
کۆمەڵگەی ئێران لە جۆش و خرۆش دایە و بەرینایی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی دژبە باروودۆخی فەلاکەتباری ئابووری و دیکتاتۆری و زەبروزەنگی سیاسی بەردەوام بەرینتر و قووڵتر دەبێتەوە. ئەم گۆڕانکارییانە بەرەو ئاراستەیەک دەڕۆن تا داهاتووی دەسەڵاتی سیاسی لە ئاستی بەریندا بگۆڕن. لە مەسیرێکدا کە کۆمەڵگەی ئێران بەرەو باروودۆخێکی شۆڕشگێڕانە هەنگاو هەڵدەگرێت، کێشمەکێش و ناکۆکی لەنێوان هێزە سیاسییە چەپ و ڕاستەکاندا پەرە دەستێنێت و ئارایش و ڕیزبەندیی ئەم هێزانە دەگۆڕێت. لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێکی بەرچاو لە جەریاناتی سەڵتەنەت تەڵەب، لیبراڵ، کۆماریخواز، مەزهەبی و ناسیۆنالیست لە ئاستێکی سەرانسەری و مەحەلیدا هاوپەیمانیی ڕەنگاوڕەنگ و جۆراوجۆریان پێکهێناوە تا خۆیان وەک بەدەیلی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن. بنەمای سەرەکیی ستراتێژی ئەم هێزانە ئەوەیە کە “نەخشەڕێگای تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی” لەڕێگەی کۆبوونەوە و یەکگرتنی حیزبە بورژوییەکان و بە هاوکاریی میدیا دەستی ڕاستییەکان و لە هاوئاراستەیی لەگەڵ دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان دابڕێژن.
هەر لەم بوارەدا، جەریاناتی سەڵتەنەت تەڵەب هەوڵ دەدەن تا بە پشتیوانی لە هێزە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، سەهمێکیان لە داهاتووی دەسەڵاتی سیاسیی ئێراندا بێت. وتاری ڕەزا پەهلەوی و پەخشی زیندووی لە تەلەڤیزیۆنی دەستی ڕاستیی ئێران ئینترنەشناڵ، مەنۆتۆ و بی بی سی و بڵاوکردنەوەی لە میدیاکانی دیکە، لە دوو بوارەوە قابیلی لێکدانەوە و شیکردنەوەیە. هەم وەک کارتی فشار دژبە کۆماری ئیسلامی و هەم وەک ئاڵتێرناتیڤسازیی تەدریجی بۆ هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە ئێران. یەکەم ئەوەیکە بەدوای هێرشی نیزامیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، دانوستانەکانی دەوڵەتانی ڕۆژاوا و کۆماری ئیسلامی لەسەر “بووژاندنەوەی بەرجام” کە لە ڕێکەوتنی نیهایی نزیک ببۆوەە، بەکردەوە لەگەڵ کۆسپ و بەربەست بەرەوڕوو بۆوە. کۆماری ئیسلامی لە هەوڵ دایە تا لە بۆشایی و گرژیی نێوان ئیمپریالیستەکانی جیهان بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێت و لە ڕەوتی وتووێژ لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا ئیمتیازی زیاتر بەدەست بێنێت. هەروەها لە باروودۆخێکدا کە ڕژیم لەگەڵ شەپۆلێکی بەرین لە ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرەوڕوو بووەتەوە، دەسەڵاتەکانی ڕۆژاواش لە خاڵی لاوازی ئەم ڕژیمە گەیشتوون و بەکردەوە لە کارتی جەریانە سەڵتەنەت تەڵەب و ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستەکان بۆ فشار خستنەسەر ڕژیم کەڵک وەردەگرن تا لە دانوستانەکانی بەرجامدا پاشەکشە بکات. لەڕاستیدا، هاوئاهەنگی و بەخەتکردنی میدیا دەستی ڕاستی و دواکەوتووەکان بۆ پۆششدانی هەڵوێست و تەبلیغاتی سەڵتەنەت تەڵەبەکان هەر لەم واقعییەتەوە سەرچاوە دەگرێت. دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوا بەنیازن بە چاوترسێن کردنی کۆماری ئیسلامی، بە سەرانی ئەم ڕژیمە نیشان بدەن کە ئەگەر ملکەچی خواست و بەرژەوەندەکانیان لە ناوچەکە نەبن و بۆ بە سەرەنجام گەیاندنی ڕێکەوتنی بەرجام هاوڕێیان نەبن، لە هیچ هەوڵێک بۆ پشتیوانیی ماڵی و سیاسی لە هێزە سەڵتەنەت تەڵەب و دەستی ڕاستییەکان دەریغ ناکەن.
سەرەڕای ئەمانە، دەسەڵاتە ئیمپریالیستییەکان لەم واقعییەتە ئاگادارن کە ڕەوتی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە قووڵایی کۆمەڵگەی ئێراندا هێندە خێرا و بەرینە و ئاراستەی گشتیی ئەم ناڕەزایەتی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە هێندە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەیە کە ڕژیمی ئیسلامیی لە هەموو بوارێکەوە بەرەو داڕمان و ڕووخان بردووە. هەر بۆیە هێزەکانی ڕۆژاواش لە سەرهەڵدانی هەرجۆرە شۆڕش و ئاڵوگۆڕێکی لە خوارەوە لە لایەن جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و حزووری هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان دەترسن. هێزە ئیمپریالیستییەکان بۆ بەرەو شکست بردنی هەرجۆرە ئاڵۆگۆڕێکی ڕیشەیی و شۆڕشگێڕانە کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان ناتەبا بێت، هەموو هەوڵێک دەدەن. هەربۆیە لە هەوڵ دان تا هەنگاو بە هەنگاو مۆرە دەست نیشاندە و کۆنەپەرستەکانی خۆیان بێننە مەیدان و لەڕێگەی پشتیوانیی بەرینی ماڵی و غوولە میدیاییەکانی سەربە دەوڵەتانی ڕۆژاوا، ئەوان لە سەرووی خەڵکەوە وەک بەدیلی داهاتووی سیاسی داسەپێنن تا لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێکی کەڵانی سیاسیدا، ڕەوتی باروودۆخەکە لە دەستیان دەرنەچێت.
ئەم بەدیلسازی و هەوڵە کۆنەپەرستانەیە پێویستە بەرینتر لە ئاڵۆگۆڕ و ڕیزبەندیی سیاسی بدەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لەلایەکەوە قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و نێونەتەوەیی ڕژیم، قووڵایی و بەرینایی بێکاری، هەژاری و فەلاکەت، گرانی و تەوەرۆم، بێماڵ و حاڵی و بێپەنایی پەرەپێداوە. ئەم باروودۆخە جەماەرێکی بەرین لە کرێکاران، ژنان، لاوان، مامۆستایان، خانەنشینکراوان و باقیی خەڵکی بێبەشی وەدەنگ هێناوە و شەپۆلێکی بەرین و پەیوەستەی لە ناڕەزایەتی، مانگرتن، ڕاپەڕین و ئاخێزی جۆراوجۆر بە بەریناییی جوگرافیای ئێران وەڕێخستووە. ڕەوتی هەنگاو بە هەنگاوی ئەم خەبات و پەیکارانە، دیواری دیکتاتۆری و زەبروزەنگی ڕژیمی ئیسلامیی ڕووخاندووە و هەیمەنە و ئیقتداری سیاسی و ئیدێئۆلۆژیکی ئەم ڕژیمەی لاوازتر کردووە و کێشمەکێش و ناکۆکی نێوان سەرانی ڕژیمی پەرەپێداوە و بۆشایی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و زۆرینەی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگەی لە ڕابردوو قووڵتر کردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم ئاڵوگۆڕانە ئێستا شێوازێک لە “بۆشایی دەسەڵات”یان لە ساحەتی سیاسیی ئێراندا پێکهێناوە و بلۆکبەندیی سیاسیی لەنێوان چەپ و ڕاستی کۆمەڵگەدا توندتر کردووەتەوە. لەئاکامدا، حیزب و ڕەوتە سیاسییە چالاکەکانی ئەم بوارە وەجموجۆڵ کەوتوون تا بەش بەحاڵی خۆیان و لەپێناو بەرژەوەندی چینایەتی و سیاسییان، ئەم “بۆشایی”یە لە ئێستادا و لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەرجۆرە ئاڵۆگۆڕێک لە داهاتوودا پڕ بکەنەوە. بە گشتی، ئاڵتێرناتیڤی جەریاناتی ڕاست و بورژوایی زیاتر پشت دەبەستێت بە ئاڵوگۆڕ لە سەرەوە، ڕژیم چەینج و دەخاڵەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیست و کۆنەپەستەکان. تا لە وەها هەلومەمەرجێکدا بتوانن دەستیان بە ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسی ڕابگات و لە هەر ئاڵۆگۆڕێک لە داهاتووی سیاسیی ئێراندا، کۆنتڕۆڵی خۆیان بەسەر ئامرازە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی نیزامی، ئەمنییەتی، ئابووری، سیاسی و دامودەزگای دەوڵەتی داسەپێنن و بەرژوەندی چینایەتی و سیاسییان دابین بکەن. ناوەرۆکی سەرەکیی ئەم سیاسەتانە پەراوێزخستنی بەشداری و دەخاڵەتی کرێکاران و ستەملێکراوانە لە چارەنووس و داهاتوویاندا.
بەپێچەوانەی ستراتێژ و سیاسەتی ڕەوتە ڕاست و بورژواییەکان، ئاڵتێرناتیڤ و ڕێگاچارەی هێزە ڕادیکاڵ و سۆسیالیستەکان لەسەر بەشدرایکردنی ڕاستەوخۆ و جەماوەریی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەریی گشت کاروباری کۆمەڵگا پێداگری دەکات. ئەگەر بەدیلسازیی ڕەوتە ڕاست و بورژواییەکان لە هاوئاراستەیی لەگەڵ دەسەڵاتی سەرمایەداریی جیهانی و کۆنەپەرستانی ناوچەکە، دەتوانێت مەترسییەکی واقعی بێت لە داهاتووی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران، زەروورەتەکانی خەبات ئەرکدارمان دەکات تا پێداویستییەکانی پووچەڵ کردنەوە و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵی ئامادە بکەین و بەدیلەکەی لەڕێگەی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لەناو هێزە چەپ و سۆیالیستییەکاندا پێک بێنین. بۆ هێزە شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستەکان کە ستراتێژی خۆیان بە پشت بەستن بە خەباتی چینایەتی و کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار و زۆربەی خەڵکی ستەملێکراو بەڕێوە دەبەن، ئامرازی دەسەڵات و هێزی ماددی ڕێکخستن، یەکگرتوویی و هاوپشتی و سازماندانی جەماوەر و تەبلیغ و بانگەشە و وشیاریی چینایەتی و سۆسیالیستییە. تەنیا ماددییەت بەخشین بە ئامراز و هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە کە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە باروودۆخی شۆڕشگێڕانە و گۆڕدراوی سیاسیدا زەمانەت دەکات و مەترسیی زەوتکردنی شۆڕش و داگیرکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن ڕەوتە بورژوایی و ڕاستڕەوەکان بە کەمترین ئاست دەگەیەنێت.
سەرکەوتن و پێشڕەویی هەنگاو بە هەنگاوی خەباتی کرێکاران و ستەملێکراوان پێویستی بە پشت بەستن بە هێزێکی بابەتی و کۆمەڵایەتیی ڕادیکاڵە کە لە ڕێگەی شۆڕشی کرێکارییەوە پێکهاتە و پەیوەندی چینایەتی و کۆمەڵایەتی گشت نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی بباتە ژێر پرسیارەوە، تێکەوەی پێچێت و نیزامێکی شۆرایی و نوێ دابمەزرێنێت. کەوابوو دەسەڵاتی شۆرایی گونجاوترین و بەردەستترین مێکانیسمی بڕیاردان، بەڕێوەبردن و چاوەدێری دابین دەکات کە لەم ڕێگەوە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە پانتایی کۆمەڵایەتی و لە هەموو ئاستەکاندا بەشێوەی ڕاستەوخۆ و هەمەلایەنە بەسەر چارەنووسی خۆیاندا زاڵ دەبن و لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگادا بەشداری و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆ و بەردەوامیان دەبێت. بەڵێ! ئاڵتێرناتیڤی ئێمە شۆرا کرێکاری و جەماوەرییەکانە.