فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کەڵکوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە باندە تاوانکارەکان بۆ تیرۆری نەیارانی سیاسی لە ئەورووپا
چوارشەممە ۱۳-۰۳-۱۴۰۵   |  03-06-2026

لە کاتێکدا کە ئاسۆی کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێشتا لە لێڵایی و ناڕوونیدایە، ئەم ڕژێمە لەژێر سێبەری مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕدا، کەشی سەرکوتگەریی توندتر کردووەتەوە و درێژەی بە شەپۆلی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی داوە، لە دەرەوەی وڵاتیش بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو هەوڵ بۆ تیرۆری نەیارانی سیاسیی خۆی دەدات. لەم پێوەندییەدا، دەزگای ئاسایش و زانیاریی نەتەوەیی دانمارک (PET)، ڕۆژی هەینی ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کرد کە: “لە ئێستادا و بە سەرنجدان بەو گۆڕانکارییانەی ئەم دواییانە لە جیهاندا هاتوونەتە ئاراوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆڵێکی زەقتر لە هەڕەشە تیرۆریستییەکان دژی دانمارک دەگێڕێت”. بەو جیاوازییەی کە جەوهەری هەڕەشەکان بۆ ئەم وڵاتە ئەسکاندیناڤییە لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. لەم بارەیەوە سەرۆکی دەزگای ئاسایش و زانیاریی دانمارک ڕایگەیاند کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیەکی تایبەتی بۆ سەر نەیارانی سیاسیی ئێرانیی نیشتەجێی وڵاتانی ئەورووپایی، لەوانە دانمارک دروست کردووە و هەروەها هەڕەشەش بووە بۆ سەر جوولەکەکان و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل. لەم ڕوانگەیەوە دەوڵەتی دانمارک لە نوێترین بەڵگەنامەی ئەمنیی خۆیدا، ئاستی هەڕەشە تیرۆریستییەکانی دژی خۆی لە پلەی بەرزی ٤ لە کۆی پێوەرێکی پێنج پلەیی دیاری کردووە.

سەرۆکی دەزگای ئاسایش و زانیاریی نەتەوەیی دانمارک هەروەها پەردەی لەسەر ئەوەش لادا کە دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی پێچەوانەی ساڵانی پێشوو، ئێستا بۆ داڕشتنی بەرنامە و ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکان، نەک ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مۆرەکانی خۆیانەوە، بەڵکوو کەڵک لە باندە چەتە و کرێگرتە و تاوانکارەکان لە ئەورووپا وەردەگرن. لە وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایش و زانیاریی دانمارکدا، باڵیۆزخانەی ڕژێمی ئیسلامی لە کۆپنهاگن تەنیا بە بیانووی ئەوەی کە گوایە بەڵگەی باوەڕپێکراو بۆ سەلماندنی تێوەگلانی کۆماری ئیسلامی لەو کردەوە تیرۆریستییانەدا نەخراوەتە ڕوو، بانگەشەکەی دەزگای ئاسایشی دانمارکی ڕەت کردەوە و وەک بەشێک لە پڕۆژەیەکی بەربڵاو بۆ گۆشەگیرکردنی سیاسی و نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەمی دا.

بەڵام ئەمە تەنیا دانمارک نییە کە خۆی لە بەردەم مەترسییە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەبینێتەوە، بەڵکوو دەوڵەتەکانی تری ئەورووپا، لە فەڕانسە، ئاڵمان و بەریتانیاوە بگرە تا ئۆتریش، بێلژیک، قبرس، یۆنان و وڵاتانی دیکەش لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڕەپانی کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بوون لەسەر خاکی خۆیان. لە هەندێک لەم حاڵەتانەدا مۆرەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی دەستگیر کراون و لە دادگا باوەڕپێکراوەکاندا دادگایی کراون و بە تاوانی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی سزایان بەسەردا سەپاوە. ڕژێمی ئیسلامی لەوپەڕی بێشەرمیدا بە بارمتەگرتنی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە لە ئێران و لکاندنی تۆمەتی سواو و دووپاتەبووەوەی “سیخوڕی”، هەوڵی داوە مۆرە تیرۆریستە زیندانیکراوەکانی خۆی پێ ئاڵوگۆڕ بکات.

بەڵام کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی ڕابردوودا کردەوە تیرۆریستییەکانی لە دەرەوەی وڵات، نەک لە ڕێگەی مۆرە فەرمییەکانی خۆیەوە، بەڵکوو بە بەکرێگرتنی گرووپ و باندە چەتە و تاوانکارەکان بردۆتە پێشەوە، تا بە خەیاڵی خاوی خۆی شوێنپەنجەیەک بەجێ نەهێڵێت. لەم پێوەندییەدا، دەزگای زانیاری و ئاسایشی سوێد (ساپۆ)ـیش کۆماری ئیسلامیی بە بەکارھێنانی ئەو گرووپە بەکرێگیراوانە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لەو وڵاتە تۆمەتبار کردووە. ڕۆژی شەممە ٩ی جۆزەردان، سەرۆکی یەکەی دژەسیخوڕیی ئەم دەزگایە ڕایگەیاند: “بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان لەبەردەستدایە کە نیشانی دەدات کۆماری ئیسلامی کەڵک لەم باندە تاوانکارانە وەردەگرێت بۆ ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژانە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل و جوولەکەکان و کەسایەتییە نەیارە ئێرانییەکان لە سوێد”. ناوبراو وتیشی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەو کەسە تاوانبارانەی ناو باندە چەتەکان لەگەڵ کەسانی ناو دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیدا پێوەندییان هەیە. بەم جۆرە، ڕژێمی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووەتە مۆڵگەیەکی ئارام بۆ کەس و گرووپە تیرۆریستییەکانی وڵاتانی دیکە، کە سەر بە دەزگا ئەمنی و جاسوسییەکانی کۆماری ئیسلامین.

هاوکات لەگەڵ دانمارک، ڕۆژی هەشتەمی جۆزەردان لە بەریتانیاش، پۆلیسی ئەو وڵاتە هەواڵی دادگاییکردنی هاووڵاتییەکی یۆنانیی دانیشتووی میونشنی ئاڵمان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی (کۆماری ئیسلامی) بڵاو کردەوە. تۆمەتی ئەم کەسەش هەوڵدانە بۆ تیرۆری ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانیی نەیاری کۆماری ئیسلامی لە لەندەن. بێگومان دەزگای ئاسایشی بەریتانیا (ئێم ئای ٥)، لە ساڵانی ڕابردووشدا ڕایگەیاندبوو کە ئەو دەزگایە لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ پیلانی باندە تاوانکارەکان و قاچاخچییانی ماددە هۆشبەرەکانی پاشکۆی کۆماری ئیسلامیی دژی هاووڵاتییانی بەریتانیا پووچەڵ کردووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ناوخۆی فەڕانسەش چەند مانگێک لەمەوبەر ئاشکرای کرد کە دەزگا سیخوڕییەکانی ئێران شێوازەکانی خۆیان گۆڕیوە و ئێستا بە شێوەیەکی سیستەماتیک بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دەرەوەی وڵات، کەسانی تاوانکاری بیانی بەکار دەهێنن. ڕۆژی چوارشەممە ٦ی جۆزەردان، وەزارەتی دادی ئەمریکاش هاووڵاتییەکی دیکەی ئەو وڵاتەی بە تاوانی بەشداریکردن لە پیلانی تیرۆری چالاکوانێکی سیاسیی ئێرانیی نەیاری کۆماری ئیسلامی، بە دە ساڵ زیندانیکردن سزا دا. بە وتەی بەرپرسانی دادی ئەمریکا، ئەم کەسە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ئەم تیرۆرە ڕاسپێردرابوو.

کۆماری ئیسلامی زۆر جار حاشا لە تێوەگلانی خۆی لەم تیرۆرانەدا دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە چەندین جار بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی ئیسلامی لە دادگا باوەڕپێکراو و سەربەخۆکاندا، بەپێی بەڵگەنامەی حاشاهەڵنەگر و بەشداری و شایەتیدانی شایەتحاڵان، بە تاوانی دەست‌هەبوون لە تیرۆری کەسایەتییەکان و تەقاندنەوەی شوێنەکاندا مەحکووم کراون و کۆماری ئیسلامیش وەک حکوومەتێکی تیرۆریستی و پشتیوانی تیرۆریزم بە شێوەی ئامادە یان غیابی دادگایی و تاوانبار کراوە.

ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لەبەر ئەوەی کە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا خەڵکی ئێرانی بەرەوڕووی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان کردووەتەوە؛ لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران بێت؛ بە هۆی ئەوەی کە کار، ژیان، ئاسایش و ئازادیی لە زۆرینەی خەڵکی ئێران زەوت کردووە؛ بەو هۆیەی کە بە پێداگری لەسەر سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی، ئێرانی پەلکێشی ناو شەڕ کردووە و بووەتە هۆی کوشتار و وێرانکاری نەک تەنیا لە ئێران، بەڵکوو لە ئاستی ناوچەکەشدا، لە ڕوانگەی زۆرینەی ڕەهای کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگەوە خاوەنی هیچ چەشنە ڕەوایەتییەک نییە. بێگومان ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کە لە نێو قەیرانێکی قووڵ و هەمەلایەنەدا دەست‌وپێ دەکوتێ، بە پەرەپێدانی کردەوە تیرۆریستییەکانی لە دەرەوەی وڵاتیش، ناتوانێ درێژە بە دەسەڵاتە دژەمرۆییەکەی بدات.