بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دوایییانەدا ئیسماعیل نەبیزادە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار کە ماوەی ٢١ مانگ لە حوکمی بەندکرانی پێنج ساڵەکەی خۆی لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە تێپەڕ کردووە، بە ڕەزامەندیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، سزای بەندکرانەکەی بۆ ڕای باز گۆڕاوە و باقی ماوەی بەندکرانەکەی لە دەرەوەی زیندان تێپەڕ دەکات.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەزگای دادوەری بە وەرگرتنی بارمتەی پێنج ملیارد تمەنی داوای ئەو بەندکراوەی بۆ گۆڕینی سزاکەی قبووڵ کردووە. ئیسماعیل نەبیزادە، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترایەوە. ناوبراو دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون بۆ زیندانی ناوەندیی نەغەدە گواسترابوویەوە. ناوبڕاو لە ئاکامدا لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە نەیارەکانی ڕژیم” حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.