ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی بەفرانبار، مەنسوور سەلامەت، خەڵکی گوندی “پەسان”ی سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، لە دەستبەسەرگەی “نۆ پلە”ی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم لەو شارە و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکانی ئەو دەستبەسەرگەیەدا گیانی لەدەست داوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی سەلامەت؛ ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی “هەڵگرتنی چەکی ڕاوکردن” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی دڕندانەی ئەو هێزانەدا تووشی جەڵتەی دڵ بووە و گیانی لەدەست داوە.
ناوەندە ئەمنییەکان ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بنەماڵەی مەنسوور سەلامەتیان ئاگادار کردەوە کە کوڕەکەیان بەهۆی گوشار و دڵەڕاوکێی زۆرەوە تووشی جەڵتە بووە و گیانی لەدەست داوە.
تەرمی مەنسوور سەلامەت ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی بەفرانبار لە گوندی لەدایکبوونی خۆی ئەسپەردە دەکرێت.