
سزای ئێعدام بەدەر لەوەیکە لە چ شوێنێک و بەدەست چ ڕژیمێک بەکردەوە دەردێت، قەتڵی دەوڵەتی و تاوانێکی ڕێکخراوە. سەرانی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران ئەم جەنایەتە لەژێرناوی دیفاع لە ئەمنیەتی گشتی، ڕێگری لە ئەنجامدانی تاوان و دابینکردنی مافی هاووڵاتییان، بەڕێوەدەبەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەزموونی هەموو وڵاتانی جیهان نیشانی داوە کە بەڕێوەبردنی ئەم سزایە نەتەنیا کاریگەریی بەرپێگرانەی نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی لەئاستی کۆمەڵگە و کەمبوونەوەی ڕێز و حورمەتی ئینسانەکان. سەرانی ڕژیم بۆ ئەم کوشتنە لەئانقەست و ڕێکخراوە، یاسایان داڕشتووە و قازییان بۆ داناوە و جەلادیان بۆ جێبەجێکردنی حوکم دیاری کردووە. داڕشتنی ئەم یاسایانە و پێکهێنانی ئۆرگانی دیاریکردن و بەکردەوەدەرهێنانی حوکم بە خەرجی کۆمەڵگە، بۆ ئەوان کەم هەزینەتر لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییانەیە کە بوونەتە هۆکاری تاوان و جەنایەت. لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بە جێبەجێ کردنی سزای ئێعدام ئەوپەڕی داماوی و بێتوانایی خۆی لەئاست ڕیشەکێش کردنی تاوان و ئازارە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدات.
بێگومان نیزامێک کە ئامرازی دیفاعەکەی جەلاد بێت، حورمەتێک بۆ مرۆڤ دانانێت و نابوودیی نەیارانی بە بابەتێکی ئاسایی دەزانێت و بە دیفاع لە حورمەت و ماف و ئەمنییەتی هاووڵاتییانی لەقەڵەم دەدات. کارنامەی کۆماری ئیسلامی ئەوپەڕی ئەم وەحشیگەرییە نیشان دەدات. قەتڵوعامی بەندکراوانی سیاسی لە مانگەکانی کۆتایی هاوینی ساڵی شەست و حەوت، قەتڵە زنجیرەییەکان لە پاییزی ساڵی حەفتا و حەوت، وەبەرگولـلەدانی کرێکارانی خاتوون ئاباد، کوشتنی کۆڵبەران لە کوردستان و سووختبەران لە بەلووچستان، سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨، کوشتنی دەیان کەس لە جەریانی ئاخێزی بەفرانباری ٩٦، کوشتاری زیاتر لە هەزار و پێنجسەد کەس لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨، کوشتنی زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە ناڕازییان لە گەرمەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و شەپۆلەکانی ئێعدام لەم ساڵانەی دواییدا، تەنیا چەند نموونەن لە سیاسەتی جەنایەتکارانەی ئەم ڕژیمە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا.
هەموو جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی نیشانەی ئەو واقعییەتەیە کە ڕژیم بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی هیچ ڕێگایەکی بێجگەلە سەرکوت، ئێعدام و ئەشکەنجە نییە. ئەم دەسەڵاتە ڕەمزی مانەوەی خۆی لە پشت بەستن بە ستراتێژی سەرکوتدا دەبینێت. تەنانەت کاتێک تاوانبارانی ئاساییش ئێعدام دەکات، ئامانجی چاوترسێن کردنی کۆمەڵگە و ترساندنی نەیارانی نیزام و بەتایبەت ئەوانەیە کە سوورن لەسەر ئەوەیکە بەشێوەی شۆڕشگێڕانە ڕژیم بڕووخێنن. بەڵام سەرەڕای هەموو بێبەزەیەتی و وەحشیگەرییەک کە ڕژیم دەینوێنێت، شەپۆلی ئێعدام و سەرکوت، کۆمەڵگەی چاوترسێن نەکردووە و خەبات لەدژی سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات.
کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” کە لە ٤١ زیندانی ئێران بەردەوامە، لە شەست و هەشتەمین حەفتەدا، لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە لە ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی گوڵانی ١٤٠٤ ڕایگەیاند کە دەرکردن و جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام لەلایەن دادگاکانی حکوومەتی وەلایەتی فەقیە هەروا بەردەوام درێژەی هەیە. لە سەرەتای مانگی گوڵانەوە هەتا ئێستا، زیاتر لە ٩٦ بەندکراو ئێعدام کراون. واتە بەشێوەی مامناوەند ڕۆژانە لانیکەم چوار کەس لەسێدارە دراون. بەپێی ڕاگەیاندنەکەی ئەم کەمپەینە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەمین (پەیمان) “فەرحئاوەر گیساوەندانی”، شاعیر و بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گیلان، لەلایەن قازی “محەممەد دەرویش گۆفتار”ەوە بە تۆمەتی “بەغی و موحاربە” بە ئێعدام مەحکووم کراوە. هەروەها “ئیحسان فەریدی”، خوێندکاری زانکۆی تەورێزیش لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی تەورێز بە تۆمەتی “موحاربە” بە ئێعدام مەحکووم کراوە. پێویستە بوترێ کە ئەم حوکمە دژەئینسانییانە بە بێ ئیمکانی دەستڕاگەیشتنی بەندکراوان بە پارێزەری هەڵبژێردراو، دەرکراوە. کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام لەسەر پێویستیی دەستبەجێ و حاشاهەڵنەگری بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئێعدام تەئکید دەکات و خوازیاری ئەوەیە کە لە هەر گۆشەیەک لە وڵاتی ئێران ئاڵای خەبات لەدژی ئێعدام بەرز بکەینەوە.
سێشەممە ٢٣ی مانگی گوڵان، هاوکات لەگەڵ شەست و هەشتەمین حەفتە لە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام، کۆمەڵێک لە بنەماڵەکانی زیندانییانی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، لە پارکێکی تاران کۆبوونەوە و لەڕێگەی بەدەستەوە گرتنی وێنەی ئازیزانی بەندکراویان و بە هەڵگرتنی پلاکارد بە دروشمی وەک “نا بۆ ئێعدام” و “هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی حوکمی ئێعدام” هاودەنگ لەگەڵ زیندانییانی مانگرتوو لە ٤١ زیندانی ئێران دژبە دەرکردن و جێبەجێ کردنی حوکمەکانی ئێعدام ئیعترازیان کرد.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لەناو قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و حکوومەتیدا دەست و پێ لێدەدات و توانای دابینکردنی لانیکەمەکانی ژیان، نان، ئاو، بەرق و تەنانەت هەوای پاکی بۆ هەناسەکێشان نییە و لە حاڵی خواردنەوەی جامی ژەهری سازان و تەسلیمبوون لە بەرامبەر ئەمریکادایە، شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و هەموو ڕۆژێ خەڵک ئێعدام دەکات. پێویستە لەم بارودۆخەدا بە هەر شێوەیەک کە دەتوانین لە هەڵمەتی “نا بۆ ئێعدام” پشیتوانی بکەین. چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە بە پەیوەندی و هاکاری لەگەڵ یەکتر، توانا و وزەی خۆیان لەپێناو سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری بۆ زەمینگیرکردنی ماشێنی ئێعدام و سەرکوتی دەوڵەت بەکار بێنن. داخوازیی هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام، ئازادیی بەندکراوانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی حیجابی زۆرەملێ پێویستە ببێتە داخوازیی بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان. ناڕەزایەتی دژبە سزای ئێعدام و کوشتنی لەئانقەستی دەوڵەت، بەدەر لەوەیکە ئەم سزایە بۆ نابوودیی زیندانییانی سیاسی بێت یان تاوانبارانی ئاسایی، ئەرکی هەموو ئەو ئینسانانەیە کە ئاسۆی ڕزگاری لە دواڕۆژی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی مژدە دەدەن. کۆمۆنیستەکان ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنن کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدامن و بۆ نەمانی ئەم سزایە لێبڕاوانە خەبات دەکەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە