بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، جەماڵ عەلیزادە کە بە هەژمارکردنی ماوەی ڕاگیرانی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعات نیوەی حوکمی٣٠ مانگ بەندکرانی سەپێندراو بە سەریدا لە زیندانی نەغەدە بەسەر بردبوو، بە ڕەزامەندی دادگا، سزاکەی بۆ ڕای باز گۆڕدراوە و باقی ماوەی حوکمی بەندکرانەکەی لە دەرەوەی زیندان تێپەڕ دەکات.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، جەماڵ عەلیزادە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە پیرانشار دەستبەسەر کرا. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١ دوای ٤ مانگ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٣ ملیاردی و بە شێوەی کاتی و هەتا تەواو بوونی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە زیندانی ناوەندی نەغەدە ئازاد کرابوو. جێگای ئاماژەیە، جەماڵ عەلیزادە خاکەلێوەی ١٤٠٢، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ میدیاکان” ٣٠مانگ حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ناوبراو دواجار ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانانی ١٤٠٢، دوای بانگکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزای پیرانشار دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندی نەغەدە گواسترابوویەوە.