
هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی وەبیرهێنەرەوەی یەکێک لەو تاوانە سامناک و دڕندانەیە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئەنجام دراوە. ٣٨ ساڵ لەمەوبەر و لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧دا، ڕژیمی ئیسلامی دەستی دایە تاوانێک کە هێشتاش ئاسەوار و بەڵگەکانی شایەتحاڵی زیندووی دڵڕەقی و دڕندەیی دەسەڵاتدارانی ئەم ڕژیمەن. خومەینی و ڕاوێژکارە سەرەکییەکانی وەک ڕەفسەنجانی، خامنەیی و ڕۆحانی، کە لە تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و جەماوەری ئێران پاش تێکشکانی زەبوونانەی ڕژیم لە شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان ئێران و عێراقدا دەترسان، بە ئامانجی تۆقاندنی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە شەڕ و نەهامەتیی ئابووری، بەرنامەیان بۆ کۆمەڵکوژیی زیندانیان داڕشت. بە وتەی عەلی ڕازینی، سەرۆکی ئەوکاتی ڕێکخراوی دادوەریی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی کۆمەڵکوژیی زیندانیان لە ساڵی ٦٧دا یەکێک بووە لە هەنگاوە گرنگەکانی خومەینی لە کۆتایییەکانی تەمەنیدا، کە بە قسەی خۆی “ڕێڕەوی داهاتووی بزووتنەوەی حکوومەت”ی ڕوون کردووەتەوە. قەتلوعام و کۆمەڵکوژیی بەرنامەبۆداڕێژراوی زیندانیانی سیاسی لە سیاچاڵەکانی ئێراندا، لە ڕۆژی هەینی ٢٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٧، واتە تەنیا یەک ڕۆژ پاش نۆشینی جامی ژەهر و قبووڵکردنی ئاگربەست لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق، و لەسەر فەرمانی خومەینی، ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامی، دەستی پێ کرد. لەم ڕۆژەدا پەیوەندیی زیندانە سەرەکییەکانی ئێران لەگەڵ دەرەوەدا بەتەواوی پچڕا و لە ماوەی نزیکەی دوو مانگدا تاوانێک خوڵقا کە کۆمەڵگەی ئێرانی بۆ چەندین ساڵ نوقمی پەژارەیەکی مەرگبار کرد.
لەسەر فەرمانی خومەینی، دەستەیەکی تایبەت کە دواتر بە “لێژنەی مەرگ” ناوی دەرکرد و پێکهاتبوو لە مورتەزا ئیشراقی (دادستانی ئەوکات)، ئیبراهیم ڕەئیسی (جێگری ئەوکاتی دادستان)، حوسێنعەلی نەییری (حاکمی شەرعی ئەوکات) و مستەفا پوورمحەممەدی (نوێنەری ئەوکاتی وەزارەتی ئیتلاعات لە زیندانی ئێڤین)، پێکهێنرا و بوونە بەرپرسی بەڕێوەبردنی پڕۆژەی کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی. لەو ڕۆژانەدا، ماشێنی کوشتار و تاوانی ڕژیمی ئیسلامی هەزاران زیندانیی بە ئاراستە و بیروباوەڕە جیاوازە سیاسییەکانەوە دایە دەست جوخەی مەرگ. مونتەزیری لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا بە پشتبەستن بەو ڕاپۆرتانەی پێی گەیشتبوو، ژمارەیانی لە نێوان ٢٨٠٠ بۆ ٣٨٠٠ کەس خەمڵاندووە، بەڵام بەپێی هەندێک ڕاپۆرتی دیکە، لەم تاوانە سامناکەدا ٥ بۆ ٦ هەزار مرۆڤی تێکۆشەر لەپێناو پێداگری لەسەر بیروباوەڕ و ئامانجەکانیان، گیانیان بەخت کرد. ڕژیم تەنیا پاش ٤ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، بنەماڵەی قوربانییەکانی لە لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانیان ئاگادار کردەوە و هەر پاش ئەم ڕێکەوتە بوو کە جەماوەری ئێران لە ڕوودانی ئەم تاوانە دژەمرۆڤایەتییە لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا ئاگادار بوونەوە. بەدوای ئەم تاوانەدا، ڕژیم هەزاران زیندانیی لەسێدارەدراوی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گۆڕستانی خاوەراندا شاردەوە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە هاوکات لە ناوچەکانی دیکەی ئێران و لەوانەش لە کوردستاندا جێبەجێ کرا، بە جۆرێک کە ئەمڕۆ لە ڕاستیدا نەک تەنیا دەبێت باس لە گوڵزاری خاوەران، بەڵکوو باس لە گوڵزارەکانی خاوەران لە سەرتاسەری ئێراندا بکرێت.
لە کاتی ڕوودانی کۆمەڵکوژییە خوێناوییەکەی ٦٧دا، دەوڵەتانی ئەورووپا و ئەمریکا و شارەزایانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، نەک هەر ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەم کۆمەڵکوژییە دەرنەبڕی، بەڵکوو بە نهێنی مۆری تەئیدیان لێ دا. میدیا بەناو ئازادەکانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان، ئاگایانە پەردەیان بەسەر کارەساتی کۆمەڵکوژیی هەزاران زیندانیی سیاسیدا کێشا. دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی، ئەم پارێزەرە درۆینانەی مافی مرۆڤ، کە سیاسەتی یارمەتیدانیان بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی گرتبووە بەر، دەستی سەرانی ڕژیمیان بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆمەڵکوژییە ئاوەڵا هێشتەوە. ئەوان پاش ئەوەی سەرانی ڕژیمیان ناچار بە قبووڵکردنی شکست لە شەڕی ئێران و عێراق و نۆشینی جامی ژەهر کرد، گڵۆپی سەوزیان بۆ حاکمانی ئیسلامیی ئێران هەڵکرد کە بۆ پێشگرتن لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە و ئارامکردنەوەی ئێران بۆ چەوساندنەوە و تاڵانکاریی سەرمایەداریی جیهانی، دەتوانن دەست بۆ هەر تاوانێک ببەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، نەتەوە یەکگرتووەکان کە مەڵبەندی نێونەتەوەیی ئەم زلهێزە سەرمایەدارییانەیە، لە ئاست ئەم تاوانە خوێناوییە سیاسییەدا بێدەنگیی گرتە بەر و بە نهێنی مۆری پەسەندکردنی پێوە نا.
لەم ڕۆژانەدا و لە سی و هەشتەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسیدا، بە هیممەتی تێکۆشەرانی سیاسی و ڕزگاربووانی قەتلگاکانی ئێڤین، ڕەجاییشار، عادڵئاباد، دیزڵئاباد و زیندانی سنە و شوێنەکانی تر، هەروەها بە هیممەتی بزووتنەوەی دادخوازانەی دایکانی خاوەران و جەماوەری ئازادیخوازی ئێران، دۆسیەی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر کاتێکی تر کەوتووەتە بەر سەرنجی ڕای گشتیی جیهان. لەژێر گوشاری بزووتنەوەی دادخوازیدا، حەمید نووری، یاریدەدەری پێشووی داواکاری گشتی لە زیندانی گەوهەردەشت و یەکێک لە بەکرێگیراوە تاوانکارەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بە تاوانی دەستهەبوون لە کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٦٧دا، لە دادگای ستۆکهۆڵم سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا. ئەمەش دەستکەوتێکە کە تەنانەت ڕادەستکردنەوەی ئەم تاوانکارە بە کۆماری ئیسلامی لە پرۆسەی سەودایەکی قێزەوندا، هیچ لە گرنگییەکەی کەم ناکاتەوە. ئەمڕۆکە لەژێر گوشاری بزووتنەوەی دادخوازیی جەماوەری ئێراندا، تەنانەت شارەزایانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ناتوانن زیاتر لەمە پەردەپۆشی لەسەر ئەم تاوانە سامناکەی ڕژیمی ئیسلامی بکەن. بێگومان تۆمارکردنی کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی وەک تاوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە مرۆڤایەتی، دووبارەبوونەوەی لە جیهاندا دژوارتر دەکات.
پەرەسەندنی بزووتنەوەی دادخوازی دژ بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی، زەروورەتێکی خەباتە لە دژی ئەم ڕژیمە تاوانکارە و پێویستە بەردەوام بێت. بزووتنەوەی دایکانی گیانبەختکردووانی خاوەران سەرەڕای گوشاری بێئەمانی سەرکوت، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵانە بۆ ڕێزلێنان لە قوربانیانی ئەم کارەساتە، کار و چالاکیی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەهەندە نادیارەکانی ئەم کارەساتە، بەڕێوەبردنی دادگای دادخوازانە و سیمبولیک، ئاکسیۆنەکان و کەمپەینە تەبلیغییەکان لە ساڵوەگەڕی ئەم تاوانەدا و…، هەموو ئەمانە پێویستە تا ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی درێژەیان هەبێت. ئێستا کە لە چوارەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا نزیک دەبینەوە، زیاتر لە جاران بۆ ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی ئێران ڕوون بووەتەوە کە تا ئەو کاتەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەچۆکدا نەهێندرێت و سەرانە تاوانکارەکەی لە دادگای جەماوەری چەوساوەی ئێراندا دادگایی نەکرێن، نابێت چاوەڕوانی دادپەروەری بین. هەر بۆیە پێویستە بزووتنەوەی دادخوازیی دایکانی خاوەران و دایکانی گیانبەختکردووان، گرێ بخوات بە بزووتنەوەی مانگرتنی کرێکاران و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر و ناڕەزایەتیی بێبەشان و هەژارانی شارەکانەوە.
کرێکاران و جەماوەری ئێران، ئەنجامدەرانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، جێبەجێکاران و پەسەندکارانی ئەم تاوانە نە لەبیر دەکەن و نە دەیبەخشن.
یادی گیانبەختکردووانی قەتلوعامی ساڵی ٦٧ هەمیشە زیندوو و بەرزە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە