هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەردەشت تەنیا سێ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی، لە بەندیخانەی ئەو شارە و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست دا. ناوبراو حەوتەمین بەندکراوی کوردە کە لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە.
ڕۆژی شەممە، ٢٠ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی کەیوان دێهقان و تەمەن ٤٦ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی هیزە ئەمنییەکانی بەندیخانەدا گیانی لەدەست دا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەرمی ئەو بەندکراوە کوژراوە پاش ئەوەی کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە سەردخانەی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت و پزیشکی دادی شاری ورمێ ڕاگیراوە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و ئێوارەی هەمان ڕۆژ (دووشەممە) ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردن و پرسەکەی لە شاری سەردەشت بەڕێوە چوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەیوان دێهقان ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی شاری سەردەشت گواستراوەتەوە. هێشتا زانیاریی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دانراوە پاڵی، لە بەردەستدا نییە.