فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گۆڕینی ستراتیژی ناوچەیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، سازشکردن بۆ مانەوە
شەممە ۰۳-۰۴-۱۴۰۲   |  24-06-2023
گۆڕینی ستراتیژی ناوچەیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، سازشکردن بۆ مانەوە

مەترسیی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بەهۆی درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری لە ئێران، خامنەیی و کادری ڕێبەریی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئیسلامیی ناچار کردووە کە بۆ نەجاتی دەسەڵاتەکەیان بە گرتنەبەری سیاسەتی “نەرمشی قارەمانانە” بەرانبەر بە ئەمریکا و باقیی زلهێزەکانی سەرمایەداری، جامێکی ژەهری دیکە بنۆشن. ستراتێژی بوون بە دەسەڵاتی باڵای ناوچەکە لەڕێگەی دەخاڵەتگەریی نیزامی لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ناوچە و بەرنامەی ئەتۆمیی ڕژیم شکستیان هێناوە. ڕژیمی ئیسلامی ئەمجارەیان ستراتێژی مانەوەی دەسەڵاتەکەی لە سازان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ناوچەکە و جیهاندا دەبینێ. سازانێک کە دەوڵەتی ئەمریکا و باقیی زلهێزەکان و دەسەڵاتەکانی ناوچەکە ساڵەهایە هەوڵی بۆ دەدەن. درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداریشی نیگەران کرد و بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوەیە چەندین هەوڵیان خستە دەستووری کارەوە. ئەوان بەمەبەستی داسەپاندنی گوشار بۆسەر کۆماری ئیسلامی و بەلاڕێدابردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، سەرەتا بە هێنانە مەیدانی ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی، تەبلیغاتێکی بەرینیان خستە ڕێ. بەڵام بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری لە ناوخۆی ئێران بەهۆی ڕەسەنبوونی، دەستبەجێ هاوپەیمانیی دڵخوازی ئەوانی کە پێکهاتبوون لە سەڵتەنەتخوازن، مەشروتەخوازان و ناسیۆنالیستەکان، بەرەوڕووی شکست کردەوە.

بەدوای شکستی سەرشۆڕانەی ئەم هاوپەیمانییە و لە بارودۆخێکدا کە پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە جمهوریی ئیسلامیی لە هەموو لایەکەوە خستبووە ژێر گوشارەوە، ڕژیم بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرمایەداری، ڕێگای سازان و پاشەکشەکردن لە سیاسەتی ناوچەیی و هەستەیی گرتەبەر. خامنەیی و ڕێبەریی سپای پاسداران ئەمجارەشیان بە گرتنەبەری “نەرمشی قارەمانانە” سەرەتا لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات، میسر، بەحرەین و باقیی دەوڵەتانی ناوچەکە پەیوەندیان بەرقەرار کرد. واتە ئەو دەوڵەتانەی کە ساڵەها لەلایەن خومەینی و خامنەییەوە، “حکوومەتی نەنگینی وەهابیی ئالی سعوود، کافر و داگیرکەری مەکە، خزمەتگوزاری ئیسرائیل و ئەمریکا و شەیتانی گەورە” پێناسە دەکران. لەئێستادا ڕژیم نەتەنیا ناچار بووە پەیوەندی دیپلۆماتیکیان لەگەڵ بەرقەرار بکات، بەڵکوو ڕەئیسی قاتڵ زمانلووسانە ڕایدەگەیەنێت کە: “ئێمە هەرگیر لەگەڵ عەرەبستان دوژمن نەبووین”. ئەمجارەشیان ڕژیم بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەدوای شکستی سیاسەتەکانی، بۆ پێکهێنانی فەزای ترس و وەحشیەت دەستی کرد بە پەرەپێدانی ئێعدام و میلیتاریزەکردنی زیاتری شارەکان. لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی تری سەرمایەداری بەئامانجی ڕێگریکردن لە زەبوونی و شکستی زیارتری کۆماری ئیسلامی، بەخاتری تەسلیمبوون و وەرچەرخانی لە سیاسەتی پڕهەزینەی هەستەیی و مووشەکی و ناوچەیی، ئیقداماتێکیان وەک ئیمتیازدان بە کۆماری ئیسلامی خستووەتە دەستووری کارەوە. چونکە لەم بارودۆخەدا دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری، مانەوەی کۆماری ئیسلامی زیاتر بە قازانج دەبینن تا ڕووخانی لەلایەن بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەوە.

بەشێک لەو ئیمتیازانەی کە لەماوەی دوو سێ مانگی ڕابردوو لەلایەن دەوڵەتانی ئورووپایی و بە ڕەزایەتی ئەمریکا بەخاتری تسلیمبوونی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە مەرجەکانیان دراوە، بەم شێوەیە. مانگی گوڵانی ڕابردوو سەرۆکی “شۆرای مافی مرۆڤ”ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کردەوەیەکی بێشەرمانەدا نوێنەری کۆماری ئیسلامیی وەک سەرۆکی “کۆڕی کۆمەڵایەتیی شۆرای مافی مرۆڤ” دیاریکرد. ڕژیمێک کە بەپێی بەڵگە و ڕاپۆرتەکانی جاوید ڕەحمان نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەت لەماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا زۆرترین پێشێلکاریی مافی مرۆڤی لەئاستی جیهاندا تۆمار کردووە. ئەم کردەوەیە دووڕوویی و فریوکاریی دەوڵەت و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی زیاتر ئاشکرا کردووە. لە کردەوەیەکی تردا دەوڵەتی بێلژیک، مانگی ڕابردوو وەک ئیمتیاز بە کۆماری ئیسلامی “ئەسەدوڵڵا ئەسەدی” دیپلۆمات – تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی، کە بەتاوانی ئیقدامی تیرۆریستی لەکاتی ئەنجامدانی تاوان دەستبەسەرکرابوو و لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەوە بە ٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو، لەژێرناوی “گۆڕینەوەی زیندانیان” ئازاد کرد. ئەمانە و ئازادکردنی بەشێک لە پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە کۆرەی باشوور و عێراق، ئەو ئیمتیازاتەن کە لە وتووێژی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکادا بەدەست هاتوون.

هێرشی جەنایەتکارانەی سەدان پۆلیسی ئاڵبانی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی مانگی جۆزەردان بۆسەر کەمپی سازمانی موجاهدینی خەلق لە شاری “دورس”ی ئەم وڵاتە، کە بوو بەهۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی زیاتر لە سەد کەس لە ئەندامانی ئەم سازمانە، ئیمتیازێکی دیکە بوو بە کۆماری ئیسلامی لەم پێوەندەدا. لە کاردانەوە بەم کردەوە دژەئینسانییەی پۆلیسی ئاڵبانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بێشەرمانە ڕایگەیاند کە ئەم کارە “مافی دەوڵەتی ئاڵبانییە بۆ لێکۆڵینەوە” و بەمجۆرە پشتیوانیی لێکرد. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە سازمانی موجاهدین بەپێی ڕێکەوتنی نێوان ئەمریکا و ئاڵبانی لەساڵی ١٣٩٥ لەوڵاتی ئاڵبانی جێگیر کران. هەروەها هاوکات لەگەڵ هێرشی وەحشیانەی پۆلیسی ئاڵبانی بۆسەر کەمپی سازمانی موجاهدین، دەوڵەتی فەڕانسەش لە کردەوەیەکی کەم وێنەدا، لە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی ئەم سازمانە لە پاریس لە ڕۆژی یەکی مانگی ژوئیە دژبە کۆماری ئیسلامی ڕێگریی کرد. ئەم کردەوانە لە لایەن دەوڵەتی فەڕانسە کە گۆیا “سەرچاوەی ئازادی و دیموکراسی”یە، نموونەیەکی دیکەیە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتانی ئورووپاییەوە. ئیقداماتی بێشەرمانە دژبە سازمانی موجاهدین کە بەخواستی ڕژیمی جەنایەتکاری جمهوری ئیسلامی و بەهۆکاری سازان و موعامەلەی ئەمریکا و باقیی دەوڵەتانی ئورووپایی ئەنجام دەدرێ پێویستە مەحکووم بکرێت. دانی ئەم ئیمتیازاتە بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە تیرۆریزم و بارمتەگیرتن لە دەرەوەی وڵات و سەرکوت و ئێعدام لە ناوخۆی کردووەتە ئامرازی سەرەکیی مانەوەی دەسەڵات، ڕژیم بەرەو ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستیی زیاتر هان دەدات. تەنانەت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەم پێوەندەدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لەئاست ئەم کردەوە دژەئینسانیە بەرانبەر بە سازمانی موجاهدین، بە هەڕشەی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لە دەرەوەی وڵات، سازمانی موجاهدینی وەک مەترسی بۆ ئەمنیەتی ئەم وڵاتانە پێناسە کرد.

بەڵام سازانی ئەمریکا و غەرب لەگەڵ جمهوریی ئیسلامی کە لەڕاستای بەرژوەندیاندا ئەنجام دەدرێت ناتوانێ ڕژیم لە ڕووخانی حەتمیی دەرباز بکات. چونکە کۆماری ئیسلامی ساڵەهایە لەگەڵ قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوویە و نەیتوانیوە وڵامی پێداویستی و داخوازیی کرێکاران و حەماوەری زەحمەتکێش و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بداتەوە. هۆکاری قەیرانی قووڵی ئابووریی ڕژیمی ئیسلامی، تەنها تەحریم و بلۆکەکردانی پارە نییە کە بە ئازادکردنی و تەنانەت بە فرۆشتنی نەوت چارەسەر بکرێت. کۆماری ئیسلامی لە سەردەمێکدا کە هیچ تەحریمێکی لەسەر نەبوو و نەوتیشی دەفرۆشت، لە قەیرانی پێکهاتەیی ئابووریدا گرفتار بوو. ئەم ڕژیمە لە هەموو بارودۆخێکدا چەوسانەوە و هەژاری و فەلاکەتی بەسەر ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا سەپاندووە. بێگومان تەمەنی ئەم ڕژیمە وەرشکستەیە کۆتایی هاتووە و دەبێ بڕوات. هەوڵی ئەمریکا و غەرب و سەرکوت و کوشتار لەناوخۆی ئێرانیش ناتوانێ مانعی پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بێت لەپێناو ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co