فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆمەڵگەی ئێران لەژێر گوشاری بۆمباران، سەرکوت و شەڕی دەروونیدا
دوشەممە ۱۷-۰۱-۱۴۰۵   |  06-04-2026

لە شیکردنەوەی هەر شەڕێکدا، خاڵی دەستپێک، گێڕانەوە فەرمییەکانی حکوومەتەکان و میدیا زاڵەکان نییە، بەڵکوو پێگە و دۆخی بابەتیانەی ئەو مرۆڤانەیە کە لەژێر باری ئەو شەڕەدا دەژین. سەبارەت بە ئێران، ئەوەی خەریکە ڕوو دەدات، هاوکاتبوونی سێ ڕەوتی وێرانکەرە: هێرشی دەوڵەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بۆمبارانە یەک لەدوای یەکەکان، سەرکوتی نێوخۆیی و، بەرهەمهێنانی ڕێکخراوی ئەو گێڕانەوانەی کە ڕاستییەکان چەواشە دەکەن. ئەم سێ ئاستە تێکئاڵاوە، هەلومەرجێکیان هێناوەتە ئاراوە کە تێیدا چینە چەوساوە و بندەستەکان، نەک هەر لە ئیمکاناتە مادییەکانی مانەوە، ئاسایش، ژیان و بژێوی بێبەش دەکرێن، بەڵکوو دەرفەتی تێگەیشتن و لێکدانەوەی سەربەخۆیانەی دۆخی خۆیشیان لەدەست دەدەن. هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ژێرخانە ژیانییەکان، لە ناوەندە پەروەردەیی و دەرمانییەکانەوە بگرە تا دەگاتە پیشەسازییەکانی پۆڵا و پترۆکیمیا و تۆڕەکانی وزە، تەنیا وێرانکردنی بینا و شوێنەکان نین. ئەم هێرشانە لە ڕاستیدا پەلامار دەبەنە سەر بنەماکانی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی. لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریدا وەک ئێران، هەر ئەم ژێرخانانە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە بەردەوامیی ژیانی ڕۆژانەی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا هەیە. لەناوچوونی ئەمانە بە واتای پەککەوتنی زنجیرەی بەرهەمهێنان، کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، و لە کۆتاییدا پەرەسەندنی هەژاری و نایەکسانییە. بە دەربڕینێکی دیکە، شەڕ تەنیا مرۆڤەکان ناکوژێت، بەڵکوو بە شێوەیەکی سیستماتیک هەلومەرجی ژیانی ئەو کەسانەش وێران دەکات کە زیندوو ماونەتەوە.

بۆمبارانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناکرێت بەدەر لە کێبڕکێی زلهێزە ئیمپریالیستی و ناوچەییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر سەرچاوەکانی وزە و کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکان و داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە شیبکرێتەوە؛ چ لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ و چ لە فۆڕمی شەڕە بەوەکالەتەکاندا. وێرانکردنی ژێرخانەکان زۆرجار زەمینە بۆ فۆڕمگەلێکی نوێ لە وابەستەیی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی ژێر هەژموونی زلهێزەکان خۆش دەکات؛ ئاوەدانکردنەوەیەک کە نەک لە خزمەت پێداویستییەکانی خەڵکدا نییە، بەڵکوو لەپێناو بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی جیهانیدا ڕێک دەخرێت.

لەم نێوەندەشدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش کە پایەیەکی ئەم شەڕەیە، بە پێکهاتەیەکی ئەمنی و ئایدۆلۆژیک و بە سەرکوتی ڕێکخراوی هەر جۆرە ڕێکخراوەیەکی سەربەخۆی کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران و هەر ڕێکخراوەیەکی تری کۆمەڵایەتی، کۆمەڵگەی لە ئامرازەکانی بەرخۆدان و مقاوەمەت بێبەش کردووە. دەیان ساڵ پەیڕەوکردنی سیاسەتە ئابوورییە نێولیبراڵییەکان کە لەسەر بنەمای تایبەت‌سازی و هەرزانکردنی هێزی کار، گەندەڵیی پێکهاتەیی و تاڵانکردنی سەرچاوە گشتییەکان بۆ نێو تۆڕەکانی دەسەڵات دامەزراون، پوتانسیێل و تواناکانی نێوەوەی کۆمەڵگەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان بە توندی لاواز کردووە. بەم چەشنە، شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی ئێستا لەسەر بەستێنێک ڕوو دەدات کە پێشوەختە لەلایەن سیاسەتەکانی سەرمایەداریی ئیسلامییەوە تووشی پرتووکان و نایەکسانییەکی قووڵ بووەتەوە.

بەڵام لەوانەیە یەکێک لە ڕەهەندە ئاڵۆزەکانی ئەم دۆخە، نەک لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا، بەڵکوو لە گۆڕەپانی وێناکردن و تێگەیشتندا فۆڕم بگرێت. لە هەلومەرجێکدا کە میدیا زاڵەکانی هەریەک لە لایەنەکانی تێوەگلاو، گێڕانەوەکانی خۆیان وەک حەقیقەت دەخەنە ڕوو، جۆرێک لە «شەڕی دەروونی» پێک دێت کە ئامانج لێی، زانیاری‌پێدان نییە، بەڵکوو فۆڕمدانە بە بیروڕا و هەستوسۆزی گشتی. لەم کەشوهەوایەدا، ئازار و مەینەتیی مرۆڤەکان کورت دەکرێتەوە بۆ ئامار و، وێرانیش وەک زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگر یان تەنانەت ئامرازێک بۆ «باشترکردنی داهاتوو» وێنا دەکرێت. گوتارێکی لەم شێوەیە، کە هەندێک جار لەلایەن بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستیشەوە سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنرێتەوە، خاوەنی کارکردێکی ئایدۆلۆژیکە. کاتێک وێرانکاری وەک پێشمەرجی پێشکەوتن وێنا دەکرێت، لە ڕاستیدا پەیوەندیی نێوان ئامراز و ئامانج سەرەوژێر دەکرێتەوە؛ لەوێدا کە پەیوەندییە ڕاستەقینەکانی دەسەڵات و چەوساندنەوە لەپشت وێنە فریودەرەکانەوە دەشاردرێنەوە. دووریی جوگرافیایی لە ڕاستیی ژیانی ئەو خەڵکەی کەوتوونەتە ژێر داروپەردوو و نەهامەتییەکانی شەڕەوە، بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی جۆرێک لە تێڕوانینی دەرهەست (ئەبستراکت) بەرامبەر بە شەڕ؛ تێڕوانینێک کە تێیدا توندوتیژی و وێرانکاری دەبنە بابەتێکی قابیلی تەحەمول یان تەنانەت دڵخواز لە ڕێڕەوی «تێپەڕین»ێکی گریمانەیی لە کۆماری ئیسلامی. ئەم ڕوانگەیە، لەبری ئەوەی پشت بە ڕێکخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆی کۆمەڵگە ببەستێت، چاوی بڕیوەتە دەستی زلهێزە دەرەکییەکان و، بەم شێوەیەش پشتی لە ڕۆڵی کارا و عاملییەتی مێژوویی خەڵک کردووە.

هیچ پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازانە لە ئێراندا ناتوانێت لەسەر ئەو کەلاوە و وێرانانە بونیاد بنرێت کە لەلایەن دەوڵەتە فاشیستەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئەواندا دروست بوون. ئەزموونە مێژووییەکان گەلێک جار سەلماندوویانە کە ئەو «ئازادی»یەی لە دەرەوە دەسەپێندرێت، زۆرجار دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی فۆڕمی نوێ لە وابەستەیی و هەژموون. لەم ڕووەوە، دژایەتیکردنی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و وێرانکەرە، لە خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی جیا نییە. پرسی سەرەکی لەم نێوەندەدا، وەرگرتنەوەی ئیرادە و دەوری کارای کۆمەڵایەتییە. لەم ڕوانگەوەیە کە خەباتی ڕێکخراوی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، بە خواستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و، هەروەها هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ڕابەرایەتییەکی سەرتاسەری لە ڕێگەی پێکەوەگرێدانی هەڵسووڕاوان و ڕابەرانی ئەم بزووتنەوانەوە، گرنگییەکی سیاسی و پراکتیکی پەیدا دەکات. بێگومان، تەنیا بە ئامادەیی و هاتنەمەیدانی ڕێکخراو و هۆشیارانەی چینی کرێکار و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگەدایە، کە دەتوانرێت ئاسۆی ڕزگاری بخرێتە بەردەم کۆمەڵگە.