گرووپی “سایبێر تووفان” کە خۆی وەک گرووپێکی دژە ئیسرائیلی ناساندووە، باسی لە هاککردنی دەیان ڕێکخراو و دامەزراوەی ئیسرائیلی کردووە.
ئەم گرووپە لە هەوڵێکی سایبێرییدا کە لە چەند مانگی ڕابردوودا دەستی پێکردبوو، زانیارییە هاککراوەکانی بەرەبەرە لە کاناڵی تێلێگرامی خۆیدا بڵاو کردووەتەوە.
گرووپی سایبێر تووفان ڕایگەیاندووە کە توانیویەتی نزیک بە ٦٠ ماڵپەڕ و دامەزراوەی ئیسرائیلی هاک بکات.
توێژەرانی ئەمنیەتی سایبێری پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە زۆربەی نموونەکاندا، ئەو زانیارییە بڵاوکراوانە ڕاست دەرچوون.
لەنێو لیستی ماڵپەڕە هاککراوەکان چەند کۆمپانی وەک “ئیسپەیس ئیکس”، “تویتا” و “ئیکیا” کە لەگەڵ ئیسرائیلدا بازرگانی دەکەن، دەبینرێت.
کارناسێکی سەربەخۆی ئەمنییەتی سایبێری شێوەی ڕێکخستن و هێرشەکانی ئەم گرووپەی لە بەرامبەر گرووپە هاوشێوەکانی کە پشتیوانی لە فەلەستین دەکەن، بە بەهێزتر زانی.
گرووپی سایبێر تووفان سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیە.
لە چەند مانگی ڕابڕدوودا و پاش دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، هێرشە سایبێرییەکان لەلایەن گرووپەکانی سەر بە سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمەوە بۆ سەر ڕێکخراوە ئیسرائیلییەکان چڕتر بووەتەوە. بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل سەبارەت بەم هێرشانە هەڕەشەی توندیان لە ڕژیم کردووە و ڕایانگەیاندووە کە لە داهاتوودا دەبێ باجی ئەو هێرشانە بدەن.