سامان قادرپوور لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی شاری تاران دەستبەسەرکرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و بەهۆی ئازاری سەختەوە ڕۆژی شەممە، ٧ی خەزەڵوەر گیانی لەدەستدا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی دووشەممە ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە بنەماڵەی قادرپووریان ڕاگەیاندووە کە بۆ ناسینەوەی تەرمی کوڕەکەیان بڕۆن بۆ شاری تاران. مامی سامان دوای ڕۆیشتنی بۆ ساردخانەی بەهەشتی زارای ئەو شارە، تەرمی ناوبراوی ناسیوەتەوە.
ئەم سەرچاوە ڕاگەیاند: “ناوەندە ئەمنییەکان بە مامی سامانیان وتووە کە برازاکەت بەهۆی جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە، بەڵام مامی جەختی کردووەتەوە کە دەموچاوی سامان بەهۆی ئەشکەنجەوە شین بووەتەوە ئاسەواری برین و ئەشکەنجە پێوەی دیاربووە”.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند لەو کاتەدا کە تەرمی سامان لە ساردخانەی بەهەشتی زارای تاران ڕاگیرابوو، ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی قادرپووریان ڕاگەیاندووە کە دەبێت ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی سامان قادرپوور بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ بەڕێوەبچێت و هیچ کەسێک تەنانەت دایکیشی مافی بینینی تەرمی کورەکەی نییە”.