بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی گوڵان، حوکمی بەندکرانی موحسین قادری، هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی “گەزکەسک” سەر بە شاری پیرانشار بۆ ڕێی باز گۆڕدراوە و ناوبراو ٢٢ مانگی دیکە لە ماوەی بەندکرانەکەی لە دەرەوەی زیندانی ناوەندیی نەغەدە تێپەڕ دەکات.
موحسین قادری پێشتر بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە نەیارەکانی ڕژیم” لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد حوکمی ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و لە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری پارەکە، بەمەبەستی تێپەڕکردنی حوکمی بەندکرانەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی نەغەدە گواسترابووەوە. ناوبراو مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو لە دۆسیەیەکی دیکە، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی پیرانشار بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی” حوکمی سێ مانگ بەندکران و ٤٠ زەربەی شەلاقی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو حوکمە بۆ پێبژاردنی بڕی پارەی پێنج ملیۆن تمەن داشکێندرا.