فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆماری ئیسلامی لە سەروبەندی نۆشینی “جامی ژەهر”ێکی دیکەدا
سێشەممە ۲۸-۱۰-۱۴۰۰   |  18-01-2022

لە باروودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پەراوێزخرانی نێونەتەوەیی قەیرانی هەمەلایەنەی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەرەوڕووە، سەرانی ئەم ڕژیمە بەرە بەرە بەستێنەکانی بەسەرەنجام گەیاندنی بووژاندنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکیی بەرجام و سازان لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژاوا دادەڕێژن و کاناڵیزەی دەکەن. هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دوایین ڕاپۆرتی دانوستانەکانی بووژاندنەوەی بەرجام و قسەوباس سەبارەت بە “پێشکەوتن”، “خۆشبینی” و “ئەگەری ڕێکەوتن” لەم بوارەدا، عەلی خامنەیی لە تازەترین وتەکانی خۆیدا سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا وتی: “ئەوەیکە لە قۆناغێکدا لەگەڵ دوژمن وتووێژ و مامەڵە بکرێت بە مانای تەسلیم بوون نییە، هەر وەک چۆن هەتا ئێستا تەسلیم نەبووین لەوە بەدواش تەسلیم نابین. هەر لەم پێوەندەدا مەهدی تالێب، فەرماندەی قەرارگای عەمار و برای سەرۆکی سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە قسەوباسێکدا وتی کە “ئێمە هیچ کات مەیدانی وتووێژ لەگەڵ ئەورووپا چۆڵ ناکەین و وتووێژەکانیش بە سەرەنجام دەگەن.” هەروەها باڵە پارێزکارەکانی ڕژیمیش کە تا دۆینێ تەپڵی دژایەتییان لەئاست دانوستان لەگەڵ ڕۆژاوا و ئەمریکا دەکوتا، لەئێستادا درووشمی “بووژاندنەوەی سەربەرزانەی بەرجام” دەڵێنەوە.  هەموو ئەم ئامادەکارییانە بەستێنی سازانی سەرشۆڕانە و نۆشینی جامی ژەهرێکی دیکە، بەرەبەرە لەژێرناوی “نەرمشی قارەمانانە” ئامادە دەکات.

لەسەر بەستێنی هەوڵی جۆراوجۆری سەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئامادە کردنی بیروڕای گشتی و بەدەنەی سەربە دەسەڵات لەپێناو سازان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا، ڕۆژی شەممە ٢٥ی مانگی بەفرانبار، نوێنەرانی باڵای دانوستانکاری ڕژیمی ئیسلامی و سێ دەسەڵاتی ئەورووپایی پاش قۆناغێکی دیکە لە دانوستان لەسەر “بووژاندنەوەی بەرجام”، بە مەبەستی ڕاوێژکردن بۆ پایتەختەکانی خۆیان گەڕانەوە. هەواڵنێریی ئیرنا، لەسەر زاری “سەرچاوەیەکی ئاگادار” ڕایگەیاند کە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و تەوەرە ئەتۆمییەکان، زۆرێک لە پەرانتێزەکان پاک کراونەتەوە و لەئێستادا ” بەشێوەی بەرچاو لەسەر پەیوەستی سێهەم سەبارەت بە شێوازی بەکردەوە دەرهاتنی (ڕێکەوتنی ئیحتمالی) کار دەکەین.” هەر لەم پێوەندەدا، “جۆزێپ بۆرێل”، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا لەپێوەند لەگەڵ ڕەوتی دانوستانەکانی بووژاندنەوەی بەرجام لە ڤییەن وتی: “پێشتر بە نیسبەت پێشکەوتنی دانوستانەکان بەدبین بووم، بەڵام ئەمڕۆ باوەڕم وایە کە گەیشتن بە ڕێکەوتن مومکینە.”

سەرەڕای ئەم ئاستە لە پێشکەوتن و خۆشبینییەکان، ئەم ڕەوتە بەردەوام لەگەڵ کێشمەکێش و ئاڵۆزیی جۆراوجۆر بەرەوڕووە. “ژان ئێیۆ لودریان”، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە وتوویەتی کە لە دانوستانەکانی ڤییەن بۆ بووژاندنەوەی بەرجام پێشکەوتنێکی کەم بەدەست هاتووە، بەڵام هێستا چارەسەرکردنی کامڵی کێشە و ناکۆکییەکان زۆریان ماوە. هاوکات “ئانتۆنی بلینکێن”، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت کە کاتی دانوستانەکان “سنووردار”ە و تاران بەرنامەی مەترسیداری ناوەکیی خۆی بەرەوپێش دەبات.

کۆماری ئیسلامی وەک ئەکتەری سەرەکی لەم دانوستانانەدا لەگەڵ کێشە و قەیرانی بەرین بەرەوڕوو بووەتەوە و شادەماری ئابووریی و سیاسییەکەی خەریکە وشک دەبێت و لەگەڵ شەپۆلێکی بەرینی خەبات و ئاخێزی کۆمەڵایەتی بەروڕووە و ئەوەش کۆماری ئیسلامیی لە بەرامبەر ئەکتەرە ڕۆژاواییەکاندا خستووەتە پێگەیەکی لاوازەوە. ئەم ڕژیمە بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەم پێگەیەی خۆی، سەرەتا بە خۆبواردن لە دانوستان لەگەڵ ڕۆژاوا و بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ٦٠ لەسەد، هەوڵی دەدا لایەنە ڕۆژاواییەکان بخاتە ژێر گوشارەوە. بەڵام ئەم تاکتیکەی ڕژیم هیچ ئاکامێکی نەبوو. لەئێستاشدا ڕووی کردووەتە تاکتیکی تر تا پاشەکشە و تەسلیمبوونی خۆی داپۆشێت. عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە سەفەر بۆ وڵاتی چین ڕایگەیاند کە “بەڵگەی هاوکاری ٢٥ ساڵەی ئێران و چین” لە هەینی ٢٤ی مانگی بەفرانبارەوە بەکردەوە دەردێت. لە هەمان حاڵدا ئێران ڕایگەیاند کە ناوەرۆکی ئەم ڕێکەوتننامەیەی لەسەر داوای چین “نهێنی” هێشتووەتەوە. ئەم دوو وڵاتە لە باروودۆخێکدا باس لە “ڕووداوێکی گرینگ و بەستێن سازی گۆڕانکاریی سیاسی” دەکەن کە هەم چین و هەم ئێران لەم واقعییەتە ئاگادارن کە بەکردەوە دەرهاتنی کامڵ و هەمەلایەنەی ئەم پەیمانە ستراتێژیکە بە بووژاندنەوەی بەرجامەوە گرێی خواردووە و بەبێ تەسلیم بوون و پاشەکشەی کۆماری ئسیلامی، ئەم پەیمانە ناتوانێ بەکردەوە دەربێت و هیچ زەمانەتێک بۆ درێژەدانی بوونی نییە. تەنانەت ڕادەیەک لە چوونەسەرەوەی ئاستی تەجارەتی دوو لایەنەی ئێران وچین لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ئاکامی ڕاستەوخۆی چاوپۆشیی دەوڵەتی ئەمریکایە لەم پەیوەندییە، تا بەستێن بۆ بووژاندنەوەی بەرجام بەپێی خواست و سیاسەتەکانی ئەمریکا ئامادە بێت. کەوابوو ئەم دانیشتنە و ڕاگەیاندنی بەکردەوە دەرهێنانی ڕێکەوتننامەی هاوکاریی ٢٥ ساڵە، بەر لە هەموو شتێک وەک “کارتی گوشار” بۆ ئیمتیاز وەگرتن لە دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا لە دوایین کاتەکانی ئەم دانوستانەدا بەکار دەهێندرێت. بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە لایەنە دانوستانکارەکان، واتە دەوڵەتانی ئەورووپایی و ئەمریکا باش دەزانن کە چین لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەژێر گوشاری گەمارۆکانی ئەمریکادا، ملکەچی خواستی ئەوان بووە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران یەکجار سنووردا کردووەتەوە. هەربۆیە بەبێ تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامی لەم دانوستانە، بەڕێوەچوونی ئەم پەیمانە و پەیوەندی نێوان چین و ئێران نامومکینە. کەوابوو تاکتیکی کۆماری ئیسلامی هەر لەئێستاوە ئاشکرا و ناکاریگەرە.

هەروەها ڕۆژنامەی فەرهیختگان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لەئێستادا “مووشەکی ٥ هەزار کیلۆمیتری” بۆ کۆماری ئیسلامی “لە هەمیشتە زیاتر لە دەستڕەس” دایە.  بەوتەی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی هەوافەزای سپای پاسداران، ئێران سەرەڕای گەمارۆکان گەیشتووەتە جێگایەک کە “مووشەکێکی بالستیکی دەرەجە یەکی درووست کردووە و بە پەهبادە ئێرانییەکان هێژمۆنیی هەوایی ئەمریکای بردووەتە ژێر پرسیارەوە.” ئەوەش لە حاڵێک دایە کە مەسەلەی ئەمریکا و دەوڵەتە ئەورووپاییەکان تەنیا مەسەلەی ئەتۆمیی ئێران نییە، بەڵکوو سنووردارکردنی چالاکیی مووشەکی و دەخاڵەتگەریی کۆماری ئیسلامی لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشە. بڵاوکردنەوەی ئەمجۆرە هەواڵانە ئەساسەن بۆ فەزاسازی لە مەیدانێک دایە کە کۆماری ئیسلامی ناچارە دەست لە ماجەراجوویی هەڵبگرێت و سازان و تەسلیمبوون قەبووڵ بکات و خۆی لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا و ڕۆژاوا لە ناوچەکە هاوئاراستە بکات.

لە جەرگەی ئەم کێشمەکێشانەی نێوان دەسەڵاتە ئیمپریالیستییەکان و ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵگای ئێران لەبەردەم ئاڵوگۆڕی قووڵ و بەرین دایە. خەبات و ناڕەزایەتیی کرێکاری و کۆمەڵایەتی تا ڕادەیەک پەرەی سەندووە کە پێشڕەویی ئەم خەباتە  و بەستێنەکانی ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی سیاسیی ئێران بۆ هەمووان ئاشکرایە. ئەگەر کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا چالاکان و پێشڕەوانی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکانی بە بیانووی “دەستوپێوەندی ڕۆژاوا” سەرکوت و زیندانی دەکرد، لەئێستادا خۆی لە حاڵی پاشەکشە و سازان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوایە. بە ڕێکەوتنی بەرجام و سازان و تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامی، پێگەی چینی کرێکار و خەڵکی بێبەش لە ئێران بەهێز دەبێت و بەستێنی بابەتی و زەینیی لەبارتر بۆ بەردەوامبوونی خەباتی پڕخرۆشیان پێک دێت. لەم مەسیری خەباتدا ئەوەیکە پێشڕەویی کرێکاران و زەحمەتکێشان زەمانەت و پتەو دەکات، یەکگرتوویی و ڕێکخراوە. پەرەپێدانی وشیاریی چینایەتی و سۆسیالیستی، ڕێکخستن  و پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ و جەماوەریی کرێکاران و هەژارانە. پەیوەندی سەرانسەری نێوان بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکانە. خەبات بۆ وەدەستهێنانی داخوازیی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی تەنیا لە گرەوی درێژەی ئەم خەباتە کۆمەڵایەتی و سیاسییە دایە. خەبات بۆ شۆڕشی کرێکاری و دامەزراندنی سۆسیالیسم، لەڕێگەی خەبات لە خوارەوە، بە بەشداریی بەرین و بەردەوام لە سەر شەقامەکان، بە مانگرتن و ناڕەزایەتی و ڕێکخستن لە کارخانە و شوێنی کار و ژیانی چینی کرێکار و بێبەشان، بە پەرەپێدان و بەهێزکردنی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی وەدی دێت.