بنەماڵە و کەسوکاری فریشتە ئەحمەدی، یەکێک لە گیان بەختکردووەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییانەی شاری مەهاباد، لەلایەن ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگهێشت کراون و لەژێر گوشار و هەڕەشەدان.
پاش ئەوەی ئیبراهیم ئەحمەدی، برای گیانبەختکردوو فریشتە ئەحمەدی، پەیامێکی ڤیدیۆیی تۆمار و بڵاو کردەوە و لە پەیامەدا بانگەشەی چەواشەکاریەکانی بەرپرسانی دەزگای دادی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕەت کردەوە، ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراو بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون.
پێشتر ئیبراهیم ئەحمەدی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وابێژی و چەواشەکارییەکانی ناسر عەتەباتی، سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای ورمێی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند : “بنەماڵەی ئەحمەدی سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک تۆمار نەکردووە و گومانیان لەوەدا نییە کە کچەکەیان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی گیانی بەختکردووە”.
ناسر عەتەباتی ڕۆژی ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خەزەڵوەر بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە، لە ناو ماڵەوە تەقە لە فریشتە کراوە و لەسەر کەیسەکەی پەروەندەی سزا دروست کراوە.
شایانی باسە کە فریشتە ئەحمەدی، ٣٢ ساڵە و خەڵکی شاری سەردەشت، سەرلەئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ۵ی خەزەڵوەر، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد و لە کاتێکدا لە سەربانی ماڵەکەی خۆیانەوە بوو، لەلایە هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تەقەی لێ کرا و گیانی بەختکرد.