
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دوای ئەو شکستە زەلیلانەیەی لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا تووشی بوو، ڕووی کردووەتە پەرەپێدانی سەرکوت، گرتن، دەرکردنی یەک لە دوای یەکی حوکمی ئێعدام و شەپۆلی ئێعدام کردن. ئەزموون نیشانی داوە کە هەرکات سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خۆیان لە مەترسیی ئاخێزی جەماوەریدا بینیوە ڕوویان کردووەتە سەرکوتی بەرنامەڕێژیکراو. قەتڵوعامی بەندکراوانی سیاسی لە مانگەکانی کۆتایی هاوینی ساڵی شەست و حەوت، قەتڵە زنجیرەییەکان لە پاییزی ساڵی حەفتا و حەوت، وەبەرگولـلەدانی کرێکارانی خاتوون ئاباد، کوشتنی کۆڵبەران لە کوردستان و سووختبەران لە بەلووچستان، سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨، کوشتنی دەیان کەس لە جەریانی ئاخێزی بەفرانباری ٩٦، کوشتاری زیاتر لە هەزار و پێنجسەد کەس لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨، کوشتنی زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە ناڕازییان لە گەرمەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی ئێعدام لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، تەنیا چەند نموونەن لە سیاسەتی جەنایەتکارانەی ئەم ڕژیمە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا.
هەموو جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی نیشانەی ئەو واقعییەتەیە کە ڕژیم بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی هیچ ڕێگایەکی بێجگەلە سەرکوت، ئێعدام و ئەشکەنجە نییە. ئەم دەسەڵاتە ڕەمزی مانەوەی خۆی لە پشت بەستن بە ستراتێژی سەرکوتدا دەبینێت. تەنانەت کاتێک تاوانبارانی ئاساییش ئێعدام دەکات، ئامانجی چاوترسێن کردنی کۆمەڵگە و ترساندنی نەیارانی نیزام و بەتایبەت ئەوانەیە کە سوورن لەسەر ئەوەیکە بەشێوەی شۆڕشگێڕانە ڕژیم بڕووخێنن. بەڵام سەرەڕای هەموو بێبەزەیەتی و وەحشیگەرییەک کە ڕژیم دەینوێنێت، شەپۆلی ئێعدام و سەرکوت، کۆمەڵگەی چاوترسێن نەکردووە و خەبات لەدژی سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات.
کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” ڕۆژی سێشەممە ١٧ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٤، لە حەفتەی حەفتا و شەشەمدا، لە کاتێکدا کە لە ٤٧ زیندان لە حاڵی مانگرتندا بوون بەیاننامەمەیەکی بڵاوکردەوە و بانگەوازیان کرد کە “با نەترسێین و لە مافی ژیانی هاووڵاتییانمان دیفاع بکەین”. لەم بەیاننامەیەدا هاتووە:
“ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە ئاست شەپۆلی نوێی ئێعدام و پەرەسەندنی سەرکوتی ئەمنیەتی لە سەرتاسەری وڵات ڕادەگەیەنن. لە سەرەتای مانگی پووشپەڕوە هەتا ئێستا، لانیکەم ٢٤ کەس لە ئێران ئێعدام کراون و ئاماری ئێعدامەکان لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٤ەوە هەتا ئێستا گەیشتووەتە ٤٢٨ کەس. ئەم ئامارە خۆفناکە تەنیا دەرخەری بەشێکە لە پێشێلکاریی لەڕادەبەدەر و سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران. “
“جیا لە شەپۆلی ئێعدامەکان، لەم حەفتەیەدا شایەدی حاڵەتی زۆرتری سەرکوت و توندوتیژیی مەرگبار لەدژی خەڵک بووین. بۆ نموونە کوشتنی دوو لاو لە هەمەدان لەلایەن سەرکوتگەرانی حکوومەت و هێرشی چەکداریی بۆسەر ژنان لە گوندی گونیچی سەربە شاری خاش، کە بەهۆیەوە دوو ژن گیانیان بەختکرد. ئەمە نموونەیەکی ڕوون و بەرچاو لە سرووشتی دژەژنی ئەم دەسەڵاتەیە و نیشانەی ترسیەتی لە ناڕەزایەتیی خەڵک و هەوڵێکە بۆ چاوترسێن کردنی کۆمەڵگا.”
“ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام، هەروەها دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ ٥ بەندکراوی سیاسیی کورد، ڕزگار بەیگزادە بابامیری، پژمان سوڵتانی، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور سەلیمی بابامیری، کە لە ئاخێزی ١٤٠١دا دەستبەسەرکراون، بەتوندی مەحکووم دەکات. ئەم ئەحکامە دژەئینسانی و بەدوور لە دادگایی کردنێکی دادپەروەرانەن و ئەم پێنج کەسە سەرجەم بە ١٢ جار ئێعدام مەحکووم کراون!”
“ئەم کەمپەنە، داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و خەڵکی هوشیار و ئازادیخواز دەکات کە لەئاست چارەنووسی بەندکراوانی دوو نەتەوەیی، لەوانە ئەحمەد ڕەزا جەلالی کە لە شەوی بۆمبارانی زیندانی ئێڤین بەشێوەیەکی نامرۆڤانە لەلایەن ناوەندە سەرکوتگەرە ئەمنیەتییەکانەوە ڕفێندراوە و دوای ساڵەها ڕەنجی زیندان، ئێستا لەژێر مەترسیی جێبەجێ کردنی حوکمی کۆنەپەرستانەی ئێعدام دایە، کەمتەرخەم نەبن و پڕۆژەی تۆقاندنی ڕژیم کاریگەرییان لەسەر دانەنێت و بە تەواو مانا لە “مافی ژیان”ی هاووڵاتییان و بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدام بەرگری بکەن.”
هەروەک کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام ڕایگەیاندووە، تەنیا بە خۆڕاگری و خەبات بەرامبەر بەم شەپۆلەی پەرەپێدانی سەرکوت و ئێعدام دەتوانین پاشەکشە بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بکەین. لە بارودۆخی ئێستادا تەنیا بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر زیندانەکان لە سەرتاسەری ئێران و بەتەنیا نەهێشتنەوەی بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدام لەم کەمپەینە، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای خەبات لەدژی سزای ئێعدام و خواستی ئازادیی بەندکراوانی سیاسی لە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشنان و خوێندکاران و بە بەرێوەبردنی هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی لە دەرەوەی وڵات، لەدژی سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، دەتوانین ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکان و لە زیندانی کردنی تێکۆشەرانی سیاسی و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ناچار بە پاشەکشە بکەین. هاودەنگ لەگەڵ بەندکراوانی سیاسی و کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لەدژی ئەم تاوانە ڕێکخراوە دەوڵەتییە و لەدژی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە ڕاپەڕین.
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە