ناوەندە ئەمنییەکانی رژیم لە شاری سەردەشت ژمارەیەک لە هونەرمەندانی ئەوشارەیان بانگ کردووە و لەگەڵ ناچار کردنیان بۆ خوێندنەوەی پەیامێک بەپێچەوانەی ویستی خۆیان، ناچار بە خوێندنەوەی سروودێکی حکوومەتیش کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ناوەندە ئەمنییەکان بە بانگ کردنی ژمارەیەک لە هونەرمەندان بە هۆکاری خوێندنەوەی سروودێک بە زمانی کوردی، ناچاریان کردوون کە نووسراوەیەک دژ بە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی بخوێننەوە و هەڵوێستێک بەپێچەوانەی ویستی خۆیان هەڵبژێرن. شایانی باسە، ئەو هونەرمەندانە بە سەختی لە ژێر گوشاری ئیتلاعاتی سپا و ئیدارەی ئیتلاعات داندراون و ناچار بە خوێندنەوەی سروودێکی حکومەتی و هەروەها خوێندنەوەی ئەو نووسراوەیە کراون. هەروەها ئەدمینی کەناڵە تێلێگرامییەکانی شارە جیاوازەکانی کوردستان، ناچار کراون کە تەواوی ناوەڕۆکێک کە پەیوەندی بەو سروودەی کە خوێندوویانەتەوە بووە، پاک بکەنەوە و کەسێک لەوانیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەز، ئەو کەناڵە تێلێگرامی و ئینستاگڕامییانە بەتایبەت ئەوانەی کە لە شاری سەردەشت چالاکییان هەیە، لەژێر گوشاردا، ڤیدیۆی خوێندنەوەی زۆرەکیی سروودە حکومەتییەکەیان بڵاویان کردۆتەوە. بەدوای ئەو گوشارانەدا چالاکە مەدەنی و فەرهەنگییەکان لە لاپەڕەکانیان، پاڵپشتی تەواوی خۆیان لەو هونەرمەندانە دەربڕیوە. بانگکرانی ئەو هوندەرمەندانە و زۆرەکی کردنی خوێندنەوەی ئەو ڕاگەیاندنە، دوای ئەوە ڕوویداوە کە ڕۆژی ٦ی سەرماوەزی ئەمساڵ، ئەو هونەرمەندانە پێکەوە لە سەردەشت سروودی «لە قەندیلی سەربەرزی» یان خوێندووەتەوە.