فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆماری ئیسلامی لە سەروبەندی نۆشینی جامی ژەهرێکی دیکەدا
شەممە ۲۶-۰۸-۱۴۰۳   |  16-11-2024

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٣، پزیشکیان سەرۆک کۆماری خزمەتکار و ملکەچی ویلایەت، لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی سیاسەتی دەرەوەدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی پێشووی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا باسی لە پێویستیی بەرقەرارکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا کرد و وتی: ”ئێمە چ بمانهەوێ و چ نەمانهەوێ لە بواری نێونەتەوەییدا لەگەڵ ئەم وڵاتە ڕووبەڕوو دەبینەوە. کەوابوو خۆمان دەبێ مودیریەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا بگرینە دەست”. ناوبراو چارەسەری کێشەی دارایی و قەیرانی ڕژیمی لە پەیوەستبوون بە گرووپی تایبەتی بەدواداچوونی دارایی (ئێف ئەی تی ئێف)دا وەسف کرد و وتی: چارەیەکمان نییە بێجگەلە ئەوەیکە مەسەلەی (ئێف ئەی تی ئێف) چارەسەر بکەین. چونکە ڕوو لە هەر کەس دەکەی دەڵێ ئەمریکا ئیجازەی نەداوە”. پزیشکیان لەسەر پێویستیی بەڕێوەبردنی سیاسەتی بەقەولی خۆی “لەگەڵ دۆستان مرەوەت و لەگەڵ دوژمنان مودارا” تەئکیدی کرد و وتی: ”ئابووری ئێمە نەخۆشە و بە بێ وەبەرهێنانی دەرەکی و لابردنی بەربەستەکانی بەرهەمهێنان، گەشەی ئابووری ڕوو نادات. بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە ناوخۆییەکان و گەشەی وڵات دەبێ پەیوەندی نێونەتەوەیی ڕێکبخرێت و گرژییەکان چارەسەر بکرێن”. بەڵام پزیشکیان و وەزیرانی پێشووی دەرەوە باش دەزانن کە لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا بڕیار لەسەر سیاسەتی دەرەوە لە جێیەکی دیکەوە دەدرێت و دەوڵەت لەم بوارەدا جگە لە نووسینی نامە بۆ مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەت دەسەڵاتێکی تری نییە.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیش ڕۆژی چوارشەممە دوای چوونەدەر لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەت بە زمانێکی دیپلۆماتیک، هەر ئەم هەڵوێستەی دووپات کردەوە و بە هەواڵنێرانی وت: ”تاران هەوڵ دەدات هەزینەی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەمریکا کەم بکاتەوە. بە هەر حاڵ لەگەڵ ناکۆکی‌گەلێکمان هەیە. هێندێکیان بنەمایین بەڵام دەبێ مودیریەت بکرێن تا هەزینەکان کەم بنەوە”. لێدوانی ئاشکرای پزیشکیان و عێراقچی و کاربەدەستانی دیکەی ڕژیم سەبارەت بە پێویستیی بەرقەرارکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا لە کاتکێدایە کە باس کردن لەم مەسەلەیە ساڵەهای ساڵ بۆ خامنەیی و بناژۆخوازانی وشک مێشکی حکوومەت لەوانە حسێن شەریعەتمەداری هێڵی سووری نیزامی ئیسلامی بووە. بەڵام لەو جێگەوە کە ئەوانیش دەزانن بارودۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران گەیشتووەتە خاڵی تەقینەوە و هەموو ساتێک چاوەڕوانی ڕوودانی ئەم تەقینەوە کۆمەڵایەتییە و ڕاماڵینی دەسەڵاتەکەیانن، بە نیشانەی ڕەزایەتی ئیجباری لە بەرامبەریاندا بێدەنگییان گرتووەتە بەر.

لێدوانی ڕاشکاوانە و بێ ترسی زۆرێک لە بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی لەم دواییەدا سەبارەت بە ئەنجامدانی وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و “نەرمش و سازشی قارەمانانە”، نیشانەی نیگەرانبوونیانە لەو مەترسییەی کە زۆر لە مەترسیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ کۆماری ئیسلامی گەورەترە. ئامادەبوونی کۆماری ئیسلامی بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، جامی ژەهرێکی دیکەیە کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا لە جەریانی بزووتنەوەی جەماوەری ساڵەکانی ٩٦ و ٩٨ وە بەتایبەت لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، داویانەتە دەستی حکوومەتی ئیسلامی. لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای هەموو ئەو توندوتیژی و سەرکوت و کوشتارەی کە هێزە سەرکوتگەرە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی دژبە کرێکاران، ژنانی ئازادیخواز، خوێندکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و پەرستاران ئەنجامیان داوە بەڵام نەیانتوانیوە ئەوان لە بەدواداچوونی داخوازییەکانیان پاشگەز بکەن و ئەم ناڕەزایەتییانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتری گەشە کردووە. هەڵبەت قەیران و کێشەکانی کۆماری ئیسلامی یەک و دووان نین. ڕێبەران و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەموو ڕۆژێ مەجبوور دەبن دان بە قەیرانێکی چارەهەڵنەگری دیکەی دەسەڵاتەکەیان دابنێن. لە قەیرانی ئابووری و ئیفلاسی دارایی و نەبوونی پارە بۆ پێدانی مووچەی کارمەندان و خانەنشینان هەتا قەیرانی ئاو، بەرق، خزمەتگوزاریی دەرمان، بێنزین و نەوت و گاز و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.

بەڵام هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی قەیرانەکانی ناوخۆی ڕژێم هەڕەشە و فشارەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و یەکیەتیی ئورووپا لە دژی کۆماری ئیسلامی بەهۆی هاوکاریکردنی لەگەڵ ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین و دەستێوەردانی ڕژێم لە لوبنان و ناوچەکەش زیادیکردووە. ئەم حکوومەتانە سەبارەت بە ئەگەری خستنەگەڕی “میکانیزمی ماشە” و گەڕاندنەوەی سەرجەم سزاکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی هۆشدار دەدەن. لەم پەیوەندییەدا ڕافایڵ گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە پەیامێکی هۆشدارەوە بەرەو تاران وەڕێکەوت. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی مانگی خەزەڵوەر وێڕای ئاماژە بە گۆڕانی سیاسەتەکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا وتی: ”ئەم سەفەرەی من لە بارودۆخێکی ئاڵوزدا ئەنجام دەدرێت. قەیرانێک بوونی هەیە و تاران لە ناوەندی ئەم گرژییەدایە. دەبێ ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران چاوەدێریی بەسەردا بکرێت و ئەوەش هیچ باسێک هەڵناگرێت. ئاوا نییە کە وڵاتێک بەخاتری هێشتنی پشکنین و چاوەدێری کردنی، دەبێ خەڵاتی پێ بدرێت. حەتمەن دەبێ سایتە ئەتۆمییەکانی ئێران بخرێنە ژێر چاوەدرێیەوە و سبەینێ سەردانی سایتی فۆردۆ و نەتەنز دەکەم.

ئەم وتانەی گروسی لە کاتکێدایە کە ئەو هەفتەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا ڕاپۆرتێک لەسەر چالاکیی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی بەم شۆرایە دەدات. گروسی وتی: لەئێستادا ناتوانین بەڕوونی بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بڵێین کە چ شتێک خەریکە ڕوو دەدات. بەڵام کۆماری ئیسلامی دەبێ یارمەتیی ئێمە یان بەواتایەکی تر یارمەتیی خۆی بدات”. لەم پەیوەندییەدا “کایا کالاس” کە قەرارە ببێتە جێنشینی جۆزێپ بۆرل (بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا) وێڕای ئاماژە بە تۆمەتباربوونی کۆماری ئیسلامی لە دابینکردنی مووشەک و درۆن بۆ ڕووسیە لە شەری ئۆکراین، خوازیاری ئامادەکردنی بەرنامەیەکی لێبڕاوانەتر سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی بوو. بێگومان کردەوەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بەتایبەت چالاک کردنی “مێکانیسمی ماشە” بارودۆخی ئێران خراپتر دەکات و دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانەوە.

هەڵوێستی “نەرمش و سازشی قارەمانانە”ی ڕژیمی ئیسلامی بەرامبەر بە ئەمریکا و قەبووڵکردنی مەرجەکانی “ئێف ئەی تی ئێف”، سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارە و کۆمەک بە ڕەوتە تیرۆریستەکان، بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە شکستی ستراتێژی “هێرشی بەرگرانە”ی ڕژیم لە ئاکامی زەربەکانی ئیسرائیل لە حیزبوڵڵا و سپای پاسداران زیاتر لە ڕابردوو ئاشکرا بووە و هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاومەت” یەکڕیزیی خۆیان لەدەست داوە، ئەمە نەک سیاسەتی پزیشکیان بەڵکوو گۆڕانی ئاراستە و هەڵوێستی ڕێبەریی سپای پاسداران و شەخسی خامنەییە. ئامانجی هێنانەدەری ناوی پزیشکیان لە سندووقەکانی شانۆی ئینتخابات، بۆ نیشاندانی ئاراستەی “نەرمش و سازشی قارەمانانە” بە ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا بوو. چونکە کۆماری ئیسلامی دەزانێ کە لە ڕووی ئابوورییەوە تووشی شکست بووە و یەکجار کەوتووەتە ژێر فشارەوە. تا جێیەک کە مانەوەی نیزامەکەی نەک لە دەرەوە لەلایەن دەوڵەتانی ئیسرائیل، ڕۆژئاوا و ئەمریکا بەڵکوو لە ناوەوە و لە لایەن جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگاوە بە ئامرازی مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەردەوام لەئاستی سەرتاسەریدا کەوتووەتە ژێر هەڕەشەیەکی مەترسیدار و جیددییەوە.