نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان هەزینەی سەبەدی بژێو لەگەڵ لانیکەمی حەقدەستەکان لە ئێران ڕۆژبەڕۆژ ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی دیکەی کۆمەڵگای بردووەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. تا جێگایەک کە تەنانەت کارگێڕان و بەرپرسانی ڕێکخراوە دەستسازەکانی ڕژیمیش ئەگەرچی بە وتەی ناتەبا، بەڵام مەجبوور بوون دانی پێدانێن و لەئاست دواهاتە کارەساتبارەکانی هۆشدار بە سەرانی ڕژیم دەدەن. لە لایەکەوە بەرپرسانی کۆمیتەی حەقدەستی “ناوەندی باڵای شۆرا ئیسلامیەکان”ی ڕژیم بە پێی ئامار و ئەرقامی ناوەندی ئاماری کۆماری ئیسلامی گۆیا تازە بەوە گەیشتوون کە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا “ڕێژەی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەکی ۳/۲ کەسی، ڕۆژانە تەنیا بە یەک وەعدەی خواردنی گەرمەوە، گەیشتووە ١١ ملیۆن تمەن و نیو”. لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵ دەدەن بە ئەنجامدانی هێندێک لێکدانەوە ئاستی هەژاری نیشان بدەن. فەرامەرز تەوفیقی سەرۆکی کۆمیتەی حەقدەستی “ناوەندی باڵای شۆراکانی کار”ی ڕژیم، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی گەڵاڕێزان بە “ئیلنا” هەواڵنێریی کاری کۆماری ئیسلامیی وت کە لانیکەمی حەقدەست لە مانگی گەڵاڕێزاندا کەمتر لە ٤٠ لەسەدی هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی دابین کردووە. هەڵبەت ناوبراو باسی لەوە نەکردووە کە لانیکەمی حەقدەستی دوو ملیۆن و ۶۵۵,۴۹۵ هەزار تمەنی کە شۆرای باڵای کاری ڕژیم بێشەرمانە بۆ ساڵی ١٤٠٠ی دیاریکردووە، ئایا بەرابەرە لەگەڵ ٤٠ لەسەدی ١١ ملیۆن تمەن و نیوی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەک؟ پێویستە بوترێ کە هەڵسووڕاوانی کرێکاری ساڵی ڕابردوو بەسەرەنجدان بە تەوەرۆمی هەوسارپچڕاو و بەرزبوونەوەی خێرای قیمەتەکان، لانیکەمی حەقدەستی ١٢ ملیۆن تمەن و نیویان دیاری کردبوو. چوونەسەرەوەی ڕێژەی تەوەرۆم لە ماوەی حەوت مانگی پێشوودا پتر لە ٤٥ لەسەد بووە و بێگومان چوونەسەرەوەی سەعات بە سەعاتی قیمەتی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک، هێڵی هەژاری لەم بڕە دیاریکراوەش بردووەتە سەرتر.
ئەو باروودۆخە فەلاکەتبارەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی ئێرانی پێکهێناوە، پتر لە ٦٠ لەسەد، تەنانەت ئەو کەسانەی کە لەسەر کاریشن، بردووەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە و بە ئەژمارکردنی بێکاران ڕێژەی هەژاری لە ئێران لەسەرووی ٧٠ لەسەدە. هەواڵنێریی ئیسنا حەوتووی ڕابردوو ئاکامی ناوەندێکی باڵای توێژینەوەی ڕاگەیاند کە نیشانی دەدات لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا جەمعییەتی ژێر هێڵی هەژاریی ئێران دوو بەرابەر بووە. ئەم ناوەندە دیمەنەکانی چوونەسەرەوەی هەژاری لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە هاتنە خوارەوی بەکارهێنانی خواردەمەنی بەهۆی کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک و چوونەسەرەوەی زبڵگەڕی دەبینێت. حەوتووی ڕابردوو “ئیلنا” لەسەر زاری جێگری بەناو “کۆمەڵایەتی و پێشگری لە ڕوودانی تاوانی دادگوستەری تاران” ئاشکرای کرد کە چوار هەزار و ٥٠٠ منداڵ، تازەلاو و گەورەساڵ تەنیا لەم شارە بە بەردەوامی خەریکی زبڵگەڕین و لەم ڕێگەوە دەژین.
لە وەها باروودۆخێکدا ڕژیمی داڕماو و دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی زیادکردنی گوشاری قەیرانی ئابووری بەسەر ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش دایە. لەم دوایانەدا دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیی قاتڵ، لە هاودەستی لەگەڵ نوێنەرانی هاوشێوەی خۆی لە مەجلیشی شۆرای ڕژیم، باسی شناوەرکردنی دۆلار و لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنییان هێناوەتە گۆڕێ. دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ هاوردەکردنی کاڵا پێویستەکان تەرخان کراوە. ئەگەرچی سەران و بەرپرسانی دز و گەندەڵی ڕژیم بە کەڵکی نابەجێ وەرگرتن لێی، پارەیەکی زۆریان بەتاڵان بردووە، بەڵام بەهەرحاڵ بەشێکی چکۆلە لەم پارەیە دەکرایە هەزینەی هاوردەکردنی کاڵا پێویستەکانی خەڵک.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی مەوج، مۆحسێن زەنگەنە ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی مەجلیس لە پێوەند لەگەڵ لابردنی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی ڕایگەیاندووە کە ئەم شێوەیە هەتا ئێستا تەقازای دراوی بردووەتە سەرێ و پاشەکەوتی دراوی دەوڵەتی بەرەوڕووی کێشە کردووەتەوە. ئەو وێڕای ئاگاداربوون لەوەیکە ئەم هەوڵە ڕێژەی تەوەرۆم دەباتە سەرێ وتوویەتی کە: “بۆ نیوەی دووهەمی ئەمساڵ دەبێ کارێک بکەین کە دراوی ٤٢٠٠ تمەنی حەتمەن لابردرێت و لەگەڵ لابردنیشی تەورەۆم نەهێڵین بڕواتە سەرێ. هەڵبەت مەجلیسیش دەنگی پێدەدات”. هەڵبەت ڕێگاچارەی ئەم نوێنەرەی مەجلیسی کۆنەپەرست، بێجگەلە نوسخەی نیۆلیبرالیی ناوەندەکانی پارەی جیهانی شتێکیتر نییە واتە مێکانیزمی ئابووریی ئازاد و هەوسارپچڕاویی دیاریکردنی قیمەتی کاڵاکان لە لایەن بازاڕەوە. هەروەها لەو جێگەوە کە ئەم بڕیارە لە لایەن ناوەندەکانی دیکەی حکوومەتیشەوە گرتراوەتەبەر بە خاترجەمیەوە دەڵێت : “هەڵبەت مەجلیسیش دەنگی پێدەدات”.
بێگومان بە لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی و هاوردەکردنی کاڵا پێویستەکانی خەڵک بە دۆلاری ٢٨٠٠٠ تمەنی، قیمەتی کاڵاکان شەش تا حەوت بەرابەر گرانتر دەکات و لەو جێگەوە کە توانای کڕینی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا یەکجار هاتووەتە خوارێ، ڕێژەی تەوەرۆمیش زۆر زیاتر دەڕواتە سەرێ. ئەم بابەتە هەر لە ئێستاوە تەنانەت ڕێکخراوە کرێکاریە دەستسازەکانی ڕژیمیشی نیگەران کردووە تا جێیەک کە تەوفیقی سەرۆکی کۆمیتە حەقدەستی شۆرا ئیسلامیەکانی ڕژیم ئەم کردەوەی “شۆک دەرمانی” پێناسەکرد. ناوبراو وتی: “پێداگری لەسەر ئەم کارە لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا بووەتە هۆی چوونەدەرەوەی ١٧١ ملیارد دۆلار سەرمایە لە ئێران. کەوابوو کۆمەڵگەی کرێکاری بەرگەی ئەم شۆکە ناگرێت”.
بەسەرەنجدان بە داڕمانی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی و پێویستیی یەکجار زۆری بە دۆلار بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی لە ناوخۆ و درێژەی سیاسەتی زێدەخوازانەی لە ناوچەکە، لە خزمەت ماوەنەی خۆی و سەرەڕای نیگەرانیی زۆر لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری، ڕژیم دەست دەداتە لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی. بەڵام گومان لەوە دا نییە کە کرێکاران و خەڵکی زەجردیتووی ئێرانیش بەرامبەر بەم دەستدرێژیە وەحشیانەیەی ڕژیمی ئیسلامی سەرمایە بۆسەر ژیان و گوزەرانیان بێدەنگ نابن. بە پەرەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی خۆیان، بە یەکگرتوویی و هێزی ڕێکخراوی خۆیان کۆماری ئیسلامیی سەرمایە ناچار بە پاشەکشە دەکەن و سەرەنجام لە گۆڕەپانی خەباتی چینایەتیدا ئەم نیزامە ئیسلامیەی سەرمایە، لەگۆڕ دەنێن.