فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گیانلەدەستدانی دوو کرێکار بەهۆی نەبوونی ئەمنیەتی کاری
پێنجشەممە ۰۴-۰۸-۱۴۰۲   |  26-10-2023

دوو کرێکاری بیناسازی بە ناوەکانی خەلیل ئاتەشفەراز، خەڵکی شاری پیرانشار و جەماڵ مەولوودی خەڵکی شاری بانە و ئەندامی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی ئەو شارە، بەهۆی نەبوونی ئەمنیەتی کاری لە شوێنی کارەکانیان و ڕووداوی کار، گیانیان لەدەست دا.
ڕۆژی سێشەممە، ٢ی خەزەڵوەر، خەلیل ئاتەشفەراز، کرێکاری خەڵکی شاری پیرانشار، لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەکی نیوەکارە کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەست داوە.
ڕۆژێک پێشتریش، واتە ڕۆژی دووشەممە، ١ی خەزەڵوەر، کرێکاری دیکە بە ناوی جەماڵ مەولوودی و خەڵکی شاری بانە، دوای ئەوەی یەک مانگ لەژێر چاودێریی پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی شاری تەورێز بووە، گیانی لەدەست داوە. ئەم کرێکارە پێشتر لە کاتی کارکردن بە سانابەری (بالابر) کەرەستەی بیناسازی تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو و بەسەختی بریندار بووە.
شایانی باسە کە زۆرترین ڕێژەی ڕووداوی کار و گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوی کار لە ئێراندا لەنێو کرێکارانی بیناسازییە کە لەو نێوانەشدا کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی و لەسەر داربەند یان بەهۆی پێکەوتنی کەرەستەی سەخت زۆرترین قوربانی لەنێو ئەو کرێکارانەدا کەوتووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە نەبوونی سەندیکا و ڕێکخراوە سەربەخۆکان و هەروەها نەبوونی یاسایەکی ڕێکوپێکی گونجاو کە هەموو خاوەن کارەکان پابەندی بن و ڕەچاوکردنی ئەمنییەتی کار و تەندروستیی کارێکاران لە بەرچاو بگیردرێت، گرنگترین هۆکاری هێنانە ئارای ئەم بارودخەن.