فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆماری ئیسلامی و نەرمشی قارەمانانە لە پشتی پەردەوە
شەممە ۳۰-۰۴-۱۴۰۳   |  20-07-2024

هاتنەدەری ناوی مەسعوود پزیشکیان وەک “سەرۆک کۆمار”ی حکوومەتی ئیسلامی لە سندووقەکانی دەنگدان لە هەشتی مانگی پووشپەڕ، هیچ کۆمەکێک بە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە هەمەلایەنانەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان خستووەتە ژێر فشارەوە، ناکات. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و بەردەوامبوونی بەشێوازی جۆراوجۆر یەکێک لە ئاکامەکانی توندبوونەوەی قەیران و کێشمەکێش و ناکۆکی لەنێوان باڵەکانی حکوومەت بوو. بەجۆرێک کە باڵی ئوسوولگەرا لە شانۆی هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا سەرەڕای دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران نەیتوانی لەسەر ناساندنی کاندیدێک یەکدەنگ و هاوڕا بێت. ئێستا کە لەدوای مەرگی ڕەئیسی و لە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەدا پزیشکیان بووەتە سەرۆک کۆمار، سەرانی سپای پاسداران و خامنەیی دەیانهەوێ وەک دەرفەتێک بۆ بەدواداچوونی دانوستان و سازانی پیشتی پەردە لەگەڵ ئەمریکا لەپێناوی لابردنی ئەو گەمارۆیانەی کە لە سەردەمی ڕەئیسییەوە دەستیپێکردووە، کەڵک وەرگرن. پزیشکیان وێڕای ئەوەیکە ناتوانێ ببێتە بەربەست بۆ ئاڵقەی بەرتەسکی دەسەڵاتی سپا و خامنەیی، هاتنە سەر کاری دەتوانێ چرایەکی سەوز لەلایەن ئەوانەوە بە ئەمریکا لەقەڵەم بدرێت. تا نیشانی بدەن لە قەیرانی ئەتۆمیی ئێستادا ئامادەی نەرمشی قارەمانانەیەکی دیکەن بەئامانجی لابردنی تەحریمەکان. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت نیگەرانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا لە مانگی نوامبری ئەمساڵ و هاتنە سەر کاری ترامپە و هەوڵ دەدات بەشێوەیەکی ڕەسمی لەگەڵ دەوڵەتی ترامپ بە سازانێکی ئابڕوومەندانە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بەمەستی لابردنی تەحریمەکان بگات تا لەژێر باری قەیران و وەرشکستەیی ئابووری دەربازی بێت.

هەر بەم مەبەستە باقری کەنی سەرپرستی وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمیان ڕەوانەی ئەمریکا کرد تا لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی مانگی پووشپەڕ، ئەم پەیامە بگەیەنێت. باقری لە بەشێک لە وتارەکەی خۆی لە شۆرای ئەمنیەت وێڕای ئاماژە بە ئینتخابی پزیشکیان وەک سەرۆک کۆمار وتی: «جەنابی دکتور پزیشکیان ڕایانگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتەکەی، کردنەوەی ئاسۆی نوێیە و پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ دەوڵەتەکانی دیکە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و هاوکاری دەبێت”. ناوبراو هەروەها لە وتووێژ لەگەڵ گۆڤاری نیوزویک ڕایگەیاند کە: « کۆماری ئیسلامی لە بەرەی سیاسەتی دەرەوەدا، بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە بەرجام لەگەڵ ئەمریکا بە مەبەستی گەڕاندنەوەی بەشداریی هاوبەش لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا ڕێبازێکی کراوە پەیڕەو دەکات و بۆ ئەم بابەتە ئامادەیە». ئەم قسانەی باقری لەگەڵ هەڵوێستەکانی پێشوویدا دژایەتییەکی ئاشکرایان هەیە. باقری دوو مانگ پێش ئێستا دانی بەوەدانابوو کە “لە ئێستادا شتێکمان بە ناوی دانوستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان نییە. ئێمە تەنها لەسەر هەڵگرتنی سزاکان ئامادەین لەگەڵیان وتووێژ بکەین. هەروەها لەژێر چاودێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییدا بەدواداچوون بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکان دەکرێت”.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە دوای هاتنە سەر کاری دەوڵەتی بایدن دەستی پێکردبووەوە. دەوڵەتی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە: «سەرەڕای هاتنەسەرکاری مەسعوودی پزیشکیان و گۆڕانی دەوڵەت لە ئێران، ئەمریکا ئامادەی دەسپێکردنەوەی دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نییە». ئەمریکا ویستی بەم پەیامە ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە کۆمەکی پەهبادی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بە ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین نیشان بدات. هەروەها لە بارودۆخێکدا کە دەوڵەتی بایدن لەگەڵ کێشەوگرفتی زۆر چ لە ناوەوە بەخاتری پێگەی لاوازی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و چ لە دەرەوە بەخاتری دەرگیربوونی لەگەڵ شەڕ و کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل دژبە خەڵکی فەلەستین و هەروەها شەڕی ئۆکراین ڕووبەڕوویە، بەدواداچوون بۆ بەرقەرارکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و دانوستانی ئەتۆمی و لابردنی گەمارۆکان لە دەستووری کاریدا نییە.

هەڵبەت تا ئەو جێیەی پەیوەندی بە هاتنە سەر کاری پزیکشیانەوە هەیە ئەمریکا و هەر کەسێکی تر دەزانێ کە لە حکوومەتی ئیسلامیدا سیاسەتە سەرەکییەکانی ناوخۆ و دەرەوە نەک لەلایەن دەوڵەت و سەرۆک کۆمارەوە، بەڵکوو لە لایەن ئاڵقەی ناوەندیی سپای پاسداران و عەلی خامنەییەوە دادەڕێژرێت. کەوابوو پزیشکیانیش سەرەڕای هەموو بەڵێنە بێ بنەماکانی لە جەریانی تەبلیغاتی ئینتخاباتی، هەروەک هەموو هاوڕەدیفەکانی ڕابردووی خۆی، لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا هیچ نەخشێکی نابێت. هەڵبەت عەلی خامنەیی لە سەردەمی ڕەئیسیشدا بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا چرای سەوزی نیشان دابوو و ئێستاش موافقیەتی. قسەوباسی فریوکارانەی خامنەیی ڕوو بە پزیشکیان کە دەبێ درێژەدەری ڕێگای ڕەئیسی بێت و دووری بکات لە سپاردنی کارەکان بە دەستی کەسانێک کە هۆگری سیاسەتی نزیکایەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکان، زیاتر ئامانجی ناوخۆیی هەیە. پزیشکیان ڕۆژی ٢٣ی مانگی پووشپەڕ لە یادداشتێکی کورتدا لەژێرناوی “پەیامی من بۆ جیهانی نوێ” کە لە “تاران تایمز” ڕۆژنامەی ئینگلیسی زمانی ڕژیمدا بڵاوکراوە، باسی لە بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان و دەوڵەتانی عەرەبی و چین و ڕووسیە کرد. لە هەمان کاتدا ئامادەیی کۆماری ئیسلامی بۆ وتووێژی سازندە لەگەڵ دەوڵەتانی ئورووپایی دەربڕی و وتی کە ئەمریکا دەبێ شێوازێکی دیکە لە پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بگرێتە بەر. ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمریکا ڕایگەیاندووە پزیشکیان ناتوانێ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێکبێنێت و حازر بە موزاکرە لەگەڵ ڕژیم نییە.

هەڵبەت نەرمشی قارەمانانەی ڕژیم لە بەرامبەر ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا ئەگەر نەبێتە هۆی لاچوونی گەمارۆکان، کۆماری ئیسلامی لە قەیرانی هەمەلایەنەی ئابووری و قەیرانەکانی دیکە ڕزگار ناکات. ئەگەرچی ئەم گەمارۆیانە جەنایەتکارانەن و هەتا ئێستا دووکەڵەکەی چووەتە چاوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانەوە و دەبێ هەڵوەشێنەوە، بەڵام سیاسەتی فراوانخوازیی ئەتۆمی و ناوچەیی کۆماری ئیسلامی لە داسەپاندنی ئەم گەمارۆیانەدا ڕۆڵی سەرەکییان بینیوە. کەوابوو درێژەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا بە مانای درێژەی هەژاری و برسیەتی و سەرکوت و نائەمنییە و هەر ئەم حەقیقەتە سادانە، ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارەی کردووەتە پێویستییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی.