کۆنگرەی ١٤ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ڕۆژانی ٥ و ٦ و ٧ی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی بەرابەر بە ٢٦ و ٢٧ و ٢٨ی جولای ٢٠٢٤ی زایینی لە سێ شوێن کە لەڕێگەی ئینتێرنێتەوە پێکەوە پەیوەنددرابوون و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و میوانانی دیکە بەشێوەی ئانڵاین حزووریان بوو، بەڕێوەچوو. لەم کۆنگرەیەدا بێجگەلە نوێنەرانی تەشکیلاتی شارەکانی ئێران و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب، چەند هەیئەتێک لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەریی ئێران – حێکمەتیست، سازمانی فەداییان ئەقەلییەت، سازمانی ڕاهی کاریگەر، ئیتحادی سۆسیالیستی کاریگەری، هەستەی ئەقەلییەت، ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستیی عێراق، ڕێکخراوە سۆسیالیستە کرێکارییەکانی ئەفغانستان، ڕێکخراوی ژنانی ٨ی مارس (ئێران – ئەفغانستان) و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەییەکانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی و کرێکاری و چالاکانی بزووتنەوەی ژنانی ئێران بەشداربوون. کۆنگرە بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی هاوڕێیانی حیزب کە لە ماوەی دوو کۆنگرەدا گیانیان بەختکرد و بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەست بەکار بوو و بە پەسندکردنی ئاییننامەیەکی ناوخۆیی و هەڵبژاردنی هەیئەتی بەڕێوەبەریی دایم، کارەکانی درێژە دا.
پاشان، دەبیری کۆمیتەی ئیجرایی حیزب لە وتاری دەستپێکدا بارودۆخی تایبەت و پڕ لە ئاڵوگۆڕی ئێرانی لە قۆناغی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و خێرایی گۆڕانکارییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و مەترسی و دەرفەتە خوڵقاوەکانی ئەم بارودۆخەی دایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لەم وتارەدا وێڕای ئاماژە بە بنەماکانی هەڵسەنگاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١ی هەتاوی و دەستکەوتەکانی، لەسەر پێویستیی دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە تەئکید کرا. لەم وتارەدا وێڕای ئاماژەدان بە قەیرانی گشتگیر و قووڵی ئابووری وکۆمەڵایەتی و ژێئۆپۆلیتیکی کە ڕژیم لە چنگیاندا گرفتارە، باسی ئەوە کرا کە ئاکامەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا قەیرانی حکوومەت و ناکۆکیی نێوان باڵەکانی ڕژیمی ئیسلامیی توندتر کردووە و دانانی پزیشکیان نەتەنیا ناتوانێ کۆمەک بە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە بکات، بەڵکوو بە قووڵکردنەوە و پەرەپێدانیان پێگەی ڕژیم لە بەرامبەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا لاوازتر دەکات. دانانی پزیشکیان بۆ کۆماری ئیسلامی دەرفەتی تازەکردنەوەی هێز نییە. بەپێچەوانە هەڵوێستی شکستخوازانەی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی کە گۆیا بزووتنەوەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی شکستی هێناوە، خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ئەمڕۆ قۆناغی کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتە خوڵقاوەکانی ئێستا و قۆناغی پێکهێنانی دەرفەتی نوێ بۆ هێرش کردنە سەر پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە. هەر لەم ڕاستایەدا لەسەر گرینگیی هێنانە مەیدانی هێزی سۆسیالیستیی چینی کرێکار و لەسەر گرینگیی مانگرتنی کرێکاری لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری وێڕای ئاوێتەکردنی خواستی ئابووری و سیاسی جەخت کرا. لە درێژەدا نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکان، کەسایەتییە ناسراوەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و کەسایەتییە سیاسییەکان پەیامەکانی خۆیان خوێندەوە، کە لەلایەن بەشداربووانەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لە دەستووری جەلەسەی پەیوەندیدار بە بارودۆخی سیاسیی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەیرانی گشتگیر و پێکهاتەیی نیزامی سەرمایەداری کە هەموو بوارەکانی ئابووری لە سەرتاسەری جیهان گرتووەتەوە، هەوڵی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەیرانە و توندبوونەوەی قەیرانی ژێئۆپۆلیتیکی درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هاوکاتبوونی پەرەسەندنی قەیرانەکان وێڕای لاوازبوونی پێگەی ڕێبەرایەتیی ئەمریکا بەسەر جیهان و ئاکامەکانی، درێژەی شەڕی ئیمپریالیستی ئۆکراین و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە دژبە نەتەوەی فەلەستین، تایبەتمەندییەکانی دەورەی گوزاری ئێستا بەرەو سەقامگیربوونی جیهانێکی چەندجەمسەری، باسەکانی تر لەم بوارەدا بوون. ئەم قەیرانانە و بارودۆخی پڕ لە ئاڵوگۆڕی جیهان هاوکات بەستێنی پەرەسەندنی دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی و ئاراستەی ناتەبای فەراهەم کردووە. لەلایەکەوە شایەدی گەشە و جموجۆڵی ڕەوتە ڕاستە توندڕەو و نێئۆفاشیستەکانین کە لە نەبوونی بەدیلێکی بەهێزی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستیدا توانیویانە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بەشێک لە کۆمەڵگا دژبە بارودۆخی ئێستا بەلاڕێدا بەرن و دژبە باڵی چەپی کۆمەڵگا و پەنابەران هانیان بدەن. لە لایەکی دیکەوە شایەدی جموجۆڵی تازەی چینی کرێکار لە ئەمریکا، گەشەی خەباتی کرێکاری لە ئورووپا، ئەفریقای باشوور، ئەمریکای لاتین و هێند و شوێنەکانی دیکەین و لە هەمان کاتدا شایەدی گەشەی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دژبە هەڵاواردنی نەژادی و جنسیەتی، لەدژی شەڕ و نەسلکوژی و لەپێناو دیفاع لە ژینگەین. لەسەر بەستێنی ئەم جموجۆڵ و چالاکییە کۆمەڵایەتییانەدا، شکڵ گرتنی هێزێکی چەپی کۆمەڵایەتی بە ئاراستەی دژەسەرمایەداری کە لە هەموو ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەدا بوونی هەیە و خۆی وەک بەدیلی سۆسیالیستی دژبە وەزعی مەوجوود پێناسە دەکات، بووەتە واقعیەتێکی عەینی.
لە باسی پەیوەندیدار بە بارودۆخی سیاسی ئێران بەشێوەیەکی دیاریکراوتر پێگەی چین و توێژە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا تیشکی خرایە سەر و پێگەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و پێگەی بزووتنەوەی داکۆکی لە ژنیگە درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لە بەشێک لەم باسەدا تەئکید کرا کە ئەگەر ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان لە بزووتنەوەی ژینادا نواندووە و لە هەموو بوارەکانی چالاکیی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا دەورونەخشێکی چالاکیان هەبووە، ئەم دیاردەیە ڕیشەی لە ئاڵوگۆڕی ئابووری و کۆمەڵایەتیی قووڵتردایە. لەماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا، ژنان بە هەر ڕادەیەک کە توانیبێیان پاشەکشەیان بە نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزیی دەسەڵاتدار کردبێ و خویان لە کارکردن لە سووچی ماڵ ڕەها کردبێ و بەرەو بازاڕی کاری غەیرە ڕەسمی و خوێندنی باڵا ڕۆیشتبن، بە هەمان ڕادە بۆ خستنە ژێر پرسیاری کلتووری کۆنەپەرستانەی پیاوسالاری و یاسای دژەژنی کۆماری ئیسلامی کەوتوونەتە پێگەیەکی باشترەوە. گەشە و پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانیش کە ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە چالاکترین بزووتنەوە کرێکارییەکانی جیهان، ڕیشەی لە گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەداریی ئێران، چوونەسەری بەرچاوی جەمعیەتی کرێکاران و چەند بەرابەر بوونی جەمعیەتی کرێکارانی سەنعەتیدایە. چینی کرێکاری ئێران بە وەها بزووتنەوەیەکی مەزنی مانگرتن و بە پشت بەستن بە ڕێبەران و کادرە لێهاتووەکانی، کە لە ڕیزەکانی خۆیدا پەروەردەی کردوون، فورسەتی ئەوەی پەیدا کردووە تا بەسەر کەموکوڕییەکانی بواری ڕێکخستنیدا زاڵ بێت و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای خەبات بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی، خەبات دژبە سزای ئێعدام و خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری، ڕێبەریی خەبات لەپێناوی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بگرێتە دەست. هەروەها لە باسی پەیوەندیدار بە بارودۆخی سیاسی ئێران پێگەی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران و هەوڵەکانیان بۆ بەلاڕێدابردن و تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا ئاماژەی پێدرا و لەسەر پێویستیی ڕۆشنگەری سەبارەت بە ناوەرۆکی ستراتێژی سیاسی و کردەوەی ئەم ڕەوتانە و پەرەپێدانی ئاسۆی سۆسیالیستی لەناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان تەئکید کرا.
یەکێکی تر لەو بەڵگانەی کە لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە پێشکەشی کۆنگرە کرا، بەڵگەی ئەساسنامەی بازبینیکراو بوو. ئەم سەنەدەش لەلایەن بەشداربووانی کۆنگرەوە درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و دوای گونجاندنی چەند ئیسلاحاتێک پەسندکرا.
لە کۆنگرەی ١٤دا ئەو ئیمکانە فەراهەم کرا کە هاوڕێیانی میوان لە کۆنگرەدا دڵسۆزانە و بە هەستی بەرپرسایەتییەوە تێبینی و ڕەخنەیان سەبارەت بە بەڵگە سیاسییەکان دەربڕن و لەم ڕێگەوە یارمەتیدەری کۆنگرە بن لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانی. کولیاتی ئەم سەنەدە سیاسییانە و هەروەها سەنەدی بازبینیکراوی ئەساسنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دوای گونجاندنی چەند ئیسلاحاتێک بە زۆرینەی دەنگەوە لەلایەن کۆنگرەوە پەسند کرا.
ڕاپۆرتی چالاکیی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی حیزب و لێکدانەوەی چالاکییەکانیان دەستووری جەلەسەیەکی دیکەی کۆنگرە بوو. لەم بەشەدا ڕاپۆرتی چالاکیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزب، کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکانی ئێران، ڕاپۆرتی هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزب لە شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، ڕاپۆرتی گۆڤاری جەهانی ئێمرووز و سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزب و کۆمەڵە، کەناڵی تەلەڤیزیۆنی حیزب و کۆمەڵە، ڕاپۆرتی دەفتەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی ماڵی پێشکەشی کۆنگرە کرا. بەشداربووانی کۆنگرە ڕەخنەیان لە کەموکوڕییەکان گرت و لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی چالاکییەکانی حیزب لە هەموو بوارەکان تەئکیدیان کرد.
دەستوور جەلەسەیەکی دیکەی کۆنگرە پێڕاگەیشتن بە قەرار و بڕیارنامە پێشنیارکراوەکان بە کۆنگرە بوو. لەم پەیوەندییەدا کۆنگرە پێشڕاگەیشتن بە قەرارە پێشنیارەکراوەکانی بە کۆمیتەی هەڵبژێردراوی خۆی سپارد. دوایین دەستووری جەلەسەی کۆنگرە ئینتخاباتی کۆمیتەی ناوەندی بوو. لەم بەشەدا ئەندامانی کۆنگرە لەناو کاندیدەکاندا، ١٩ کەسیان وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژارد کە بریتین لە هاوڕێیان: ڕووناک ئاشناگەر، هەڵمەت ئەحمەدیان، ڕۆژین ئەمینی، ئارەزوو بێکەس، ڕەئووف پەرستار، نوسرەت تەیموورزادە، شەمسی خورەمی، مۆختار دێهدار، ناسر زەمانی، حەسەن شەمسی، ئەحمەد عەزیزپوور، ئارام فەتاحی، ئارام فەرەجوڵڵاهی، ئەڵماس فەڕزی، محەممەد کەماڵی، سەلاح مازووجی، سەدیقە محەممەدی، جەلال محەممەد نەژاد، ئەردەشیر نەسروڵڵا بەیگی.
سەرەنجام کۆنگرەی ١٤ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دوای سێ ڕۆژ کاری چڕوپڕ بە وتاری کۆتایی یەکێک لە هاوڕێیانی هەیئەتی بەڕێوەبەری و بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار سەرکەوتووانە کۆتایی بە کاری خۆی هێنا.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی
جولای ٢٠٢٤ی زایینی