فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کەوتنەوەی ئاگر لە شاخی ئاویەر لە شاری سنە
هەینی ۰۳-۰۵-۱۴۰۴   |  25-07-2025

لە ئەنجامی ئاگر کەوتنەوە لە شاخی ئاویەری سنە، پێنج چالاکی مەدەنی و ژینگە پارێزی بە سەختی توشی سوتاوی بوون.
شایانی باسە، ئەم ئاگرە کاتژمێر یەک و نیوی نیوەڕۆی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ۱٤۰٤، دەستی پێکرد و تا درەنگانی شەو بەردەوام بووە. ئاگرەکە ناوچەیەکی بەرفراوانی لێژایی شاخی ئاویەر ، لەوانە پشت پارکی  منداڵان و شەهرەکی  زاگرۆس و حەسەن ئاوای گرتووەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئاگرەکە بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن خۆبەخشانی خۆجەیی و چالاکوانانی ژینگە پارێزییەوە کۆنترۆڵ کراوە و دامودەزگا حکومییەکان تەنها ڕۆڵیان هەبووە لە گواستنەوەی بریندارەکان. جێگای ئاماژەیە، لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە پێنج چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێز بە سەختی بریندار بوون و باری تەندروستی دووانیان بە ناوەکانی “موحسێن حسێن پەناهی” و “حەمید مورادی” ناجێگیر ڕاگەیەنراوە و لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی کەوسەر لە سنە، چارەسەر دەکرێن. هەروەها سێ کەسی دیکەش بە ناوەکانی “خەبات ئەمینی” و “چیاکۆ یوسفی نژاد” و “سەید موستەفا هەژیر” تووشی سوتاوی و  کێشەی هەناسەدان بوون و چەندین خۆبەخشی دیکە بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵ و برینی سوک چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە. بەپێی دوایین زانییارییەکان

حەمید مورادی” چالاکی ژینگەپارێز و پارێزەری خەڵکی شاری سنە کە هاوکات یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ‘شنەی نەوژینی کوردستان’ بوو، بە هۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەی لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گیانی لەدەست دا.
جێگای ئاماژەیە، ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ پێنج چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی دیکە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری بەرزاییەکانی ئاویەر لە شاری سنە، تووشی سووتان هاتبوو.