
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ٥ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی پەیمان مینبەری بە ناوەکانی “ئارەزوو و ئەفشین مینبەری”، خوشک و برای پەیمان و هەروەها “ڕەحیم مینبەری و کەریم مۆرادی” زاواکانی بنەماڵە و “سەباح مینبەری” لە خزمانی بنەماڵە، لە ڕێگەی دۆسییەسازی، بانگ کران بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ڕاگرتنی پاسپۆرت و پێوەندیی تلفۆنیی بەردەوام کەوتوونەتە ژێر گوشار، هەڕەشە و دۆسییەسازیی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خەزەڵوەری ١٤٠٣، ڕەحیم مینبەری، کەریم مورادی و سەباح مینبەری بە تۆمەتەکانی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” و “تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی” بانگی لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە کراون. هەروەها لە بەڵگەیەکی دیکەی بانگ کردندا، لە ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ڕەحیم مینبەری سەبارەت بە سکاڵایەکی دیکە کە تۆمەتەکانی ڕانەگەیەندراون، بانگی لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە کرابوو. لەلایەکی دیکەوە پاسپۆرتی ڕەحیم مینبەری لە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣وە ڕاگیراوە و تاکوو ئێستا پێی نەدراوەتەوە. ڕەحیم مینبەری هەروەها لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنیی بەردەوامەوە کەوتووەتە ژێر گوشار و هەڕەشەی ئیتلاعات و دادگای سنە. لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی پەیمان مینبەری، ئارەزوو مینبەری، خوشکی پەیمان مینبەری کە دوای گیانلەدەستدانی براکەی تووشی کیشەی دەروونی بووە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە، کەوتووە ژێر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە.