ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی دوو کەس لە گیانبەختکردووانی ڕاپەرینی ڕۆژی ڕابردووی شاری جوانڕۆ، لە ناو ئاپۆرای هەزاران کەسی لە خەڵکی جوانڕۆ و شار و گوندەکانی دەوروبەری، هێزەکانی ڕژیم خەڵکیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە.
لە ئەنجامی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران ڕووبە خەڵک، لانیکەم پێنج هاووڵاتی بە ناوەکانی ئیسماعیل گوڵ عەنبەر، مەسعوود تەیموری، تەحسین میری، جەوهەر فەتاحی و جەماڵ ئەعزەمی گیانیان بەخت کرد.
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی کە بەدەستمان گەیشتووە، هێزەکانی سپای پاسداران بۆ سەرکوتی خەڵک، چەکی کڵاشینکۆف، ژێ ٣ و چەکی نیوە قورسیان بەکارهێناوە.
شایانی باسە کە زیاتر لە ١٠٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە برینداربوون، کە بارودۆخی ژمارەیەکیان ناجێگیر ڕاگەیندراوە. ژمارەیەکی ترلە بریندارەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراون و بارودۆخی تەندروستیان کەوتووەتە مەترسییەوە. بەوتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، هێزێکی سەدان کەسی سپای پاسداران ڕێگاکانی چوونە ناو جوانڕۆیان گەمارۆ داوە و ڕێگری لە هەر چەشنە هاتووچۆیەک بۆ ناو شار دەکەن.
هەروەها، ئێوارەی دووشەممە، هێزەکانی سپای پاسداران لە سێ ڕێیانی قازانچی هەڵکەوتوو لە نێوان شارەکانی کرماشان و ڕوانسەر ئۆتۆمبێلی هەڵگری ئەو خوێنانەی کە لە بانکی خوێنی کرماشانەوە بەرەو جوانڕۆ لە ڕێگادابووە داوەتە بەر دەستڕێژ و ڕێگریان لە گواستنەوەی خوێن بۆ نەخۆشخانەی جوانڕۆ کردووە.
پێویستە بوترێ کە سپای پاسداران بە دزینی کەلوپەل و پێداویستییەکانی وەرگرتنی خوێن لە نەخۆشخانەی حەزرەت ڕەسووڵ، ڕێگرییان لە خوێن بەخشینی هاووڵاتییانی جوانڕۆ گرتووە.