ئاژانسی هەواڵنێریی ڕوویتێرز لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوە کردووە کە بە هەزاران هاووڵاتیی ئەرمەنی لە ڕێگەی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە، هەرێمی “ناگۆرنۆ” لە قەرەباغیان جێهێشتووە و بەرەو سنوورەکانی ئەرمەنستان کۆچیان کردووە.
ڕوویتێرز باسی لەوەشکردووە، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، نزیکەی هەزار و ١٠٠ هاووڵاتی ئەرمەنی بەهۆی گرژی و پێکدادانەکانەوە هەرێمی، قەرەباغیان بەجێهێشتووە و بەرەو قووڵایی خاکی ئەرمەنستان رۆیشتوون. هاوکات بەشێک لە بەرپرسە ئەرمەنەکانی هەرێمی کاراباخ رایانگەیاندووە، ژمارەی ئەرمەنەکانی هەرێمەکە نزیکەی ١٢٠ هەزار کەسە، لەگەڵ زیادبوونی هەژموونی ئازەربایجان لە قەرەباخ ئەوانیش کۆچ دەکەن چونکە ترسییان هەیە رووبەڕووی پاکتاوی رەگەزی ببنەوە لەلایەن سپای ئازەربایجانەوە. حەفتەی رابردوو هێزەکانی ئازەربایجان لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا توانیان تەواوی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ کۆنترۆڵ بکەن، کە لەلایەن جوداخوازە ئەرمەنییەکانەوە بۆ ماوەیەی چەند دەیەیەک بەڕێوە دەبڕا. پێویستە ئاماژە بکرێ کە ماوەی چەندین مانگە ئازەربایجان گەمارۆی خستووەتە سەر رێگەی لاچین کە تاکە رێگەیە ئەرمەنستان بە قەرەباغ دەبەستێتەوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا، بە مەبەستی هاوکاری مرۆیی بە ناوچەکە، باکۆ بڕیاریدا رێگەکە بەشێوەی کاتی بکرێتەوە و داخستنی ئەو رێگەیەشی بۆ رێگریکردن لە بەقاچاغبردنی چەک بۆ گرووپەکانی سەر بە ئەرمەنستان گەڕاندەوە.