فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گواستنەوەی نەرگس محەمەدی بۆ سێهەمین جار بۆ نەخۆشخانە بەبێ “حیجابی زۆرەملێ”
سێشەممە ۳۰-۰۸-۱۴۰۲   |  21-11-2023

“نەرگس محەمەدی”، هەڵسووڕاوی مافەکانی مرۆڤ و زیندانیی سیاسی، بۆ سێهەمین جار و بەبێ حیجابی زۆرەملێ، گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.
لاپەڕەی فەرمی ئەم هەڵسووڕاوەی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێلی ٢٠٢٣، جگە لە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە نووسیویەتی کە ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر دوای ئەنجامدانی ئانژیۆگرافی گەڕێندرایەوە بۆ زیندان.
گواستنەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ نەخۆشخانە لە بارودۆخێک‌دا دایە کە داواکاری گشتیی تاران بە نامەی نووسراوە ببووە ڕێگر لە بەردەم گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەبێ حیجابی زۆرەملێ.
نەرگس محەمەدی کە نەخۆشی دڵی هەیە، لە ناڕەزایەتی‌ بەم هەڵسوکەوتەی داواکاری گشتی مانی لە خواردن گرت. گرووپێک لە زیندانییەکانی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینیش لە پشتیوانیی لەم هەڵسووڕاوی مافەکانی مرۆڤە مانیان لە خواردن گرت تا لە کۆتایی‌دا دوای ئەوەی دەزگای دادی ڕژیم لە ژێر گوشاری ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان‌دا ناچار بوو بیگوازێتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان، نەرگس محەمەدی ڕۆژی پێنج شەمە ١٨ی خەزەڵوەر، باسی لەوە کرد کە لە ئەنجام‌دا بە خواستی خۆی “بەبێ سەرپۆش و بە کۆت و دامەن”ەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.
نەرگس ڕۆژی سێ‌شەمە ٣٠ی خەزەڵوەر لە دژایەتی خۆی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ بە جلوبەرگی دڵخوازی خۆییەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.