گۆڤاری “چارلی ئیبدۆ” کە گۆڤارێکی چەپگەرای فەرانسەویە لە یەکەمین ژمارەی خۆیدا لە ساڵی ٢٠٢٣دا، وێنەکانی کۆتایی کێبڕکێی کێشانەوەی کاریکاتۆری خامنەیی بڵاو کردووەتەوە. چارلی ئیبدۆ لە وێنەکانیدا بڵاوی کردووەتەوە کە خامنەیی سەمبولی کەسێکی قاتڵە.
لە وێنەکاندا خامنەیی بە پرچی ژنانەوە هەڵواسراوە و کۆتایی بە تەمەن و دەسەڵاتەکەی هاتووە.
بەڕێوەبەری ئەو گۆڤارە رایگەیاند؛ بەهۆی گرینگی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران کە لە ئاستی جیهاندا گرینگییەکی تایبەتی هەیە ئەو حەفتەنامەیە دەبێ گرینگی بەو ڕاپەڕینە بدات.چارلی ئیبدۆ، ڕۆژی هەینی، ١٨ی سەرماوەز، لە ڕاپۆرتێکدا وێڕای ناوبردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامی بە ڕێبەرێکی ئایینیی دواکەوتوو، بێ مێشک و بێ تاقەت و تەنیا ڕێبەری ئەو کەسانەی کە دەبنە کۆیلەی خامنەیی، ڕایگەیاندبوو کە پێشبڕکێیەکی نێونەتەوەیی کێشانەوەی کاریکاتۆری خامنەیی بەڕێوە دەبا و دەبێ کاریکاتۆریستەکان، بە گاڵتەپێکردنی خامنەیی وێنەیەکی ڕێبەرێکی ئائینی دواکەوتوو لە سەردەمی ئێستادا وێنا بکەن.