریانیدا سەپاندووە. نە ئاویان هەیە و نە بەرق، نە کاریان هەیە و نە ئەمنیەت و نە نانێکیان لەسەر سفرە ماوە. ئەوان چیتر ئەم بارودۆخەیان بۆ تەحەمول ناکرتێت. لەم ڕووەوە، دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی لەئاستی کاریگەرییەکانی گەمارۆکان و مێکانیسمی ماشە لەسەر ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، بە شەڕی ڕەوانی و بە تەبلیغاتی دوژمن و میدیاکان ناوی دەبەن و هەڕەشە لەو کەسانە دەکەن کە لەم بارەوە ڕۆشنگەری دەکەن. هەر لەو ماوەیەدا دەزگای قەزایی ڕژیم دەرکردنی حوکمی قورس بۆ چالاکانی مەدەنی و سیاسی، جێبەجێ کردنی ئەحکامی سیاسیی ئێعدامی پەرەپێداوە و تەنانەت بۆ ژمارەیەک لە مۆرە پلە بەرزەکانی خۆشی بە بیانووی جۆراوجۆرەوە پەروەندەی درووست کردووە.
وەها بارودۆخێکی زەلیلانە بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، دەرفەتی تازە بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوەی نا بۆ ئێعدام پێکدێنێت. تا بە پەرەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتی و ڕێکخستی ڕیزەکانی خۆیان لە ئاستی جەماوەریدا و بە شکڵدان بە ڕێبەرییەکی سەرتاسەری لەڕێگەی پەیوەندیی چالاکان و ڕێبەرانی ئەم بزووتنەوانە، پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکەن و بەرەنگاری مەترسییەکانی داهاتوو بنەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە