هیچ حەفتەیەک نییە کە هەواڵی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و پاسەوانانی سەر سنووری ڕژیمی ئیسلامی بەرەو کاروانی کۆڵبەران و بەربوونەوەی ئەم ئینسانە زەحمەتکشانە لە بەرزاییەکانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و کوژران و برینداربوونیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نەبیستین.
لەژێر دهسهڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا کۆڵبەری ئەم کارە سەخت و پڕ لە مەترسیە بۆ کرێکارانی بێکار، بۆ ئەو ئینسانە شەریفانەی کە بەشوێن بەڕێچوونی خۆیان و بنەماڵەکانیانەوەن وەک” پیشە” بە حیساب دێت. لە شار و دێهاتەکانی سنووری کوردستان جەماوەرێکی بەرین لە کرێکارانی بێکار بۆ ڕزگار بوون لە کارەساتی کۆمەڵایەتی بێکاری و دواهاتە وێرانگەرەکانی ڕوویان کردووهتە کۆڵبەری و لە ژێر سێبەری مەرگدا بەشوێن نانەوەن. لە کوردستان ئامارێکی دەقیق لە جەمعیەتی کۆڵبەران بە دەستەوە نییە، بەڵام بەپێی هێندێک لە ئامارەکان لە کوردستاندا نزیکەی ٧٥ تا ٨٠ هەزار کەس لە خەڵک لە ڕێگای کۆڵبەریەوە دەژین. کاتێک کارەساتی هەژاری و بێکاری بنەمالە کرێکارییەکان و خەڵکی زەحمەتکێش لە چنگی خۆیدا دەگوشێ هەوڵدان بۆ ژیان سنوورەکانی تەمەن دەبەزێنێ. لەنێو کۆڵبەرەکاندا تازەلاوی ١٣ ساڵان و پیاوانی بانتر لە ٦٠ ساڵ و ژنانی سەرپرستی بنەماڵەشی دەبیندرێت. ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەرانی لاو، کەسانێکن کە خوێندنی زانکۆیان تەواو کردوە و بە ئۆردوی زەخیرەی کار پەیوەست بوون و تا ئێستا نەیاتوانیوە کارێک بدۆزنەوە. ئەو کۆڵبەرانەی کەخەریکی کاری گواستنەوەی کالا لە سەر سنوورەکانن، لە راستیدا هێزی کاری موزدبگیری توجاڕ و ئەو دەڵاڵانەن کە لە شار و دێهاتەکاندا جێگیرن، کالا لە خاڵێکی سنوورەوە ڕەوانە و یان وەردەگرن و زیاترین قازانج بەبێ ئەوەی هیچ مەترسییەکیان لەسەر بێت دەخەنە گیرفانیانەوە و حەقدەستێکی کەم ئەدەن بە کۆڵبەران.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا شارە سنوورییەکانی کوردستان گەلێک جار شوێنی ناڕەزایەتیی خەڵک لەدژی کوشتاری ئەو کۆڵبەرانە بوون کە بەرەوڕووی هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بوونەتەوە. گەلێک جار لەژێر کاریگەری ئەم ناڕەزایەتییە گشتیانەدا لەدژی کوشتاری کۆڵبەران و یان ناڕەزایەتیی بە داخرانی خاڵە سنوورییەکان و بە کۆمەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیەنەرەکان سەرنجی ڕای گشتی بە دیاردەی کۆڵبەری و ڕەنج و ئازاریان ڕاکێشراوە. بەڵام کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا نە تەنیا گرێیەکیان لە کێشە و گرفتەکانیان نەکردووهتەوە، بەڵکوو هەروا خەریکی کوشتار و ئەزیەت و ئازاردانیانن. درێژەی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی، تاریک بوونی ئاسۆی دەست ڕاگەیشتن بە کارێکی گۆنجاو، نەبوونی بیمە کۆمەڵایەتییەکان و کابوسی مەرگ، ژیانی دەیان هەزار کۆڵبەری بەرەوڕووی قەیران کردووهتەوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ پاساوی جەنایەتەکانی بەرانبەر بە مافی کۆڵبەران و زەحمەتکێشانی ناوچە سنوورییەکان، ئەوان وەک قاچاغچی، تێکدەرانی نەزمی ئابووری و تاوانبار دەناسێنێ. ئەوان تاوانبار بە گواستنەوەی ئەو کالایانە دەکات کە مافی یاسایی و گومرکیان پەرداخت نەکراوە. کەسانی سەربە ڕژیم لە بارودۆخێکدا ئەم کۆڵبەرانە بە تاوانبار و تێکدەری نەزمی ئابووری دەناسێنن کە هەر کەس جارێک چوبێتە شارە سنوورییەکانی کوردستان، دەبینێت کە دیاردهی کۆڵبەری کارێکی نا ئاسایی و لە ڕووی ناچاریەوەیە بۆ دابین کردنی هەزینەی بەڕێچوون. لەم ناوچانە خەڵکی زەحمەتکێش دخاڵەتیان لە قاچاغی ڕێکخراودا کە لە لایەن سپای پاسداران و هێندێک لە ناوەندە ڕەسمییەکانی سەر بهئهوان و مۆدیرییەت دەکرێت، نییە. ههموو كهس باش دهزانێ كه ڕێكردن به جادهی مهرگدا، بۆ بژیوی مهمره و مهژی، تهنیا له ڕووی ناچاریهوهیه.
ئەم بارودۆخە سەخت و دژاورە کە ڕژیم بەسەر زەحمەتکێشانی سەر سنووریدا سەپاندووە لە ئاسەوارەکانی سیاسەتی شۆێنیستی کۆماری ئیسلامی لەدژی خەڵکی کوردستانه کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە پشت بەستن بە میلیتاریزە کردنی ئەم ناوچەیە و ڕەچاوکردنی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و ئەمنییەتی کردنی فەزای شارەکان بەرەوپێشی بردووە. ئەم سیاسەتە و پێداگری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەری، بواری درێژە و بەردەوام بوونی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانی فەراهەم کردووە. بزوتنەوەیەکی رادیکاڵ کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و کۆڵبەرانی کوردستان هێزی بزوێنەری سەرەکی ئەون. بزوتنەوەیەک کە ئەم جۆرە بێبەشی و بێ مافیانە بە چارەنووسی حەتمی و هەتاهەتایی خەڵکی ستەم دیتوی کوردستان نازانێ و دەیەوێ کۆتایی بەم هەموو موسیبەت و بێبەشی و ستەمگەریانە بێنێ. بێگومان کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە کوردستان لەم خەباتە شۆڕشگێڕانە و مافخوازانەدا تەنیا نین و کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی باقی شوێنەکانی ئێران کە ئەوانیش لە حاکمیەتی ئیسلامیی وەگیان هاتوون لە پشتیانن. هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران پێویستە ئاشنا کردنی هەرچی زیاتری کرێکارانی ئێران و رای گشتی لەگەڵ بارودۆخی پڕ لە مەترسی” پیشەی” کۆڵبەری و ڕەنج و ئازارەکانی خەباتی مافخوازانەی کۆڵبەرەکان بکەنە ئەرکی خۆیان و لەدژی کوشتنیان و بۆ دیفاع لە مافی ئینسانی ئەم هاوچینانەیان، لە هیچ هەوڵێک كۆتایی نەکەن.
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان کە لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی بەرچاو و پێشەنگیان لە بەرپاکردن و درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا بینیوە و گەلێک دیمەنی شکۆداریان لە خەبات دژبە جەنایاتی ڕژیمی ئیسلامی و بۆ هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری نیشان داوە، نابێ ڕێگە بدەن کە ڕژیمی ئیسلامی کوشتار و ئەزیەت و ئازاری کۆڵبەران ئیدامە بدات. تەنیا بە هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی دەربڕینی یەکگرتوانەیە کە دەکرێت ڕژیمی ئیسلامی وادار بکرێت کە لە هێرش بۆسەر گیان و ماڵی کۆڵبەران دەست هەڵبگرێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە