فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام لە پەنجا و حەوتەمین هەفتەدا؛ پێویستە پشتیوانی لەم هەڵمەتە پەرەپێبدەین
سێشەممە ۰۷-۱۲-۱۴۰۳   |  25-02-2025

سزای ئێعدام بەدەر لەوەیکە لە چ شوێنێک و بەدەست چ ڕژیمێک بەکردەوە دەردێت، قەتڵی دەوڵەتی و تاوانێکی ڕێکخراوە. سەرانی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران ئەم جەنایەتە لەژێرناوی دیفاع لە ئەمنیەتی گشتی، ڕێگری لە ئەنجامدانی تاوان و دابینکردنی مافی هاووڵاتییان، بەڕێوەدەبەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەزموونی هەموو وڵاتانی جیهان نیشانی داوە کە بەڕێوەبردنی ئەم سزایە نەتەنیا کاریگەریی بەرپێگرانەی نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی لەئاستی کۆمەڵگە و کەمبوونەوەی ڕێز و حورمەتی ئینسانەکان. سەرانی ڕژیم بۆ ئەم کوشتنە لەئانقەست و ڕێکخراوە، یاسایان داڕشتووە و قازییان بۆ داناوە و جەلادیان بۆ جێبەجێکردنی حوکم دیاری کردووە. داڕشتنی ئەم یاسایانە و پێکهێنانی ئۆرگانی دیاریکردن و بەکردەوەدەرهێنانی حوکم بە خەرجی کۆمەڵگە، بۆ ئەوان کەم هەزینەتر لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییانەیە کە بوونەتە هۆکاری تاوان و جەنایەت. لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بە جێبەجێ کردنی سزای ئێعدام ئەوپەڕی داماوی و بێتوانایی خۆی لەئاست ڕیشەکێش کردنی تاوان و ئازارە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدات.

بێگومان نیزامێک کە ئامرازی دیفاعەکەی جەلاد بێت، حورمەتێک بۆ مرۆڤ دانانێت و نابوودیی نەیارانی بە بابەتێکی ئاسایی دەزانێت و بە دیفاع لە حورمەت و ماف و ئەمنییەتی هاووڵاتییانی لەقەڵەم دەدات. کارنامەی کۆماری ئیسلامی ئەوپەڕی ئەم وەحشیگەرییە نیشان دەدات. قەتڵوعامی بەندکراوانی سیاسی لە مانگەکانی کۆتایی هاوینی ساڵی شەست و حەوت، قەتڵە زنجیرەییەکان لە پاییزی ساڵی حەفتا و حەوت، وەبەرگولـ‌‌‌لەدانی کرێکارانی خاتوون ئاباد، کوشتنی کۆڵبەران لە کوردستان و سووختبەران لە بەلووچستان، سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨، کوشتنی دەیان کەس لە جەریانی ئاخێزی بەفرانباری ٩٦، کوشتاری زیاتر لە هەزار و پێنجسەد کەس لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨، کوشتنی زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە ناڕازییان لە گەرمەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و شەپۆلەکانی ئێعدام لەم ساڵانەی دواییدا، تەنیا چەند نموونەن لە سیاسەتی جەنایەتکارانەی ئەم ڕژیمە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا.

هەموو جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی نیشانەی ئەو واقعییەتەیە کە ڕژیم بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی هیچ ڕێگایەکی بێجگەلە سەرکوت، ئێعدام و ئەشکەنجە نییە. ئەم دەسەڵاتە ڕەمزی مانەوەی خۆی لە پشت بەستن بە ستراتێژی سەرکوتدا دەبینێت. تەنانەت کاتێک تاوانبارانی ئاساییش ئێعدام دەکات، ئامانجی چاوترسێن کردنی کۆمەڵگە و ترساندنی نەیارانی نیزام و بەتایبەت ئەوانەیە کە سوورن لەسەر ئەوەیکە بەشێوەی شۆڕشگێڕانە ڕژیم بڕووخێنن. بەڵام سەرەڕای هەموو بێبەزەیەتی و وەحشیگەرییەک کە ڕژیم دەینوێنێت، شەپۆلی ئێعدام و سەرکوت، کۆمەڵگەی چاوترسێن نەکردووە و خەبات لەدژی سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام لە ٥٧مین هەفتەدا، لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە لەڕێکەوتی ٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ ڕایگەیاند کە زیندانی چووبیندەری قەزوینیش بەم کەمپەینە پەیوەست بووە. بەگوێرەی ئەم ڕاگەیاندنە بەندکراوان لە سەرتاسەری ئێران، وێڕای زیندانی چووبیندەری قەزوین کە بە کەمپەینی سێشەممەکانی نا  بۆ ئێعدام پەیوەست بووە، ڕۆژی ٧ی ڕەشەممە لە ٣٧ زیندانی ئێران بۆ پەنجاو حەوتەمین سێشەممەی بەردەوام لەدژی سزای ئێعدام مان لە خواردن دەگرن.

بەپێی ڕاگەیاندنی ئەم کەمپەینە “ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەممە، داوای پێداچوونەوەی حوکمی بەندکراوانی سیاسی مێهدی حسێنی و بێهرووز ئێحسانی کە پێشتر بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، لەلایەن دیوانی باڵاوە ڕەت کراوەتەوە و ئەم دوو زیندانییە مەترسیی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامیان لەسەرە. هەروەها زیندانییانی وەک پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لە زیندانی ئێڤین، شەریفە محەممەدی لە زیندانی لاکانی ڕەشت و زۆر زیندانیی دیکە ئەم مەترسییەیان لەسەرە”. لە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدامدا تەئکید کراوە کە: “ئەندامانی کەمپەین لە دیفاع لە «مافی دادخوازی» بەتایبەت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە ئازیزانیان لە «مافی ژیان» بێبەری کراون، خوازیاری ئازادیی هەموو دادخوازانی بەندکراون. بەتایبەت ناهید شیرپیشە – موعەلیمی دادخواز و دایکی نەمر پوویا بەختیاری کە لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨دا گیانی بەختکرد. بەداخەوە ئەم دایکە جەرگسووتاوە هەفتەی ڕابردوو بەهۆی فشارەکانی زیندان و ناوەندە ئەمنیەتییەکان دەستی دایە خۆکوژی. بێگومان ئەو ڕۆژە دێ کە دادپەروەری دێتە دی و بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە موحاکمە دەکرێن”.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لەناو قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و حکوومەتیدا دەست و پێ لێدەدات و توانای دابینکردنی لانیکەمەکانی ژیان، نان، ئاو، بەرق و تەنانەت هەوای پاکی بۆ هەناسەکێشان نییە، شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و هەموو ڕۆژێ خەڵک ئێعدام دەکات. پێویستە لەم بارودۆخەدا بە هەر شێوەیەک کە دەتوانین لە هەڵمەتی “نا بۆ ئێعدام” پشیتوانی بکەین. چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە توانا و وزەی خۆیان لەپێناو سەرانسەری کردنەوەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری بۆ زەمینگیرکردنی ماشێنی ئێعدام و سەرکوتی دەوڵەت بەکار بێنن. ناڕەزایەتی دژبە سزای ئێعدام و کوشتنی لەئانقەستی دەوڵەت، بەدەر لەوەیکە ئەم سزایە بۆ نابوودیی زیندانییانی سیاسی بێت یان تاوانبارانی ئاسایی، ئەرکی هەموو ئەو ئینسانانەیە کە ئاسۆی ڕزگاری لە دواڕۆژی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی مژدە دەدەن. کۆمۆنیستەکان ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنن کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدامن و بۆ نەمانی ئەم سزایە لێبڕاوانە خەبات دەکەن.