
کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ڕۆژانی هەینی، شەممە و یەکشەممە ١٠، ١١ و ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ بەابەر لەگەڵ ١، ٢ و ٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو. ئەم کۆنگرەیە لە دوو ساڵۆنی (فرانکفۆرت – ئاڵمان و سلێمانی – هەرێمی کوردستان) و هەروەها بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە نوێنەرانی کۆنگرە کە بە شێوەی ئانلاین و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بەشداریان کردبوو بەڕێوەچوو. لەم کۆنگرەیەدا لەسەر بانگهێشتی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، چەندین هەیئەت لەوانە کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، ڕێکخراوی کوردستانی ئیتحادی سۆسیالیستی کرێکاری، شوڕای هاوکاری هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، بەدیلی کۆمۆنیستی عێراق، کۆبەری ڕاپەڕیوانی شۆڕشگێر و کەسایەتییە چەپ و سۆسیالیستە سەربەخۆکان بەشداریان کرد. کۆنگرە بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ، سروودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار و ڕاگرتنی یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لەیادی ئەو هاوڕێیانەی کە لە مەودای کۆنگرە ١٨ و ١٩ی کۆمەڵە گیانیان لەدەست داوە و هەروەها بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی پێ کرد. بێدەنگییەکە بە خوێندنی سروودی “پەلکی داری شادی گشتین” لە لایەن هاوڕێ هادی پیرخزریەوە شکێندرا. کۆنگرە دوای پەسەندکردنی ئیعتبارنامەی ئەندامان و ڕاگەیاندنی بەشداربوونی زۆربەی ئەوان لە کۆبوونەوەکەدا، و ڕاگەیاندنی فەرمیبوونی کۆنگرە لەلایەن هەیئەتی بەڕێوەبەرەوە، کارەکەی دەستپێکرد.
پاشان هاوڕێ حەسەن شەمسی، دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە وێڕای ڕێزگرتن لە یادی ئەو سێ ژینگەپارێزەی لەم دواییەدا لە ئاگرکەوتنەوەی بەرزاییەکانی ئاویەری سنەدا گیانیان بەختکرد، بۆ جارێکی تر هاودەردیی کۆمەڵەی لەگەڵ بنەماڵەی ئەم ئازیزانە ڕاگەیاند. هاوڕێ حەسەن لە وتاری کرانەوەی کۆنگرەدا وێڕای ئاماژە بە قەیرانی پێکهاتەیی نیزامی سەرمایەداری و هەوڵی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەیرانە و ئاماژە بە هاوکات بوونی پەرەسەندنی ئەم قەیرانە لەگەڵ لاوازبوونی پێگەی ڕێبەرایەتی ئەمریکا بەسەر جیهان و ئاکامەکانی، تیشکی خستە سەر درێژەی شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە و تایبەتمەندییەکانی قۆناغی گوزاری ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم قەیرانانە و بارودۆخی شڵەژاوی جیهان هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ڕەوتە ڕاستە توندئاژو و نێئوفاشیستەکان، بەستێنی بابەتیی بۆ گەشەی ناڕەزایەتیی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەدژی جیاکاریی نەژادی و جنسیەتی، لەدژی شەڕ و نەسلکوژی دەوڵەتی ئیسرائیل و لە دیفاع لە ژینگە لە ئەمریکا و ئورووپا و سەرتاسەری دنیا فەراهەم کردووە. لەم وتارەدا وێڕای ئاماژە بە قەیرانی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ژئوپۆلیتیکی و قەیرانی مەشرووعییەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ئاکام و کاریگەرییەکانی شەڕی دوازدە ڕۆژە و توندبوونەوەی ململانێ و کێشمەکێشی ناو حکوومەت، لەسەر پێویستیی درێژە و گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران تەئکید کرا. لەم وتارەدا بەلەبەرچاوگرتنی ڕۆڵ و پێگەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئێران، ئەم واقعییەتە تەئکیدی لەسەر کرا کە چۆن خەڵکی کوردستان بە بەشداری بەرین و بەگوڕوتینی خۆیان لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانە و سەرتاسەرییەدا کە ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بوو، لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ستراتێژی ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان واتە دڵ بەستن بە دەستوەردانی دەسەڵاتی دەرەکی، وە یان ئومێد بەستن بە دانوستان و دیالۆگ لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامییان بردە ژێر پرسیارەوە. لە کۆتاییشدا گرینگیی گەشەپێدان بە بزووتنەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و گرینگیی کار و چالاکیی ڕێکخراو و بەهێز کردنی ئیعتباری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە لەسەر بەستێنی ئەم چالاکییانە تەئکیدی لەسەر کرا.
لە درێژەی کاری کۆنگرەدا نوێنەرانی ئامادەبووی حیزب و ڕێکخراوەکان، وتار و پەیامەکانیان پێشکەش کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ کۆنگرە خواست و لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هاوکارییەکانی هەتا ئێستا تەئکیدیان کرد و چاوەڕوانییەکانی خۆیان لە کۆنگرەی ١٩ و کۆمەڵە لەم قۆناغە وەرچەرخاوە سیاسییە لە ئێران و کوردستان دەربڕی کە لەلایەن بەشداربووانی کۆنگرەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
*****
دوای پەیامەکان، کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە دەستووری کارەکانی خۆی بەڕێوەبرد. تاوتوێکردن و لێکدانەوەی ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی و بەڵگە پێشنیارکراوەکانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە یەکێک لە دەستوور جەلەسە سەرەکییەکانی کۆنگرە بوو. لەم بەشەدا یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی تەداروک ڕاپۆرتی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەسەرەنجدان بە هەلومەرجی جیهانی پێشکەش بە کۆنگرە کرد. ئاڵوگۆڕەکانی جیهان لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو، بەتایبەت هەلومەرجی گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نموونە شکستی ستراتێژی ناوچەیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و لێکهەڵوەشانی هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”، جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە و ئاکامەکانی، بارودۆخی لۆبنان لەدوای هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل و ئەو زەربە قورسانەی لە حیزبوڵڵا درا، بارودۆخی قەیراناویی عێراق، کەڵک وەرگرتنی حوسییەکانی یەمەن لە پێگەی ژئۆپۆلیتیکی ئەم وڵاتە و بۆ نائەمن کردنی هێڵەکانی کەشتیڕانی لەم ناوچەیە و بۆمبارانی بنکەکانیان لەلایەن ئەمریکا، بریتانیا و ئیسرائیل، درێژە و پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و سیاسی لە تورکیە و پەرەسەندنی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و فراوانخوازیی دەوڵەتی ئەردۆغان، بڕیاری پەکەکە بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی ئەم حیزبە لەژێر فشاری دەوڵەتدا و ئاکامەکانی لەسەر بارودۆخی تورکیە و ناوچەکە، ئەو میحوەرانە بوون کە لەم ڕاپۆرتەدا خرانە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
میحوەرێکی دیکەی دەستووری جەلەسەی یەکەم، ڕاپۆرتی بارودۆخی سیاسی ئێران، کوردستان و ئەرکەکانی کۆمەڵە بوو کە لەلایەن یەکێک لە هاوڕێیانی کۆمیسیۆنی تەداروکەوە پێشکەش کرا. لەم ڕاپۆرتەدا وێڕای نیشاندانی وێنەیەکی گشتی لە پێگەی ئێستای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ئاکامی شەڕ و کێشمەکێشی ڕژیم لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ئورووپا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و دەورونەخشی لە ناوەندەکانی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەسەرنجدان بە بزووتنەوەی ژینا و بەشداریی بەرین و پڕگڕوتینی خەڵکی کوردستان لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە، پێگەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کورستان، بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری و ئاسۆی ڕێکخستن و پێشڕەویی ئەم بزووتنەوانە تاوتوێ کران و لەسەر زەروورەتی پەرەپێدانی ئەم بزووتنەوانە تەئکید کرا. هەڵسەنگاندنی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران، پێگەی ئەحزابی ناسیۆنالیست لە کوردستان و پێگەی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە ئێران و پێگەی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، میحوەرەکانی دیکەی ئەم بەشە لە ڕاپۆرتی سیاسی بوون. لە بەشی کۆتایی ئەم ڕاپۆرتەدا، لەژێرناوی ئەرکەکانی کۆمەڵە لە کوردستان، وێڕای ڕیزکردنی گرینگترین ئەرکەکانی کۆمەڵە لەم قۆناغەدا، گرینگیی پەرەپێدان بە بزووتنەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و دەورونەخشی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە مەحەل، وە پەرەپێدان و یارمەتیدانی ئەم بزووتنەوانە تەئکیدی لەسەر کرا. ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە کە لە جەرگەی ئەم بزووتنەوانە و لەسەر بەستێنی چالاکییەکانی ئێستادا پەروەردە بوون دەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاو لە هێنانە مەیدانی جەماوەری ناڕازی و ڕێکخستنیان لەم دەورەیەدا ببینن. بەشداریی بەرچاو لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران، ژنان، موعەلیمان، خانەنشینان، پەرستاران، خونێدکاران و بزووتنەوەی پاراستنی ژینگە و هەوڵ بۆ پێکهێنانی کۆمیتەکان، شۆراکان و باقیی ناوەندە جەماوەرییەکان لە گەڕەکانی شار و گوندەکان، ئەو ئیمکانە فەراهەم دەکات کە لەگەڵ سست بوونەوەی پایەکانی دەسەڵاتی ڕژیم لە کوردستان و پاشەکشە کردنی، ژنان و پیاوانی ڕێکخراو لەناو شۆراکان و ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەری، کۆنتڕۆڵی ئەوزاع و ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بگرنە دەست و ڕێگە نەدەن ئەحزابی ناسیۆنالیست لەسەرەوەی ئیرادەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستان، دەسەڵات زەوت بکەن. هەر لەو بەشە لە باسەکاندا وێڕای ئاماژە بەم واقعییەتە کە ئێستا چەندین لایەنی جۆراوجۆر لە کوردستان لەژێرناوی کۆمەڵەدا چالاکی دەکەن، وە بەو پێیەی میدیاکانی بورژوازی، جەریان یان جەریان گەلێک وەک کۆمەڵە بە بیروڕای گشتی دەناسێنن کە زیاتر لە دوو دەیەیە لە هەموو بنەمای فکری و سوننەتی شۆڕشگێڕانە و پێشڕەوی کۆمەڵە دوور کەوتوونەتەوە، وە ئەم واقعییەتە زیانی بە ئیعتبار و پێگەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵە وەک جەریانێکی کۆمۆنیستی و بەرگریکاری لێبڕاوی بەرژوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان گەیاندووە، یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی کۆمەڵە لەم دەورەیەدا بەهێزکردنی پێگە و ئیعتباری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی کۆمۆنیستییە. چالاکانی کۆمەڵە لە شارەکانی کوردستان بە ڕێبەرایەتی کردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان و بە دەورونەخش نواندن ڕێکخەرانە دەتوانن ڕۆڵێکی گرینگیان لە جێبەجێ کردنی ئەم ئەرکەدا هەبێت.
پرسی نەتەوەیی کورد، پێگەی ئەحزابی ناسیۆنالیست و ئەرکەکانی کۆمەڵە بەڵگەیەکی پێشکەشکراوی دیکە بە کۆنگرە بوو کە هەر لەم دەستووری جەلەسەیەدا درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. دوایین ئاڵوگۆڕەکان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، پرسی نەتەوەیی کوردیان وەک مەسەلەیەکی عەینی و ئۆبژێکتیڤ وە لەهەمان کاتدا چارەسەرنەکراو، کردووەتە بابەتێکی حاشاهەڵنەگر لە شیکردنەوەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەم هەلومەرجەدا کۆمۆنیستەکان و کۆمەڵە بەشێوەی دیاریکراو، لە درێژەی چالاکی و دەورونەخشی هەتا ئێستایاندا، دەبێ لە ڕوانگەی بەرژوەند و قازانجی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە کۆمەڵایەتییە و بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی بەرنامە و ستراتێژی ڕوون و پراتیکی چالاکی هەبێت و مەسەلەی کورد ببێتە ئامرازێک بۆ سات و سەودای ئەحزاب و لایەنە ناسیۆنالیستەکان لەپێناوی بەشخوازییان لە دەسەڵات و ڕێگە نەدەن ببێتە ئامرازێک لە دەستی دەسەڵاتە ناوچەیی و جیهانییەکاندا بۆ پێشخستنی پیلانە ناوچەییەکانیان. ڕەوتی بابەتیی بارودۆخی ئێستا ئەو واقعییەتەمان پێ دەڵێ کە ئاڵوگۆڕە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەئاستی جیهان و وڵاتانی ناوچەکەدا بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە لەگەڵ مەسەلەی کورد بەرەوڕوون، کاریگەری لەسەر پێگەی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی لەم وڵاتانە، وە لەئاکامدا، کاریگەری لەسەر پێگەی ئەو حیزبانە کە لە جەرگەی ئەم بزووتنەوە و سوننەتەدا سەریان هەڵداوە، داناوە. سیاسەتی کرێکاری و سۆسیالیستی بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی و بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد دەبێ ئەم ئاڵوگۆڕانە لەبەرچاو بگرێت. بەو پێیەی زەرفییەت و ئەرکی مێژوویی چینی بورژوا و خاوەنانی سەروەت لە کوردستان و حیزب و هێزە ناسیۆنالیستانەکان بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا و نەمانی ستەمی نەتەوایەتی دەمێکە کۆتایی هاتووە. لەئێستادا ئەم ئەرکە مێژووییە و ڕیشەکێش کردنی هەڵاواردن و نابەرابەری لەوانە کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی بەشێوەی دیموکراتیک، لەسەر شانی چینی کرێکار و سۆسیالیستەکانە کە لەسەر بەستێنی خەباتی ئەم چینەدا چالاکییان درێژە دەدەن. بە سەرەنجدان بەوەیکە تەنیا بە بەشداریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەموو تاکەکانی خەڵکی کوردستان لە بەڕێوەبردنی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی کۆمەڵگا، مەسەلەی نەتەوەیی بەشێوەی دیموکراتیک و بەقازانجی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمێکراوی کوردستان چارەسەر دەبێت و کۆتایی بە ستەمی نەتەوایەتی دێت، کۆمەڵە هاوکات وێڕای تەئکید لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان، لەسەر دەسەڵاتداریەتی شۆرایی خەڵکی کوردستان پێداگری دەکات.
کۆمەڵە بەسەرنجدان بە سرووشتی چینایەتی و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتی ئەمریکا و دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکانی دیکەی جیهان و حکوومەتە سەرمایەدارییەکانی ناوچەکە و دەستوەردانیان لە ناوەندەکانی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەورونەخشیان لە وێرانکردنی شارەکان، کوشتن و ئاوارە و بێ سەر پەنا کردنی خەڵکی ستەملێکراو لەم ناوچەیە، هەرجۆرە ئومێد بەستن و دەست بە داوێن بوونی ئەحزاب و هێزە ناسیۆنالیست و ئیسلامییەکان بۆ دەخاڵەتی ئەم دەسەڵاتانە و چوونە ناو هاوپەیمانیەتی سیاسی، بەدژی بەرژەوەندی جەماوەری کوردستان دەزانێت و بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئاکامە زیانبارەکانی لەسەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان لە هیچ هەوڵێکی بەرپرسانە دەریغ ناکات.
*****
دوای ئەوەی ڕاپۆرتە سیاسییەکان و بەڵگەنامە پێشکەشکراوەکان خرانە بەر باس و پێداچوونەوەیان بۆ کرا و کولیاتەکەیان بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا، کۆنگرەی نۆزدەهەمی کۆمەڵە ڕاپۆرتی کار و چالاکیی بەشە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی کۆمەڵەی تاوتوێ کرد. لەم بوارەشدا یەکێک لە هاوڕێیانی ئەندامی کۆمیسیۆنی تەداروکی کۆنگرەی ١٩، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بوارە جۆراوجۆرەکانی چالاکیی کۆمەڵە لە ماوەی دوو کۆنگرەدا پێشکەش کرد. لەم بەشە لە باسەکاندا چالاکیی تەشکیلاتی شارەکانی کوردستان، سایتی کۆمەڵە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکیی کۆمەڵە لە شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ کۆمۆنیستەکانی کوردستان، پێگە و چالاکیی هاوڕێیانی کوردستان، تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە، نوێنەرایەتیی کۆمەلە لە دەرەوەی وڵات، گۆڤاری پێشڕەو و بەشی ماڵی، خرانە بەر باس و لێکۆڵینەوە. کەموکوڕیەکان ڕەخنەیان لێ گیرا، پێشنیار و ڕێگاچارەش لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بۆ بەرەوپێشبردن و باشترکردنی چالاکییەکانی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکان خرانەڕوو.
لە بەشی قەرار و قەتعنامەکاندا، قەتعنامەیەکی پێشنیارکراو لەلایەن کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە “لەدژی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە، لەدژی کۆچی زۆرەملی و لە هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین” خرایە بەر باس و بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا. هەروەها لەم بەشەدا قەرارێک پەسند کرا کە کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە ئەرکدار دەکات کە بەیاننامەی مافەکانی ژن، پەسندکراوی کۆنگرەی دەی کۆمەڵە، بەپێی دەقێک کە خرابووە ئیختیار کۆنگرەوە، بەم زووانە بەڕۆژ و بڵاو بکاتەوە. بەپێی قەرارێکی تر کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە ئەرکدار کرا کە ڕاپۆرتی سیاسی و بەڵگە پەسندکراوەکانی کۆنگرە پێداچوونەوەیان بەسەردا بکات و لەماوەی یەک مانگی داهاتوودا بڵاویان بکاتەوە. هەروەها بڕیار درا کە چەند پەیام لەلایەن کۆنگرەوە ڕوو بە بنەماڵەی گیان بەختکردووان و بەندکراوانی سیاسی ئامادە و بڵاو بکرێتەوە.
دوایین دەستووری جەلەسەی کۆنگرە، هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بوو. لەم بەشەشدا دوای قسە و باس سەبارەت بە کولیاتی بەشی ئینتخابات، لەناو هاوڕێیانێک کە خۆیان بۆ ئەندامیەتی لە کۆمیتەی ناوەندیدا کاندید کردبوو ٢٣ کەس وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردران کە بریتین لە هاوڕێیان: خەسرەو بۆکانی، زانیار بۆکانی، ڕەئووف پەرەستار، زانکۆ خدری، فەرزاد عارفی، ڕەحیم عەزیزپوور، مەسعوود عەزیمی ، ڕەشید ڕەزاقی، سەرکەوت ڕۆستەم گورجی، ناسر زەمانی، دلێر سفیدی، حەبیب سوڵتانی، عەلی شاهکار، حەسەن شەمسی، مەحموود قارەمانی، محەممەد کەماڵی، ئەختەر کەمانگەر، سەلاح مازوجی، جەلال محەممەدنژاد، گەوهەر مێعمارزادە، پێدرام نەسروڵڵایی، مەرزییە نەزەری و لوقمان وەیسی.
کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە دوای سێ شەو و ڕۆژ کاری چڕوپڕ، بە وتاری کۆتایی یەکێک لە هاوڕێیانی هەیئەتی بەڕێوەبەر، وێڕای سپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانەی لە بەشی تەداروکی تەشکیلاتی و فەنیدا زەحمەتیان کێشابوو، وێڕای تەئکید لەسەر هەڵوێستە سەرەکییەکانی کۆنگرە و ئەرک و ئاسۆی چالاکیی کۆمەڵە لە قۆناغی داهاتوودا، بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ، لەناو شور و شەوق و شادیی بەشداربوواندا بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کاری خۆی هێنا.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی
٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٥ی زایینی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە