فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆماری ئیسلامی هەروا پێشەنگی سزای ئێعدامە لەئاستی جیهاندا
شەممە ۰۷-۰۳-۱۴۰۱   |  28-05-2022

ڕۆژی سێشەممە ٣ی مانگی جۆزەردان ڕێکخراوی لێبۆردنی نێونەتەوەیی ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە “دەرکردن و بەڕێوەچوونی حوکمەکانی ئێعدام” لەلایەن دەسەڵاتەکانی جیهان لە ساڵی ڕابردوو (٢٠٢١) بڵاوکردەوە. ئەم ڕاپۆرتە باس لە چوونەسەرەوەی ٢٠ لەسەدیی سزای ئێعدام و بەرزبوونەوەی ٤٠ لەسەدیی دەرکردنی حوکمی ئێعدام لە ئاستی جیهاندا دەکات. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە سەرانسەری جیهان ٥٧٩ حوکمی ئێعدام بەکردەوە دەرهاتووە. هەڵبەت ئەم ئامارە لە زۆر حاڵەتدا واقعی نییە چونکە ئێعدامی نهێنی و تۆمارنەکراو لەلایەن دەوڵەتەکانەوە لەخۆناگرێت.
بەڵام سەهمی کۆماری ئیسلامی لەم جەنایاتە بە تەنیا ٣١٤ ئێعدام بووە کە دەبێتە پتر لە ٥٤ لەسەدی هەموو ئەو ئێعدامانەی کە لەئاستی دنیادا تۆمار کراون. کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدا وەپێش هەموو حکوومەتە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە کەوتووە و زیاتر لە ٦٠ لەسەدی ئێعدامەکانی بەخۆی تەرخان کردووە.
هەڵبەت بەم ئامارە دەبێت جەنایات و کوشتاری دیکەی کۆماری ئیسلامیش زیاد بکرێن. ئاماری بەندکراوانێک کە لە سیاچاڵەکانی ئەم ڕێژیمە کۆنەپەرستەدا لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانەی جەلادانی ڕێژیمدا گیانیان بەخت کردووە و یان بەهۆی بەربەستی تەندرووستی و پزیشکی و دەستڕانەگەیشتنیان بە دکتور و دەرمان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا گیانیان لەدەست داوە، هەرگیز تۆمار ناکرێن. ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبۆردنی نێونەتەوەیی لەم بارەیەوە دەنووسێت: “لە ساڵی ٢٠٢١دا کۆماری ئیسلامی ۸۳.۵ لەسەدی ئێعدامەکانی ڕانەگەیاندووە.
بەڵام بۆ نیشاندانی ئاماری نزیک بە واقعییەتی کوشتاری کۆماری ئیسلامی، دەبێت بە ئامارەکانی ڕێکخراوی لێبۆردنی نێونەتەوەیی کەسانێکی تریش زیاد بکرێن کە لە دەرەوەی زیندانەکان لەلایەن بەکرێگیراوانی دەزگا ئەمنی و نیزامییەکان تیرۆر دەکرێن و یان بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە شەقامەکان و لە جەرەیانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و یان لە کاتی کۆڵبەری و سووختبەریدا گیانیان لەدەست دەدەن. بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە حکوومەتی ئیسلامی ساڵانە زیاتر لە هەزار ئینسان دەکوژێت و بە هیچ کەس و ناوەندێکیش وڵامدەرەوە نییە. ئەم ڕێژیمە جەنایەتکارە دادخوایی بنەماڵەی گیانبەختکردووانیش بە هەڕەشە و تۆقاندن و زیندان و پەروەندەسازی وڵام دەداتەوە.
کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا ئاستی ئێعدام و کوشتار پەرە پێدەدات کە زۆرێک لە دەوڵەتەکانی جیهان بەرەبەرە کردەوەی دژئینسانیی سزای ئێعدامیان هەڵوەشاندووەتەوە و قەدەغەیان کردووە.
بەڵام بۆچی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢١دا و لەگەڵ دەسپێکی هاتنە سەر کاری ڕەئیسیی قاتڵ، ژمارەی ئێعدامەکانی نیسبەت بە ساڵی پێشتر زیاد کردووە؟ بۆچی سەرەڕای دەستگیری و موحاکەمەی دیپلۆمات تیرۆریستەکان و ئەشکەنجەگەرانی لە دادگای وڵاتانی ئەورووپایی، هەروا ئێعدام و کردەوەی تیرۆریستی درێژە پێدەدات؟ ئەم خاڵە لە لایەن هەواڵنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێرانیش ئاماژەی پێدرا و بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی لێبۆردنی نێونەتەوەییش ئەم ڕێژەیە لە جەنایاتی بە “پێشێلکردنی بێشەرمانەی بەڵێنەکانی کۆماری ئیسلامی” ناولێبرد و ڕایگەیاند کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی منداڵانیشی ئێعدام کردووە. لە کۆماری ئیسلامیدا زۆربەی حوکمەکانی ئێعدام لەو بەناو دادگایانەوە دەردەکرێن کە هیچ جۆرە سەڵاحییەتێکی قانوونییان نییە. “حوکمە ئیجبارییەکانی ئێعدام” بە ئامانجی سیاسی و لەڕێگەی ئێعتراف وەرگرتن لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانە و بە تۆمەتی بێ ناوەرۆکی وەک “هەوڵدان دژبە ئەمنییەتی میللی، ئەندامیەتی لە یەکێک لە سازمان و حیزبە سیاسییە نەیارەکان، خەیانەت و سیخوڕی بۆ دەوڵەت و ناوەندێکی دەرەکی، سووکایەتی بە ڕێبەر و بردنە ژێر پرسیاری سیاسەکانی حکوومەت، تەبانی و بەشداریکردن لە ڕاپەڕینی چەکدارانە و دوژمنایەتی لەگەڵ نیزام بەتایبەت لەپێوەند لەگەڵ خەڵکی کورد و بەلووچ و عەرەب” لەلایەن دەزگا و ناوەندە ئەمنییەکانەوە بەسەر “دادگاکان”دا دیکتە دەکرێن. ئەم ئێعدامانە کە بە ئامانجی سیاسییەوە ئەنجام دەدرێن زۆر جار تەنانەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەر و بنەماڵەی قوربانییان بەکردەوە دەردێن و شوێنی ناشتنی قوربانییانیشیان پێ نیشان نادەن. تەنانەت ڕێگە نادەن کەسوکاریان ڕێوڕەسمی یادکردنەوە و سەرەخۆشیشیان بۆ بەڕێوەبەرن.
سەرەڕای هەمووی ئەمانە هەڵوێستی ڕیاکارانەی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری کە گۆیا “داکۆکیکاری دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ”ن، هەتا ئێستا تابعێک بووە لە بەرژەوەندی سیاسی، دیپلۆماتیک و ئابووریی ئەوان و لە بەرامبەر جەنایاتی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگیان گرتووەتە بەر و لە زۆر حاڵەتدا هەوڵیان داوە کە پەروەندە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیان لەگەڵ ڕێژیم بە موعامەلە دابنێن و لەم ڕێگەوە هێندێک جار یارمەتیدەری تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیش بوون.
بەڵام یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەپێدانی سزای ئێعدام لەلایەن سەرانی کۆماری ئیسلامییەوە بەتایبەت لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، نیگەرانیی ئەوان بووە لە گەشەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و ئاخێزی جەماوەری کە پایەکانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی خستووەتە مەترسییەوە. کۆماری ئیسلامی باش دەزانێت کە بەرامبەر بە قەیرانی قووڵی ئابووریی سەرمایەداری، قەیرانی سیاسی، قەیرانی هۆویەتی، قەیرانی ناوچەیی و جیهانی داماو و بێتوانایە و بۆ تێپەڕین لێی هیچ ڕێگایەکی نییە. هێنانە سەر کاری “مەجلیسی شۆرای” یەکدەستی پادگانی، بە سەرۆکایەتیی پاسدارێکی جەنایەکار و دیاریکردنی ئیبراهیم ڕەئیسی مۆرەی ئەمنییەتی و قاتڵی دەیان هەزار لاو لە جەرەیانی کوشتارەکانی دەیەی ٦٠، هیچ شتێک نییە بێجگەلە خۆ ئامادە کردن بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تۆفانێک کە بەڕێوەیە. نیگەرانیی کۆماری ئیسلامی لە ڕووخانی لەئاکامی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کاتێک باشتر دەرکەوت کە مەجلیسی کۆنەپەرست لەم دوایانەدا یاسایەکی پەسند کرد کە بەپێی ئەم یاسایە تەنانەت ئەو هەواڵنێرانەش کە سەبارەت بە سزای ئێعدام و باقیی سزا دژە ئینسانییەکانی ڕێژیم هەواڵ و ڕاپۆرت ئامادە دەکەن، دەتوانن بەرەوڕووی سزای ئێعدام ببنەوە.
کۆماری ئیسلامی لەماوەی چوار دەیە لە دەسەڵاتی نگریسی، هەرکات هەستی بەوە کردووە کە کەتووەتە ژێر مەترسیی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و جەماوەرییەوە، زیاتر ڕووی کردووەتە ئێعدام و کردەوەی سەرکوتگەرانە. بەڵام سەرکوتگەریی کۆماری ئیسلامی دژبە خەباتی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ستەملێکراو کارایی ڕابردووی خۆی نەماوە، چونکە بۆ ڕەهایی و ڕزگاری ڕێگایەک بێجگەلە تێپەڕینی شۆڕشگێڕانە لە کۆماری ئیسلامی بوونی نییە.