ڕۆژی سێشەممە، ١۵ی خاکەلێوە، سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی قووچان سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، پاش ئەوەیکە لەلایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەشهەد بانگ و دەستبەسەر کراوە، بۆ بەندی ۵ی بەندیخانەی مەشهەد گواستراوەتەوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا بۆ یەکەم جار ڕێگەی پێدراوە بە تەلەفۆن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا قسە بکات.
سەکینە پەروانە، هەر لەو ڕۆژەدا بە هۆکارێک کە تاکوو ئێستاش ڕوون نەکراوەتەوە، لەلایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەشهەد بانگ کراوە و لەوێ دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە.ناوبراو ڕۆژی ١۶ی ڕەشەمەی پارەکە، جارێکی دیکە لە شاری تاران و لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر و پاش چوار ڕۆژ ئازاد کرا بوو.
لە ماوەی بەندکرانیدا ناوبرا بۆ دەستبەسەرگەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە ماکۆ، تاران، بەندیخانەی ئێڤین، بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین و قووچان گواستراوەتەوە. بەهۆی بارودۆخی دژواری ئەم بەندکراوە سیاسییە لە بەندیخانەدا، چەندین جاری درێژماوە مانی لە خواردن گرتبوو.