بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنییەوە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئاڵمان گەشتەکانی بۆ تارانی پایتەختی ئێران راگرت.
کۆمپانیای «لۆفتهانزا»ی ئاڵمان بۆ فڕۆکەوانی کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە؛ بڵاویکردەوە، ‘بەهۆی بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسییە ئەمنییەکانەوە’ گەشتەکانیان بۆ تارانی پایتەختی ئێران ڕادەگرن و رێگەشنادەن هیچ فڕۆکەیەک لە تارانەوە بەرەو ئاڵمان بفڕێت.
کۆمپانیای لۆفتهانزا باسی لەوەش کردووە، “بە وردی” چاودێریی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و سەلامەتی گەشتیاران لەبەرچاو دەگرن، هەر بۆیە گەشتەکانیان بۆ تاران راگرتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشبینی دەکرێت لەم چەند رۆژەدا کۆماری ئیسلامی وەڵامی هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەیان لە دەمشقی پایتەختی سووریە بداتەوە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک فەرماندە و سەربازی سپای پاسداران کوژران و بریندرابوون.