گواستنەوەی سەلاح ئەحمەدی بۆ یەکێک له گرتووخانەکانی ئیتلاعاتی ورمێ
یەکشەممە ۰۳-۰۲-۱۴۰۲   |  23-04-2023
بەپێی ڕاپۆرتەکان، دوکتور “سەلاح ئەحمەدی” تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان کە ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خاکەلێوەی لەگەڵ یاریدەرەکەی لە شوێنی کارەکەی لە دەرمانخانەی دکتۆر ئەحمەدی دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی مانگی گوڵان بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترایەوە. تا ساتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتەی کە ئاراستەی ئەم هاووڵاتیە کراوە لەبەر دەستدا نییە. جێگەی ئاماژەیە، دوکتوور “سەلاح ئەحمەدی” و یاریدەدەرەکەی بە ناوی “سولەیمان جاوید”، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی دەزگای زانیاری شاری بۆکان، بەبێ هیچ هۆکارێک ڕفێندرابوون و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوونەوە.