کۆمپانیای ئەیرباس گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکە بە ئێران ئەیری هەڵوەشاندەوە
چوارشەممە ۲۷-۱۰-۱۴۰۲   |  17-01-2024
کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئەیرباس، یەکلایەنە گرێبەستی گەیاندنی ١٠٠ فڕۆکەی بە کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئێران ئەیری هەڵوەشاندەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار، حیسام قوربان عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ڕژیم ڕایگەیاند، ئەو گرێبەستەی کە کۆمپانیای ئەیرباس هاوکات لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام هەڵیپەساردبوو، ئێستا بەفەرمی هەڵوەشاوەتەوە.
ئەم داواکارییە لە ساڵی ١٣٩٤دا لەلایەن هێڵی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامی دوای کەمکردنەوەی گەمارۆکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سیاسی سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی ڕژیم دەرچووبوو.
مەرجی تەواوکردنی ڕێککەوتنی کۆمپانیای ئەیرباس، وەرگرتنی مۆڵەتی هەناردەکردن لە حکوومەتی ئەمریکا بوو چونکە بۆ دروستکردنی فڕۆکەکانی ئەیرباس کەڵک لە پارچەی ئەمریکایی وەرگیراوە.