
ڕۆژی شەممە ٢٤ی مانگی ڕەزبەر ڕاپۆرتێک لە لایەن ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەی کۆماری ئیسلامی لە میدیاکانی ئێرانەوە سەبارەت بە باروودۆخی نالەباری ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی بڵاوکراوە. لەم ڕاپۆرتەدا کە گۆیا لە چەند مانگی ڕابردوودا ئامادەکراوە، هۆشداری ئەوە دراوە کە ئەگەر هەرچی زووتر گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی ئابووریی کۆماری ئیسلامیدا ئەنجام نەدرێت، ڕێژەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بۆ نیوە دێتە خوارێ و ئابووریی وڵات تا ساڵی ١٤٠٣ دەگاتە سەر لێواری داڕمان. بێگومان خراپبوونی دۆخی ئابووری ڕژێم بابەتێکی تازە نییە. زۆرێک لە کارناسانی ئابووری بەلەبەرچاوگرتنی نیشانە بابەتییەکانی ئابووریی ئێران، ساڵەها پێشتر پێشبینییان کردبوو کە ئابووریی کۆماری ئیسلامی، ئەم ڕێگایەی ئێستا دەپێوێ.
لەڕاستیدا قەیران و ئیفلاسی ئابووریی کۆماری ئیسلامی ڕیشەی لە قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداریی ئێران دایە و خۆی لە بوارانەدا نیشان داوە: بێتوانایی سەمایەداریی ئێران لە بەرهەمهێنانەوەی بەرین و ڕکوودی بەرهەمهێنانی سەنعەتی، چوونەسەرەوەی نەختینە، قەیرانی وەدیهاتنی بەها لە ئاکامی هاتنە خوارەوەی کارەساتباری توانای کڕینی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران، ڕکوودی سەرمایەگوزاری لە بواری بەرهەمهێنانی کەشاوەرزی و خۆراک بەهۆی سیاسەتی وێرانکەری ژینگەیی. ڕژیمی ئیسلامی نەتەنیا ناتوانێ قەیرانی سەرمایەداریی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات بەڵکوو خۆی بەخاتری پێکهاتەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک و یاسایی، هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندن و قووڵ بوونەوەی قەیرانە. هەڵبەت لە پەنا ئەم هۆکارە سەرەکییانەوە، هۆکاری دیکەش لەم داڕمانە ئابووییەی کۆماری ئیسلامیدا دەورونەخشی ئەساسییان بینیوە. بۆ نموونە تەرخان کردنی بوودجەی بەرین بۆ پڕۆژەی هەستەیی، مووشەکی و تەسلیحاتی و پێکهێنانی دەزگای پان و بەرینی ئەمنی و نیزامی بە سەدان هەزار پێرسۆنێل و گرتنەبەری سیاسەتی پڕهەزینەی دەست تێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە و تەرخان کردنی بوودجەی کەمەرشکێن بۆ پێکهێنان و تەیارکردنی ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامییەکان بە ئامانجی پاراستن و مانەوەی دەسەڵاتەکەی. بەڵام گرتنەبەری ئەم شێوەکار و سیاسەتانە بە قیمەتی هەژاری و فەلاکەتی ژیان و گوزەرانی ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئێران بووە. هەڵبەت بەم فاکتۆرانە، پێویستە گەندەڵی و دزیی هەزاران ملیاردیی بەرپرسان و دەست و پێوەندەکانی حکوومەت بەتایبەت سەران و فەرماندەکای سپای پاسداران و دەزگای ڕووحانییەت زیاد بکرێت. ئەو دزییانە جاروبارە لە ململانێی باڵەکانی ناو دەسەڵاتدا وەدەر دەکەون. هەڵبەت کاریگەریی وێرانکەری گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و باقیی وڵاتانی دیکە دژبە ئابووریی ئێران و پێکهێنانی بەربەستی نێوەنەتەوەیی بۆ دەستڕاگەیشتنی ڕژیم بە پارە و ئیمکاتی ماڵی، پێویستە بە هۆکارێکی دیکەی ئیفلاسی ئابووریی ڕژیمی ئیسلامی بێتە ئەژمار. کاریگەریی تێکدەرانەی ساڵەها گەشەی ئابووری نەرێنی و لەسەرەوە بوونی تەوەرۆم و کەسریی بوودجەی ساڵانە ٣٧ لەسەد و دابەزینی بەردەوامی بەهای دراوی وڵات و بەردەوامی داخستنی کارگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانیش، لە هۆکارەکانی ناکارامەیی ئەم پێکهاتە ئابوورییە و بێتوانایی و زەبوونیی دەسەڵاتی ئیسلامییە. سەران و بەرپرسانی ڕژیم ناتوانن بە درۆ و فریۆ و سەرکوت، حاشا لەم ڕاستییانە بکەن. ناتوانن دواهاتە ماڵوێرانکەرەکانی بێکاری و هەژاریی تۆخ لەسەر ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا پاساو بکەن.
هەر لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەدا هاتووە کە تەنانەت ئەگەر گەمارۆ ئابوورییەکان هەڵوەشێنەوە و ڕۆژانە دوو و نیو ملیۆن بۆشکە نەوت بفرۆشرێت، دیسان تەوەرۆمی ساڵی داهاتوو نزیک بە ٣٠ لەسەد دبێت و هاتنە خوارەوەی بەهای تمەنیش هەروا بەردەوام دەبێت بەڵام بە خێراییەکی کەمترەوە. ئەوەش بەو مانایەیە کە گەمارۆکان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پێکهێنانی قەیرانی ئابووریدا نەبووە. ناوەندی بەناو “لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕژیم” لە ڕاپۆرتی ئەم دوایانەدا وێڕای ئاماژە بە کەسریی بوودجەی ٣٢٠ هەزار ملیارد تمەنیی دەوڵەتی ڕەئیسی تا کۆتایی ئەمساڵ، بوونی ئەم ڕەوتە و مەسیری داڕمانی ئابوویی ڕژیمی پشتڕاست کردەوە. بانکی ناوەندیی ڕژیمیش چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئامارێکی دایە دەرێ کە نیشانی دەدات ڕێژەی قەرزەکانی دەوڵەت بە بانکەکان لە گەلاوێژی ئەمساڵدا لەچاو ساڵی ڕابردوو ٣٥ لەسەد زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٦٥٥ هەزار ملیارد تمەن. بێگومان ئیفلاسی ئابووریی ڕژیم بەمانای نابوودیی بانک و سندووقەکانی پاشکەوت و سپاردە و تەئمینی ئیجتماعی دەبێت. لەو نێوەدا بێگومان زەرەرمەندی سەرەکی جەماروری کەم داهاتی کۆمەڵگان.
هەتا ئێستا ڕێفۆرمی پێشنیارکراوی ناوەند و دامەزراوە ماڵی و ئابوورییەکان نەیتوانیوە لە چارەسەرکردنی قەیراندا کارساز بێت. هێندێک هەوڵی ڕواڵەتی و کاتیی دەوڵەت بۆ حاشالێکردن لە حەقیقەتە ئابووریەکانی وەک فرۆشتن و هەڕاج کردنی مڵکی گشتی لەژێرناوی فرۆشی ئەوراقی قەرزە و دەستبردن بۆ ماڵی خەڵک لە ڕێگەی بانک و سندووقەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی و خانەشینی و هێتر، بۆ بەناو “بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا”، پێویستە بە حیسابی شەیادی و فریوکاریی حکوومەتی ئیسلامی لەقەڵەم بدرێت. داڕمانی ئابووری لە وەها پێکهاتەیەکدا تەنانەت ئەگەر گەمارۆکانیش هەڵوەشێنەوە، دیسان چارەنووسی حەتمیی ڕژیمی ئیسلامییە. ئەم ڕژیمە کە نە دەتوانێ بێکاری و تەوەرۆم کۆنتڕۆڵ بکات و نە دەتوانێ ڕەونەقی ئابووری پێکبێنێت، چۆن دەتوانێ وڵامدەرەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵکی زەحمەتکێش لەوانە مەسکەن و ئاو و بەرق و بێهداشت و سڵامەتی بێت؟ چۆن دەتوانێ حەقدەستی کرێکاران لەگەڵ دابین کردنی هەزینەی سەبەدی گوزەران هاوسەنگ بکات؟ لە حاڵێکدا کە تەنانەت سەرۆکی ” شۆرای کار”ی ڕژیم باس لەوە دەکات کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا توانی کڕینی کرێکاران ٣٢ و چوار دەهومی لەسەد هاتووەتە خوارێ و حەقدەستەکانی ئێستا تەنیا یەک سێهەمی هەزینەی بژێویان دابین دەکات، ڕژیم چۆن دەتوانێ وڵامدەەرەوی خواستە ئابوورییەکانی موعەلیمان، خانەنشینکراوان و پەرستاران بێت؟
کۆماری ئیسلامی هیچ وڵام و ڕێگاچارەیەکی بێجگەلە داسەپاندنی هەژاری و برسییەتی لەڕێگەی دەستبردن بۆ ئامرازی سەرکوت، کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بۆ مانەوەی خۆی پێکیهێناوە، نییە. ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە تەنانەت لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڤایروسی کۆرۆنا کە ئێستا بووەتە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی ئێران، داماو و بێتوانایە.
لەڕاستیدا بۆ سەرمایەداران و سەرانی ڕژیم و کارگێڕان و دەست و پێوەندەکانیان کە لەڕێگەی دزی و ڕانتخۆری و چەوساندنەوەی هێزی کاری کرێکارانەوە بە سەروەت و ئیمکاناتی بەرینی ماڵی گەیشتوون، هیچ فەرقێکی نییە کە ڕێژەی تەوەرۆم و گرانی و بێکاری چەندە بێت. بەڵام درێژەی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی بۆ کرێکاران و باقیی توێژە بێبەش و کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا بە مانای داسەپاندنی مەرگەساتە. کەوابوو بۆ ئەواینش خەبات لەپێناو پاشەکشە پێکردن بە دەستدرێژییەکانی دەسەڵاتی سەرمایەی ئیسلامی بۆسەر ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەیان و سەرەنجام لەگۆڕنانی ئەم دەسەڵاتە دژەمرۆییە و بەربەرییەتەی سەدەکانی ناوەڕاست، حەتمییە.