فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کێبەرکێیی تەسلیحاتی و چوونەسەرەوەی دەیان ملیۆنیی ژمارەی برسییەکانی جیهان
دوشەممە ۱۹-۰۲-۱۴۰۱   |  09-05-2022

هەموو ڕۆژێ هەواڵی پێوەندیدار بە تەرخانکردنی بوودجەی ملیاردی لەگەڵ درێژەی شەڕ لە  ئۆکراین دەبێتە سەردێڕی هەواڵەکان. بایدێن گەڵاڵەی ٣٣٠ ملیارد دۆلاریی بۆ یارمەتیی نیزامی و نووژەنکردنەوەی دوای شەڕی ئۆکراین بۆ مەجلیس دەبات، ئاڵمان سەد ملیاردی بوودجەی تایبەتی نیزامی پەسندکرد و تانک و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو دەخاتە ئیختیار سوپای ئۆکراینەوە. بریتانیا، فەڕانسە، ئیتالیا و باقیی دەوڵەتانی ئەورووپاییش لەم قافڵەیە وەدوا نەکەوتوون. لە میدیا سەرەکییەکانی سەرمایەدارییەوە تا ئەوانەی کە تەنانەت ڕۆڵێکی زۆریشیان لە ئەندازیاری کردنی بیروڕای گشتیدا نییە، تەنیا ئەرکێک کە بۆخۆیانیان پێناسە کردووە، نیشاندانی دڵخوازانەی ڕووداوەکانی ئەم شەڕەیە، تا خەڵک دەرفەتی ئەوەیان نەبێت کە لە ماهییەتی واقعیی ئەم شەڕە و دواهاتەکانی تێ بگەن. تەنانەت لەوە حاڵی نەبن کە چ بەڵایەک بەسەر ئەو بەشە لە دانیشتووانی ئۆکراین دێت کە خەڵکی ئەم وڵاتە نین.

لە جەرگەی ئەم هات و هاوارە تەبلیغاتییەی کە لە دەوری شەڕی ئۆکراین وەڕێ کەوتووە، هەواڵێکی دیکە لە هێندێک لە میدیاکانەوە بڵاو دەکرێتەوە. ڕۆژی چوارشەممە چواری مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ١٤ی مانگی گوڵان “تۆڕی دژبە قەیرانی خۆراک” ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو مرۆڤانەی کە لەگەڵ برسییەتی بەرەوڕوون لە ساڵی ڕابردوودا چل ملیۆن کەسییان پێ زیاد بووە و ژمارەیان بۆ سەد و نەوەد و سێ ملیۆن کەس بەرز بووەتەوە. ئەم ئاستە لە پەرەسەندنی جەماوەری هەژار و برسی درێژەی هەمان ڕەوتێکە کە لە ساڵی ڕابردوودا لەگەڵی بەرەوڕوو بووین. ئەم ڕێکخراوە سەرەکیترین هۆکاری ئەم بابەتەی درێژەی شەڕ و ناکۆکییەکانی ئێستای جیهان پێناسە کردووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٦٥ لەسەدی ژمارەی برسییەکان لەو وڵاتانەدا دەژین کە تێیدا شەڕی نیابەتی، قەومی و مەزهەبی لە ئارا دایە. هەروەها یەکێکی تر لە هۆکارەکانی چوونەسەرەوەی ڕێژەی برسییەتی، بوون و درێژەی پەتای کۆرۆنا پێناسە کردووە. هەمووان بینیمان کە چلۆن لە وڵاتانی گەورەی سەرمایەداری لە حاڵێکدا کە ملیۆنان ڤاکسێن بەهۆی بەسەرچوونی مۆڵەتیان فڕێ دەدران، لە وڵاتانی باشوور، ڕێژەی جەمعییەتێک کە ڤاکسێن نەکرابوون، تەنانەت نەدەگەیشتە پێنج لەسەدیش. لەو جێگەوە کە کۆمپانیاکانی دەرمانی وەک “بیۆنتێک – فایزێر” ناتوانن ملیاردها دۆلار سوودی بەرین لە وڵاتانی باشوور بەدەست بێنن، لۆژیکی قازانجپەرستییان ڕێگەیان پێ نادات کە بەرهەمەکانیان بۆ ئەم وڵاتانە بنێرن. نە بنەماڵەکان و نە تەنانەت دەوڵەتانی وڵاتانی باشووریش توانای دانی ئەم هەزینە سەرسووڕهێنەرەیان نەبوو. ئەوانەی کە تەنانەت لە سەردەمی نەبوونی پەتای کۆرۆناشدا توانای دابینکردنی بژێوی خۆیان و بنەماڵەکەیان نەبوو ئێستا چۆن دەتوانن هەزینەی کڕینی ڤاکسێن دابین بکەن. لە هێندێک لە ناوچەکانی جیهان گۆڕانکاریی کەشوهەوا لەوانە بارانی بەردەوام، با و تۆفانی بەهێز، سوونامی، وشکەساڵی بووەتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری ئەم هەژاری و برسییەتییە.

بەرپرسی “بەرنامەی جیهانیی خۆراک ” چەند حەوتوو لەمەوبەر ڕایگەیاند کە ” پێکهاتەیەکی خۆفناک لە هەموو ئەم هۆکارانە لە سوومالی بەدی دەکرێت. جێگایەک کە شەڕ، وشکەساڵی، چوونەسەرەوەی بەردەوامی قیمەتی کاڵا ئەساسییەکان، نەدرانەوەی وام، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەم وڵاتە بکەوێتە بەردەم کارەساتێکی مرۆییەوە”. بەوتەی ئەم بەرپرسە شەش ملیۆن کەس واتە ٤٠ لەسەدی حەشیمەتی سوومالی بەسەختی دەتوانن خۆراکی پێویست دابین بکەن. تا کۆتایی ئەمساڵ لانیکەم یەک ملیۆن و چوارسەد منداڵ لەگەڵ کەمبوونی خۆراک بەرەوڕوو دەبنەوە. ئەمەش بە مانای توندبوونەوەی قەیرانی هەژاری و برسییەتی لەم وڵاتە دەبێت. بەرپرسی “بەرنامەی جیهانیی خۆراک” باروودۆخی برسییەکان بەسەر چوار کاتێگۆریدا دابەش دەکات و دەڵێت نزیک بە ٥٧٠ هەزار کەس دەکەونە کاتێگۆریی “کارەسات”ەوە کە ڕاستەوخۆ لەژێر هەڕەشەی مەرگ دان. ئەم کەسانە زیاتر لە ئیتیۆپی، یەمەن، سوودانی باشوور دەژین. نزیک بە ٣٩ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس لە کاتێگۆریی “نائاسایی”دان کە بەهۆی برسییەتی و هەژارییەوە بەسەختی ژیان بەسەر دەبەن و ڕێژەی مەرگیان لەسەرێیە. زۆربەی ئەم جەمعییەتە لە وڵاتانی کۆماری کۆنگۆ، ئەفغانستان، ئێتیۆپی، یەمەن و سوودانی باشوور بەسەر دەبەن. نزیک بە سەد و سی ملیۆن کەسیش لە کاتێگۆریی “قەیران” دان. ئەم جەمعییەتەش بە ڕادەی پێویست دەستیان بە خۆراک ڕاناگات و ژیانێکی سەختیان هەیە و زۆربەیان هەر لەو وڵاتانە دەژین کە باسیان لێ کرا. 

هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێت کە باروودۆخەکە لەمساڵدا دژوارتر دەبێتەوە. زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقایی کە زۆرترین ژمارەی برسییەکانی جیهان لەخۆدەگرن لەئێستادا و لەگەڵ دەستپێکی شەڕی ئۆکراین لە دەستڕاگەیشتنیان بە گەنم، گەرمەشانی، و باقیی مادە خۆراکییەکان کە هەناردەی ئەم وڵاتانە دەکران، بێبەش بوون. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆرجار لە وڵاتانی ئەندامی خۆی داوای یارمەتیی ماڵیی کروودە. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە تەنیا سێ لەسەد لە بڕی شەش ملیاردێک کە بۆ یارمەتی بە وڵاتانی ئێتیۆپی، سومالی و سوودانی باشوور لەبەرچاوگیرابوو، دراوە. هەر ئەوەندە بەسە تا بۆ ساتێک، مەودای بەرینی نێوان ئەم ڕەقەمە لەگەڵ ئەو ڕەقەمانەی کە لە چەند مانگی سەرەتای ساڵدا بۆ شەڕی ئۆکراین تەرخان کراون، بێنینە بەرچاو، تا سیمای بەربەریزمی زاڵ بەسەر جیهاندا ببینین. ڕەوتی چوونەسەرەوەی قیمەتی گەنم پاش هێرشی نیزامیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، لە هەموو شوێنێک چوونەسەرەوەی قیمەتی نانی لێ کەوتەوە. خەڵکی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە بەر لە هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراینیش لە ژێر گوشاری تەوەرۆم و گرانیی سەرسووڕهێنەردا بوون، لەئێستادا لەگەڵ شەپۆلێکی نوێ لە هەژاری و گرانی بەرەوڕوون. لەم ڕووەوە، نیگەرانییەکان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەردەوام زیاتر دەبن. 

لەحاڵێکدا کە بەشێوەی مامناوەند یەک لەسەر چواری ڕژیمی خۆراکی ئەورووپاییەکان نانە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا نان و دانەوێڵە نیوەی ڕژیمی خۆراکی خەڵک پێک دێنێت و لەگەڵ دەستپێکی ڕەڕوتی گرانی دابینکردنی دژوارتر بووەتەوە. قیمەتی جیهانیی گەنم لە یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠ لەسەد چووەتە سەرێ. یەک ساڵ لەمەوبەر و لە جەرەیانی موعامەلەکانی چواری مانگی مەی ٢٠٢١دا، هەر کیلۆیەک گەنم لە بازاڕی جیهانیدا بە قیمەتی ٢٥ سێنتی یۆرۆ بەرابەر لەگەڵ ٧ هەزار و ٥٠٠ تمەن موعامەلە دەکرا، ئەم نرخە لە ڕۆژی ٥ مەی ئەمساڵدا بۆ ٣٩ سێنتی یۆرۆ بەرابەر لەگەڵ ١١ هەزار و ٧٠٠ تمەن بەرز بووەتەوە. چوونەسەرەوەی سەرسووڕهێنەری قیمەتی نان و باقیی کاڵا پێویستەکانی ڕۆژانە دەتوانێ بەستێن سازی ڕاپەڕینی شاری و ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان دژبە ڕژیمە دەسەڵاتدارەکان بێت. 

لە ئێرانیش باروودۆخە لەوە باشتر نییە. بەپێی ڕاپۆرتی ئیلنا لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا قیمەتی گەنم نزیکەی ١٣ بەرابەر چووەتە سەرێ. ١١ی مانگی گوڵان، ئیداراتی گشت دانەوێڵە و خزمەتگوزاریی بازرگانیی پارێزگاکان لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی کارخانەکانی بەرهەمهێنانی ئارد، نرخی تازەی گەنمیان ١٢ هەزار تمەن ڕاگەیاند. هەر ئەم یەک بڕیارە بەس بوو بۆ ئەوەیکە نرخی ئارد لە کیلۆی ٢٧٠٠ تمەنەوە بۆ سەنایەع و ئەسناف بگاتە کیلۆی ١٦ هەزار و ٩٠٠ تمەن. واتە چوونەسەرەوەی نزیکەی ٦ بەرابەری قیمەتی گەنم  و ئاردی پێویستی ناوەندە سەنعەتییەکان لەماوەی کەمتر لە یەک مانگدا. 

و هەموو ئەوانە وێنەی جیهانێکە کە دەیانگوت کۆتایی مێژوو و هەتاهەتایی سەرمایەدارییە. دەستکەوتی ئەم نیزامە بەناو هەتاهەتاییە تەنیا برسییەتیی ملیۆنان مرۆڤ و کەڵەکەکرانی بەرینی سەرمایەیە و هیچی تر. بێگومان ئەم نیزامە پێچەوانەیە ژێروژوور دەکرێت، ئەگەر کرێکاران و بێبەشانی جیهان خۆیان سازمان بدەن و ڕێکخراو بن.