گیانلەدەستدان و برینداربوونی ٤٠ پەناخواز لە شاری تیخوانا لە مێکزیک
هەینی ۱۳-۰۵-۱۴۰۲   |  04-08-2023
پۆلیسی مێکزیک ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی گەلاوێژ ڕایگەیاند، لە ڕووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک شاری تیخوانا، ١٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٢ کەسی دیکەش برینداربوون.
بە گوێرەی میدیاکانی مێکزیک رووداوەکە کاتێک روویداوە، کە شۆفێری پاسەکە بەهۆی ماندوێتیییەوە خەوی لێکەوتووە و بەهۆیەوە پاسەکە کەوتووەتە ناو دۆڵێکەوە بە قوڵای ٥٠ میترەوە. پۆلیسی مێکزیک باسی لەوەشکردووە، زۆرینەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، پەنابەری نایاسایین و بەرەو سنوورەکانی ئەمەریکا بەڕێوەبوون. هاوکات ئاژانسی ڕوویتێرز لەبارەی ئەو رووداوەوە ڕایگەیاندووە، لەنێو پاسەکەدا ٤٢ سەرنشین هەبوون و بەرەو شاری تیخوانا بەڕێکەوتوون، هەروەها شۆفێری پاسەکەش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.