فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

“کۆچی خۆبەخشانە”، پڕۆژەی پاکتاوکردنی نەتەوەیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە
چوارشەممە ۲۵-۰۴-۱۴۰۴   |  16-07-2025

لە میانەی وێرانکارییەکانی غەززەدا، ڕژیمی فاشیستی ئیسرائیل هەوڵ دەدات ڕەوایەتی دەرکردنی فەلەستینییەکان لەژێرناوی فریوکارانەی “کۆچی خۆبەخشانە”دا پاساو بکات. ئەو ئینسانانەی لە ناو مەرگی بەشێنەیی و دوورخرانەوەدا بژاردەیەی داسەپێندراو دەگرنە بەر. بەڵام پێویستە پێکهاتەی ماددیی ئەم کارەساتە شیبکرێتەوە. نیزامی سەرمایەداریی جیهانی، وە ڕەگەزپەرستیی دەوڵەتی ئیسرائیل چۆن لەژێر ئەم پۆششانەدا پاکتاوکردنی نەتەوەیی مەشرووعییەت دەبەخشێت؟

ڕژیمی ئیسرائیل بە پشت بەستن بە پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئورووپایی لە ناتۆ پڕۆژەیەک بەرەوپێش دەبات کە بنەماکەی نەک ئەمنیەت بەڵکوو هەستیی نەتەوەی فەلەستینە. گەڵاڵەی ناوەندی کۆچکردنی خۆبەشخانە هەوڵێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە بۆ ئەوەی خەڵک ناچار بکەن وڵاتی خۆیان جێبهێڵن، لە بارودۆخێکدا کە هیچ ئیمکانێکی ژیان، تەندروستی، دەرمان یان تەنانەت زیندوو مانەوە لە غەززەیان نەهێشتووەتەوە.

ئەم پڕۆژەیە بە ڕوونی شێوازی ئەمڕۆی سڕینەوە و پاکتاوکردنی نەتەوەییە. داگیرکردنی زەوی لەڕێگەی سڕینەوەی فیزیکی دانیشتووانی خۆجێیی و پڕ کردنەوەی جێگایان بە کەسانی کۆچبەر. بەڵام لێرەدا پڕۆژەی پاکتاوی نەتەوەیی لەژێر پەردەی وەک “کۆچی خۆبەشخانە”، “دەرفەتی وەبەرهێنان” و “سازکردنەوەی ئابووری” شاردراوەتەوە.

ئەوەیکە بە ڕەواڵەت وەک “قەیرانی ئینسانی” نیشان دەدرێت، لە هەمان حاڵدا دەرکەوتنی بەئاشکرای ناکۆکییەکی چینایەتییە. شەڕی غەززە نەک هەر هێرش بۆسەر نەتەوەیەک، بەڵکوو سڕینەوەی توندوتیژانەی چینێک لە خەڵکە کە لە نەزمی سەرمایەداری و نیولیبڕالیدا جیگایەکیان نییە. دەرکردنی خۆبەخشانە بە هیچ شێوەیەک سەرمایەداران، سیاسەتمەدارانی سەربە تێکنۆکراتەکانی هاوئاراستە لەگەڵ دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل ناگرێتەوە. بەڵکوو ئەوە کرێکاران، بێکاران، نەخۆشان، دایکانی تەنیا و منداڵانی برسین کە کراونەتەوە ئامانجی ئەم پڕۆژەیە. ڕەوایەتە ئینسانییەکان، لە کرێکارانی بیناسازییەوە هەتا باوکانی بێتوانا لە دەرمانی منداڵانیان، هەر هەموویان خاڵێکی هاوبەشیان هەیە. ئەوان تەنیا لە چنگ شەڕ هەڵنایەن. بەڵکوو لە موناسباتی ماددییەک هەڵدێن کە ژیانیانی کردووەتە کۆیلایەتی. ئەوان، نەک پەنابەر، بەڵکوو دوورخراوە و دەربەدەرەکانی نەزمی سەرمایەداری جیهانین.

ئەم کارەساتە بە بێ پشتوانیی سیاسی و دارایی یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا نەیدەتوانی بەڕێوەبچێت. لە پشتیوانیی بێدەریغی دەوڵەتی ئاڵمان لە ئیسرائیلەوە بگرە تا وتەی بێناوەرۆکی دەوڵەتی فەڕانسە و بریتانیا سەبارەت بە “ڕەوتی ئاشتی” هەر هەموویان تەنیا ڕووپۆشێکن بەسەر ڕوخساری سەرمایەداریی ڕۆژاوادا کە ڕەگەزپەرستییان وەک ئامرازی سیاسەتی دەرەوە قبووڵ کردووە. بەرنامەی “ڕیویرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”ی ترامپ، ئاسۆیەک کە غەززە دەکاتە ناوەندی تووریستی، بە بێ سڕینەوەی خەڵکەکەی مومکین نییە. سەرمایە بەشوێن “سەقامگیری”یەوە بەڵام سەقامگیری بۆ چ کەسانێک؟ بۆ چینی دەسەڵاتدار، بۆ کۆمپانییەکانی بیناسازی، بانکەکانی گەشە و دامەزراوەکانی تووریسم – نەک بۆ منداڵانی برسیی غەززە.

بەڵام ئەو خەڵکەی لەژێر داروپەردووی ماڵەکاندا دەنێژرێن، هاوکات تۆوی خۆڕاگریش دەچێنن. زۆرێک لە فەلەستینییەکان سەرەڕای برسیەتی، نەخۆشی و بۆمباران، حازر نین ناویان لە پڕۆژەی کۆچکردندا تۆمار بکەن. لە ڕوانگەی ڕەوتە شۆڕشگێڕەکانەوە ئەم موقاومەتە تەنیا کاردانەوەیەکی ئیحساسی نییە. ئەم خۆڕاگری و موقاومەتە، بەیانی وشیاریی چینایەتی و نەتەوەیی لە بارودۆخی سەرکوتدایە. ئیرادە بۆ مانەوە، بەواتای خۆبەدەستەوە نەدان لە بەرامبەر لۆژیکی سەرمایەداری و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل، خۆی جۆرێک کردەوەی شۆڕشگێڕانەیە.

تەنانەت حوکمە کاتییەکانی دادگا نێونەتەوەییەکان، لەوانە دادگای لاهە، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیلەوە پشتگوێ دەخرێت. واقعییەت ئەوەیە کە یاسا نێونەتەوەییەکان، بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە پەیوەندیی  دەسەڵات نابەرابەرن، زیاتر ئامرازی مەشرووعییەت دان بە بارودۆخی ئێستان، نەک گۆڕینی. ئەزموونی فەلەستین بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە ئازادیی خەڵکی فەلەستین و گەڕانەوە، نەک لە ڕێگەی کۆبوونەوەی دیپلۆماتیک و مێکانسمی ناوەندەکانی بورژوازیی نێونەتەوەیی، بەڵکوو تەنیا لەڕێگەی خەباتی جەماوەری، خۆڕاگریی ڕێکخراو و درێژە و پەرەسەندنی بزووتنەوەی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ نەتەوەی فەلەستین دێتە دی. لە بەرامبەر پڕۆژەی پاکتاوی نەتەوەیی لەژێرناوی فریوکارانەی “دەرکردنی خۆبەشخانە”دا، ئەرکی ئێمە نەک هەر هاوسۆزی، بەڵکوو پەرەپێدان بە بزووتنەوەی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستینە. دەبێ ئەم سیاسەتە وەک پڕۆژەیەکی سەرمایەدارانە، ڕەگەزپەرستانە و نامرۆڤانە لەقاوبدەین.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv