
دوای لاوازبوون و لێکهەڵوەشانی حیزبوڵڵا و حەماس بەهۆی شەڕی تاوانکارانە و جینۆسایدی ئیسرائیل لە فەلەستین و لۆبنان، لەئێستادا ئەمریکا لە هەوڵی سڕینەوە یان گۆڕینی پێکهاتەی دوو هێزی دیکەی “میحوەری موقاومەت”ی کۆماری ئیسلامیدایە کە بریتین لە حەشدی شەعبی و حوسییەکان. دەوڵەتی ئەمریکا لە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل دەمێکە بەنیازە بە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی بەرین لە پێکهاتەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی پەیوەندی ئەوان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی فشار و هەڕەشەی نیزامییەوە بپچڕێنێت.
لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە چواری مانگی خاکەلێوە پارلەمانی عێراق پەسەندکردنی پڕۆژە یاسایەکی سەبارەت بە حەشدی شەعبی خستە دەستووری کارەوە. ئەم پڕۆژەیە کە ناوی “یاسای گرووپی حەشدی شەعبی”یە ١٨ ماددە لەخۆدەگرێت و یەک مانگ لەمەوبەر لەلایەن هەیئەتی وەزیرانی دەوڵەتی عێراقەوە پەسندکرا. بە پەسەندکرانی ئەم پڕۆژە یاسایە هەموو گرووپەکانی حەشدی شەعبی کە هەتا ئێستا هەر کامیان لە چوارچێوەی گرووپ و دەستەیەک لە ڕەوتە شیعەکانی سەربە بە کۆماری ئیسلامی چالاکییان کردووە، وەک هێزێکی واحدی نیزامی، دەخرێنە ژێر فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کە سەرۆک وەزیرانە. بەپێی ئەم یاسایە ئەندامانی گرووپی حەشدی شەعبی نابێ سەر بە هیچ حیزب و گرووپێکی سیاسی بن. نابێ هیچ جۆرە کار و چالاکییەکی حیزبی بکەن. ژمارەی حسابی ئەم گرووپە دەبێ لەژێر کۆنتڕۆڵی وردی دیوانی باڵای چاوەدێریی دارایی دەوڵەتی عێراقدا بێت. ئەرکی گرووپی حەشدی شەعبی بەرگری لە سیستمی یاسای بنەڕەتی و “دیموکراسیی عێراق” و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆر دەبێت. ئەم گرووپە خاوەنی یەک فەرماندەیی و ١٦ ناوەند دەبێت. پێگەی فەرماندەی گرووپی حەشدی شەعبی کە بەرپرسایەتیی کۆنتڕۆڵکردنی هەموو چالاکییەکانی ئەم گرووپەی لە ئەستۆیە، لەئاستی وەزیردا دەبێت.
پێدەچێت بەرپرسانی حیزبە شیعەکانی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی”یش کە هەتا ئێستا پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەبووە و پارێزەری بەرژەوەند و بەڕێوەبەری سیاسەتەکانی ڕژیمی ئیسلامی بوون، بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان ناچار بە قەبووڵکردنی ئەم یاسایە بوون. چونکە ئەمریکا بەشێوەی جیددی هۆشداری بە عێراق داوە کە ئەگەر ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ نەکرێت شەڕی لۆبنان و غەززە، عێراقیش دەگرێتەوە. لە ئەگەری جێبەجێ کردنی ئەم یاسایەدا پێکهاتەی حەشدی شەعبی لە هێزێکی نیابەتیی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی ژێر فەرمانی دەوڵەتی عێراق دەگۆڕدرێت. پێدەچێت کۆماری ئیسلامیش مەجبوور بووبێت جێبەجێ کردنی ئەم پڕۆژەیە قەبووڵ بکات. لەم پەیوەدییەدا ڕۆژنامەی “شەرقولئەوسەت” ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی نیگەرانی لە پەرەسەندنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ عێراق، حەفتەی ڕابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سپای قۆدسی ڕەوانەی بەغدا کردووە تا بە ڕێبەرانی حیزب و گرووپە چەکدارەکانی نزیک بە ڕژیم هۆشدار بدات کە لەم قۆناغە هەستیارەدا لە ئەنجامدانی هەرجۆرە هێرشێکی نیزامی دژبە ئەمریکا و ئیسرائیل خۆبەدوور بگرن. ئەگینا عێراقیش وەک حوسییەکان هێرشی دەکرێتە سەر. هەڵبەت بوونی عێراق بە بەرەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بە مانای پەرەسەندنی بەرینایی شەڕی ئەم دەوڵەتانە دژبە کۆماری ئیسلامییە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی جیددیی کۆماری ئیسلامی.
هەروەها لە پەیوەند لەگەڵ حوسییەکان، وەک بەشێکی تر لە هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”، قۆناغی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لەماوەی دە ڕۆژی ڕابردوو، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی زیاتر لە ڕابردوو لەئاست پەرەسەندنی شەڕ بۆ ناو ئێران نیگەران کردووە. ڕۆژی شەممە ٢٥ی مانگی ڕەشەممە ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە پەیامێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کرد کە فەرمانی دەستپێکردنی قۆناغێکی دیکەی لە هێرشی نیزامی بۆسەر بنکەکانی حوسییەکان دەرکردووە. ئەو لە پەیامەکەیدا وێڕای هۆشدار بە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی ناردنی یارمەتی و پشتیوانی لە حوسییەکان ڕایگەیاند کە لەمەبەدوا کۆماری ئیسلامی لە هەر هێرشێکی نیزامیی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی ناوچەکە بە بەرپرسیار دەزانێت. لەم ماوەیەدا بۆردومانەکانی ئەمریکا زیانێکی زۆری بە پێگە سەربازییەکانی حوسییەکان و ناوەندە سیاسی و ئەمنییەکان و ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی یەمەن گەیاندووە.
لەلایەکی دیکەوە لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا حوسییەکان کە بەشێکی زۆری باکوور و ناوەڕاستی یەمەنیان لە کۆنتڕۆڵدایە، بە هاویشتنی مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور دەستپێکردووەتەوە. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٣ی مانگی خاکەلێوە وتەبێژی نیزامیی حوسییەکان باسی لەوە کرد کە مووشەکی بالیستیکیان بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی “بێن گۆریۆن” لە ئیسرائیل هاویشتووە و ڕایگەیاند کە ئامانجەکەیان پێکاوە و بەهۆیەوە نیو سەعات هاتوچۆی ئاسمانیی ئەم فڕۆکەخانەیە ڕاگیراوە. زۆرێک لە کارناسانی نیزامی، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان بۆ هاوکاریی ئەو فەرماندانەی هێزی قۆدسی سپای پاسداران دەگێڕننەوە کە لەم دواییەدا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ یەمەن ناردراون. چاوەدێرانی سیاسی پێشبینی دەکەن کە ئاکامی درێژەی دەستتێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە یەمەن دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی ئاگری شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ناو ئێران. دەوڵەتی عێراقیش کە نیگەرانی پەرەسەندنی شەڕی یەمەن لە ناوچەکەیە، ڕۆژی ٣٠ی مانگی ڕەشەممە “عادڵ عەبدولمەهدی” سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی ڕەوانەی سەنعا کرد تا حوسییەکان لە ئاکامە مەترسیدارەکانی هاویشتنی مووشەک بەرەو ئیسرائیل و کەشتییە نەوتبەرەکان لە دەریای سوور ئاگادار بکاتەوە. بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان ناوبراو ئەو پەیامانەی لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا ئاڵوگۆڕ کراون بە ڕێبەرانی حوسییەکان دەگەیەنێت. ئەو هەروەها داوایان لێدەکات کە باقیی دەفتەرەکانیان لە عێراق و بەتایبەت دەفتەری سەرەکییان لە بەغدا دابخەن بۆ ئەوەی عێراق نەکەوێتە بەر هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکاوە.
تاقمی کۆنەپەرستی حوسی لە بارودۆخێکدا بەشی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی لە یەمەن بە پاساوی بەرگری لە ئیسلام و خەڵکی فەلەستین دەرگیری شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە کە خەڵکی ستەمدیدەی یەمەن وەک هەژارترین وڵاتی ناوچەکە، لەگەڵ فەقر و هەژاری و برسییەتییەکی بێوێنە بەرەوڕوون. لە جەریانی شەڕی چەند ساڵە لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی و ئێستاش لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، هەزاران کەس لە خەڵکی یەمەن کوژراون و ماڵ و ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە لەناوچوون. ئەم شەڕە تاوانکارییانە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەند و قازانجی ئەم خەڵکە ستەملێکراوەوە نییە و ژیان و گوزەرانیانی لەگەڵ مەترسیی جیددیتر و نابوودی بەرەوڕوو کردووەتەوە. خەڵکی یەمەن هیچ ڕێگایەکیان نییە جگە لەوەی بە ئیعتڕازاتی خۆیان ڕێبەرانی جەنایەتکاری ئەنساروڵڵای حوسی ناچار بکەن کە لەوە زیاتر ژیان و گوزەرانیان نەکەنە فیدای بەرژوەندی ماددی و بیر و باوەڕی کۆنەپەرستانەی دەسەڵاتداریەتیی ئیسلامی.
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn