گواستنەوەی عادڵ نەدیمی بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی تاران
پێنجشەممە ۱۷-۰۱-۱۴۰۲   |  06-04-2023
عادڵ نەدیمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کامێران و لە دەستبەسەرکراونی ڕاپەڕینی جەماوەریی شاری تاران کە لە ماوەی ڕابردوودا سزای ٢ ساڵ بەندکردن و لێدانی ٢٠ قامچی بەسەردا سەپابوو؛ جارێکی دیکە لە بەندیخانەی فەشافوویە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات گواستراوەتەوە و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی ئەو ناوەندە حکوومەتییەدایە.
ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی “بێڕێزیکردن بە ویلایەتی فەقیه” و “قسەی ناتەبا و ناساز لەگەڵ یاسای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی” سزای دوو ساڵ بەندکردن و لێدانی ٢٠ قامچی بەسەریدا سەپاوە.
ئەو هاووڵاتییە پێش ئەوەیکە بگواسرێتەوە بۆ ئەو بەندیخانەیە، لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراوە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەری بووە.